Accessibility links

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: هەرکەسێک تۆمەتبار بێت بە گەندەڵی بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت


ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی کابینەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی-ئینتەرپوڵ دەکات دەکات، بەمەبەستی دەستگیرکردنیان.

ئەو بەرپرسانەی کابینەکەی مستەفا کازمی کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق داوای دەستگیرکردنیان دەکات، بریتین لە عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی، عەبدولئەمیر جوحی بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، ئەحمەد نەجاتی سکرتێری تایبەتی کازمی و موشریق عەباس راوێژکاری سیاسی کازمی.

محەمەد فازڵ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوتلەی سەروەری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرکەسێک تۆمەتبار بێت بەگەندەڵی بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت، بێ گوێدانە ناوو ناونیشانی."

ڕۆژی 6 ی مانگی 8 ی 2023، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە بارەی دۆسیەی "دزی سەدە"ەوە ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ چوار بەرپرسی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەرکردووە، کە بریتین لە وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگیری، سکرتێری تایبەتی کازمی و بەڕێوەبەری نوسینگەکەی.

"دزی سەدە" بریتی بوو لە دزینی 2.5 ملیار دۆلاری پارەی هەژماری سپاردەی دارایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجی عێراق لە بانکی رافیدەین لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە لە مانگی 8 ی 2022.

محەمەد فازڵ، وتیشی،"دەبێت هەموو تۆمەتبارێک بەگەندەڵی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، لەگەڵ ڕێزم بۆ مستەفا کازمی یان هەر کەسایەتییەکی تر."

بەگوێرەی ناوەڕۆکی نوسراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، بە پێی بڕگەی 11 لە مادەی 444 ی یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی دەرکراوە. مادەکە تایبەتە بە دزیکردن لەدەوڵەت و سزاکەی لە حەوت ساڵ بەندکردن کەمتر نییە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا کەداوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێشمەکێشێکی ڕانەگەیەنراوی بەهێز لە نێوان لایەنە شیعەکان و سەدر لەلایەک، لایەنە شیعەکان و سونەو هەندێک لە لایەنی کوردیش دروستبووە، ئەم کێشمەکێشانە پاڵنەری بڕیارە یاساییەکانن."

سەرچاوەکە دەڵێت،"لایەنە شیعەکان پێیانوایە کازمی لە ڕەوتی سەدرەوە نزیکەو سەدریش خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ نێو ململانێکان، بۆیە لایەنە شیعەکان دەستیان بە جوڵە کردووە."

مستەفا کازمی لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی گرتە دەست، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی ساڵی 2019.

لە سەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی دا، ناکۆکی بە هێز لە نێوان خودی کازمی و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران دروستبوو، تا ئەو ئەندازەیەی هێرشکرایە سەر ماڵەکەی لەناوچەی سەوزی بەغدا.

محەمەد فازڵ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوانییە بڕیاری دەستگیرکردن بە بێ بەڵگە دەربکرێت، دەڵێت،"ئەوەی تاوانبار بێت سزادەدرێت، ئەوەشی لە دادگا بێ تاوانی خۆی سەلماند ئازاد دەکرێت، ئەمە پرسێکی دادوەرییە نەک سیاسی، چونکە بڕیارەکە لە دادگاوە دەرچووە."

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتەکەی، لە ئێستادا عێراقییان بە جێهێشتووە و لە ترسی لێپێچینەوەی یاسایی، ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ عێراق.

فەرمانی دەستگیرکردنی بەرپرسەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی تەنها نییە بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی تری کابینەی محمەد شیاع سودانی و کابینەکانی پێشووشی دەرکردووە.

XS
SM
MD
LG