ڕزگاربووانی ئێزدی گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شنگال ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی هەشت ڕێزیان لە قوربانییەکانی گوندەکەیان گرت. بەڵام نائومێدییان لە هەڵویستی حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
نیگەرانی ئەوان لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم ئەوەیە دەڵێن دەسەڵاتدارانی عێراق نایانەوێت دۆخی شنگال سەقامگیر بێت و پێداویستییەکانی ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکەن تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
لە 15ی مانگی هەشتی 2014، چەکدارانی داعش لە گوندی کۆجۆ لە شنگال سەدان کوڕی گەنج و پیاویان کۆمەڵکوژ کرد سەدان منداڵیان لە دایکیان جیاکردەوە و سەدان کچیشیان ڕفاند.
یەکێک لەو ژنانەی ئەو ڕۆژە لەلایەن داعشەوە دەست درێژی کراوەتە سەر بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند "ئەگەر گوندەکەشیان دروست بکرێتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە چاویان بەرایی ئەوە نەدات بتوانن بە تەنها لەو ماڵەدا بژین لەکاتێکدا زیاتر لە 19 کەسی تێدابووە بەڵام لە لایەن داعشەوە کوژراون و سەر بڕاون.
حەکیمە تەها، کە ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە مانگی حەوت ئەمساڵدا سەردانی گوندەکەی کردووە، دەڵێت، لەو ڕۆژەدا دایک و باوکی و 13 خوشک و براکەی لەلایەن داعشەوە کوژراون و تا ئێستاش چوار لە ئەندامی خێزانەکەی بێسەروشوێنن.
خەڵەف قەرۆ، یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییەکان، قسەکانی حەکیمەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: ناتوانین لە کۆجۆ بژین، لە کاتێکدا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئای ئۆ ئێم بۆ کۆچ و کۆچبەران شوێنێکی بۆ دروستکردنی گوندێکی نوێ بە ناوی کۆجۆ دیاری کردووە، گوندە کۆنەکەش وەک خۆی بۆ مێژوو دەمێنێتەوە و ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بە شێوەیەکی زانستی گۆڕستان و پەیکەرەکانی بیرەوەری گوندەکە دەپارێزێت".
حەیدەر ئەلیاس، سەرۆک و دامەزرێنەری ڕێکخراوی یەزدا، سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوەی شەنگالییەکان ڕایگەیاند: ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی شنگالییەکان نە دۆخی ئاسایشییە و نە نەبوونی خەرجی پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، بەڵکو بەربەستی سیاسییە. لایەنەکانی عێراق نایانەوێت شنگالییەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆیان”.
حەکیمە تەها هەروەها گوتی: داعش ژیانی ئێمەی گۆڕی، بێ ماڵ و حاڵ و بێ کەسوکار ماینەوە، ئەو کەسانەی ئەم تاوانانەیان لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامداوە، دەبێت دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، ئەگەرنا تاوانی دیکە بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجام دەدەن".
یادی نۆ ساڵەی کارەساتی کۆجۆ بابەتی بەرنامەیەکی تایبەتی دەنگی ئەمەریکا بوو. بۆ درێژەی بەرنامەکە کرتە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە