Accessibility links

ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان چاوی لە دەنگی کوردە


کێبڕکێ و و تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە لایەن پارتی دەسەڵاتداری تورکیا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیپێکردووە.

محەمەد عەلی کولات، بەرپرسی توێژینەوەی ماک، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی مانگی سێی 2024 هەڵدەسەنگێنێت.

کولات پێیوایە ئەگەری هەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەم هەڵبژاردنانەدا زۆرترین گرنگی بە دەنگدەرانی کورد بدات.

کولات وتی "هەڵبژاردنی ڕابردوو بۆ ئەردۆغان زۆر قورس بوو. دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، بەڕێز ئەردۆغان ھەنگاوی نوێی ناوە بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگدەرانی کورد ڕابکێشێت. ئەم هەنگاوانە پێکهێنانی لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران و هەنگاوی بیرۆکراتی بوون. لێرەدا ئەردۆغان گرنگی دا بەکوردەکان. بەڕای من ئەردۆغان سەرنجی دەنگدەرانی کوردی ڕاکێشا."

سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و سەرۆکی تورکیا، ئەردەغان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە یادی دامەزراندنی پارەتە سیاسییەکەیدا ڕووی دەمی کردە هەموو دەنگدەرانی خۆی لەو شوێنانەی کە لە هەڵبژاردنی 2019دا شکستی تێدا هێنابوو، وەک ئانکەرە و ئەستەنبوڵ، و گوتی " ئێمە ئامانەتەکەمان لە خەڵکە ناکارامەکان وەردەگرینەوە و دەیدەن بەوانەی کە کارامەن."

ئەردۆغان داوای لە لایەنگرانی کردووە دەست بە کارەکان بکەن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

لەلایەنی ئۆپۆزسیۆنیش هەندێک بزووتنەوە دروست بوون. ڕۆژی سێشەممە، ئیکرام ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ، لێدوانێکی سەبارەت بە ئەندامێتی خۆی دا و گوتی " جارێکی تر بۆ بەرگریکردن لە ئەستەنبوڵ دەچمەوە مەیدان. بۆ ئەوەی لە ئەستەنبوڵ سەرکەوتوو بین، پێویستە جارێکی تر کۆببینەوە. پێویستە ناکۆکیەکانمان وەلا نێین و لەسەر ئەمە ڕێکبکەوین. هەرچی لە توانامدا بێت بۆ هاوپەیمانی حزبەکان دەیکەم."

کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپەش ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە بەرژەوەندی تورکیایان دەوێت، کۆببنەوە".

ئیبراهیم ئۆسڵو پسپۆڕی پەیوەندییە سیاسییەکان ئەم پێشهاتانەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوونکردەوە. ئوسڵو دەڵێت، پێدەچێت جارێکی دیکە ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانی دژی حکومەت پێکبهێنێت.

ئەو گوتی "پێموایە ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانییەکی نوێ تاقیدەکاتەوە. هەڵوێستی کەمال کلیچدارئۆغڵو لەم بارەوە دیارە؛ دەیەوێت هاوپەیمانییەکی نوێ پێکبهێنێت. پێدەچێت جەهەپە جارێکی دیکە ئەمە تاقی بکاتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم هاوپەیمانییە چەندە فراوان دەبێت، یان لە چەند شوێنی هەڵبژاردندا دەبێت."

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یان پارتی چەپی سەوز ڕۆڵی سەرەکی لەم هەڵبژاردنانەدا دەبینێت. ئایا هەدەپە لەم هەڵبژاردنانەدا چی دەکات؟

بە گوێرەی داتاکانی هەدەپە، جەماوەرەکەی دژی ئەوەن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بەشداربن. هەر بۆیە بەشێک لە سەرکردەکانی هەدەپە دوای هەڵبژاردنی 14ی پێنج ڕایانگەیاند کە لەگەڵ ئەندامەکانیان بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن.

ئایا دەکرێت هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بێلایەن بمێنێتەوە و بە تەنها بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات یان ڕێگەی سێهەم تاقیبکاتەوە؟

بە گوتەی کولات، ئەگەر هەدەپە بێلایەن بمێنێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی بەهێزتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەردۆغان بە مەبەستی ئەوەی سەربکەوێت لەگەڵ HUDA-PAR و پارتی جارێکی تر پارتی ڕەفا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردەوە. ئەردۆغان نایەوێت ئەم هەڵبژاردنانە بدۆڕێت. بە بۆچوونی من ئەردۆغان هەر ڕێگەیەک پێویست بێت هەوڵی بۆ دەدات."

XS
SM
MD
LG