Accessibility links

بە نزیکبوونەوەی ساڵیادی ژینا ئەمینی ئێران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان دەستپێدەکات


دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەستیانکردووە بە شەپۆلێکی دیکە لە گوشار و تۆقاندن ودەستگیرکردنی خەڵکی ئاسایی و چالاکوانانی کورد و ئەندامانی خێزانی قوربانییانی دوایین خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران، ئەمە بەگوێرەی چاودێرانی مافی مرۆڤی کورد و ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 23 چالاکوان و هاووڵاتی کورد لە شار و پارێزگا جیاجیاکانی کوردستان لە ئێران دەستگیرکراون.

سەرچاوەکان دەڵێن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی گوشاریان خستوەتە سەر بنەماڵەی قوربانیانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" و دووکاندارانی شارەکانی کوردستان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ناڕەزایەتی و مانگرتن لە ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا.

چاودێران دەڵێن دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیش دەستیپێکردووە و لە پارێزگای گیلان هێزە ئەمنییەکان تا ڕۆژی پێنجشەممە 13 چالاکوانی ژنانیان دەستبەسەر کردووە. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای گیلان ئەو چالاکوانانەی مافەکانی ژنانی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە لەڕێگەی چالاکییەوە لە ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا دژی "ئاسایشی نیشتمانی" هەڵسوکەوتیان کردووە.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی سەرەتای ئەم مانگە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵیادی

خۆپیشاندانەکاندا و ڕایگەیاند کە ئەو ناڕەزایەتیانە "بەهێزترین، مەترسیدارترین، جددیترین و فراوانترین شەڕ بوون لە دژی کۆماری ئیسلامی."

حسێن سەلامی گوتی، "دوژمن بەنیازە لە ساڵیادی ڕووداوەکانی پاییزی ساڵی ڕابردوودا جارێکی دیکە فیتنە دروست بکاتەوە." ئەو "ڕێگریکردنی پێشوەختی" بە چارەسەری دووبارەنەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان دانا.

لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا کە زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە، خۆپیشاندەران دروشمیان لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەرزکردەوە و سیاسەتی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی حکوومەتیان ڕەتکردەوە و بەم هۆشەوە سەدان کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران کوژران.

XS
SM
MD
LG