تورکیا و ئێران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر نەیارەکانیان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بێزارییەکی زۆری دانیشتوانی هەرێمی لێکەوتووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کەم هەفتە هەیە هێرشە گومانلێکراوەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕوو نەدات، تورکیا بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتریش هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. حکومەتی تورکیا دەڵێت ئامانجی لەم جموجۆڵە لەشکرییانەی پاراستنی وڵاتەکەیەتی لە "تیرۆریستان ".
ئێرانیش چەندین جار بە موشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران لە ناو خاکی عێراقدا. ئێستاش مەترسی هەیە لە دوای ئەو وادەیەی دایناوە بۆ چەککردنی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن، هێرشی بەرفراوان بکات.
جگە لەم هێرشانەش ئەم دوو وڵاتەی دراوسێی عێراق بەردەوامیش تەنانەت ئەندامانی ئەو لایەنە کوردییانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەکەنە ئامانج.
ئەم دۆخە ناهەموارە کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانە:
بۆچی ئەو هێرشانە بە بەردەوامی لەناو خاکی هەرێم دەکرێن؟
بۆچی تورکیا و ئێران زۆر بە ئاسانی دەستییان دەگات بە نەیارەکانی خۆیان لە ناو هەرێمی کوردستاندا؟
هەڵوێست و هەنگاوی حکومەتی هەرێم و عێراق چی بووە؟
ئەمە بابەتی گفتوگۆی مێزگردێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکایە بە بەشداری بەڕێزان:
- شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
- هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق
- محەمەد ئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی و نووسەر.
تێبینی، هەوڵمان دا کاربەدەستێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بکەینە یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەکە، بەڵام هەوڵەکانمان بێ ئاکام بوون.
تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوەدایە: