ژنان دەبێت دەموچاویان دابپۆشن لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان چونکە دەرکەوتنی ڕووخساریان دەبێت هۆی دروستبوونی فیتنە و ئەگەر پیاوان بتوانن دەموچاوی دانە پۆشراوی خانمان لە شوێنە گشتیەکاندا ببینن، ئەوا ژنان بەها لەدەستدەدەن، ئەمە بە گوێرەی وتەبێژی وەزارەتێکی سەرەکی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان.
تالیبان کە لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، لەو کاتەوە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی ژنان لە چوونە نێو زۆربەی شوێنە گشتیەکانەوە، لەوانە بۆ نێو پارکەکان و سەر کار و هەروەها بۆ زانکۆش.
لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئەسۆشیەیتد پرێس رۆژی پێنج شەممە ، مەولەوی موحەمەد سادق عاکێف ، وتەبێژی وەزارەتی تالیبان بۆ کاروباری ڕێگری لە بەدکاری و هاندانی رەوشت جوانی، گوتی، "ئەگەر دەماوچاوی ژنان لە شوێنە گشتیەکاندا بەدەرەوە بێت ، ئەوا شیانی فیتنە و گوناهکردن هەیە. زۆر خراپە ژنان لە هەندێک شوێن ببیندرێن...ژن بەهای خۆی هەیە و ئەو بەهایەش کەم دەبێتەوە کاتێک پیاوان سەیری دەکەن."
مەولەوی موحەمەد سادق عاکێف هەروەها جەختی کردەوە کە زۆربەی پیاوانی ئاینی ئەفغانستان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە ژنان لەدەرەوەی ماڵ ڕووخساریان دابپۆشن.
بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئاینی دەڵێن ئەو بڕیارەی تاڵیبان بۆ داپۆشینی دەمووچاوی ژنان لە دەقە ئیسلامیەکاندا پشگیرییەکی وەهای نییە.
تیم وینتەر، کە مامۆستا و لێکۆڵەر ێکی دەقە ئایینەکانە لە زانکۆی کامبریج، ڕایگەیاندوە لە ئیسلامدا هیچ فەرمانێک لە دەقە سەرەکیەکان سەبارەت بە داپۆشینی دەموچاو بوونی نییە و تاڵیبان لە دەقە پیرۆزەکاندا تەنها پشت بەو دەقانە دەبەستێت کە پشتگیری لە لێکدانەوەکانیان دەکات بۆ رێساکانی باڵاپۆشی.
ناوبراو گوتیشی "ناوەکەیان ئەوە دەردەخات کە ئەوان پسپۆڕی باڵای ئایینی نین. ئاماژەی بەوەشکرد وشەی تاڵیبان بە واتای خوێندکار دێت."
ئەو مامۆستایە گوتی بڕیارەکانی تاڵیبان لەسەر بنەمای ئەو کتێبە دەرسیانەیە کە لە خوێندگەی گوندەکان و قوتابخانە ئاینییەکان بەکاردەهێنرێن. گوتیشی ئەوان زۆر لە کۆمەڵگەی موسڵمانانی ئەمرۆ دابڕاون."
کۆتوبەندەکانی تالیبان لەسەر کچان و ژنان توڕەیی جیهانی لێکەوتوەتەوە ، لەوانە لەلایەن وڵاتانی زۆرینە موسڵمانەوە.
رۆژی چوارشەمەی رابردوو ، گۆردن براون نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان گوتی دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داداگایی ڕابەرانی تالیبان بکات بۆ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی پەیوەست بە بێبەشکردنی کچان و ژنانی ئەفغانی لە دەست گەیشتنیان بە پەروەردە و فێرکاری و کارکردن.
مەولەوی موحەمەد سادق عاکێف ، وتەبێژی وەزارەتی تالیبان بۆ کاروباری بەدکاری و رەوشت جوانی ئەو پرسیارانەی وەڵام نەدایەوە کە سەبارەتن بە قەدەغەکانەوە ، لەوانە کە ئایا دەشێت هیچ لەو کۆتوپێوەندانەی سەر کچان و ژنان هەڵبگیرێن ئەگەر پابەندبوونی جیهانی گشتگیر بە یاساکانی حیجابەوە هەبێت. بەڵام لەوەڵامدا گوتی بەڕیوەبەرایەتی دیکە هەن کە سەروسەودا لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەکەن .
عاکێف گوتیشی وەزارەتەکە لە کارەکانی خۆی رووبەڕوی هیچ کۆسپێک نەبوەتەوە و هاوڵاتیان پشتگیری لە رێکارەکانی وەزارەتەکە دەکەن.
لە درێژەی وتەکەیدا عاکێف گوتی، "هاووڵاتیان لێرە ویستیان شەریعە جێبەجێبکەن . ئێمە شەریعە جێبەجێدەکەین و هەموو فرمانەکان یاسای ئیسلامین و تالیبان هیچی بۆ زیادنەکردوون و لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای تالیبان، چیتر پیاوان وەک جارانی سەردەمی حوکمەتەکەی پێشوو ژنان هەراسان ناکەن و چاویان تێنابڕن."
حوکمەتی تالیبان دەشڵێت "بەدکاریەکانی" مەی نۆشینی لەناوبردووە ئەمە سەرەڕای دیاردەی "منداڵبازی" ، کە پیاوە دەوڵەمەندە ئەفغانیەکان یان دەسەڵاتدارەکان کوڕان بۆ کات بەسەربردن و سەماکردن و چالاکییە سێکسییەکان بەکاردەهێنن.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی لە عاکێف کرا کە ئایا ژنان دەتوانن بچنە نێو پارکەکان، گوتی، "بەڵی دەتوانن بەو مەرجەی پەیڕەوی هەندێ مەرجی تایبەت بکەن ، بەڵام ئەگەر پیاوی لێبێت ئەوا شەریعە رێگە بە چوونی ژنان بۆ پارکەکان نادات."
سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس