ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند حیزبەکەی ئێستا تاووتوێی ئەوە دەکات لە مانگی 12ی ئەمساڵ و لەپێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەی خۆی ببەستێت.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر کۆنگرە پێش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەبێت سودی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و کۆمان بکاتەوە. گەر بخرێتە دوای هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبین، ڕەنگە لە کۆنگرە کێشەمان بۆ دروست ببێت."
ئەو وتیشی، "دۆخەکە گونجاوە بۆ کۆنگرە و گۆڕانکارییەکان، چونکە پەیوەندی نێوان هەڤاڵانمان تۆکمە و پتەوە."
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی خستە ڕۆژی 25 ی مانگی دووی 2024. حکومەتی عێراقیش 18ی دوانزەی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکردووە.
یەکێتی لە مانگی 12 ی ساڵی 2019 کۆنگرەی چوارەمی بەست و تێیدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردران. لە ئێستا بارودۆخی نێوخۆیی ئەو حزبە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و سەرکردەکانی دەڵێن سیستەمی هاوسەرۆکی شکستی هێناوە و بافڵ تاڵەبانی بووەتە سەرۆک و لاهور شێخ جەنگی لە حزب دوور خراوەتەوە.
سەعدی پیرە، دەڵێت،" مانگی 12ی ئەمساڵ وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەیە، بەڵام ئەنجام دان و ئەنجام نەدانی لەو وادەیەدا پاڵپشت و دژیشی هەیە، بۆیە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت."
لەکاتێکدا کە وادەی کۆنگرەی 12ی یەکێتی نزیکە، میدیای فەرمی ئەو حزبە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دا بڵاوکردووەتەوە، کە گۆڕانکارییەکان تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی.
بەپێی گۆڕانکارییەکانی نێو پەیڕوی ناوخۆی یەکێتی، دەسەڵاتی دەنگدان لە نێو مەکتەبی سیاسیدا بۆ سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی زیادکراوە کە پێشتر ئەو مافەی نەبووە. هەروەها ژمارەی کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی لە 5 کارگێڕەوە بۆ 7 تا 9 کارگێڕ زیادکراوە.
لە گۆڕانکارییەکانی نێو پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دا، وشەی "هاوسەرۆک" لابراوە و لە جێگەی وشەی "سەرۆک" زیادکراوە.
سەعدی پیرە لە بارەی گۆڕانکارییەکانی نێو پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییەوە دەڵێت، "گۆڕانکارییەکان لە پەیڕەوی ناوخۆ بەشێکن لە بڕیارەکانی کۆنگرەی چوار و ئەوکات تەواو نەکران. هەندێکی تر لە گۆڕانکارییەکان هێڵراوەتەوە بۆ کۆنگرەی پێنج."
ئامادەکاری یەکێتی بۆ کۆنگرەی پێنجەم لەکاتێکدایە، چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو خۆی بە یەکێتی دەزانێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی پێنجدا یەکێتی بەتەواوەتی دەرگا بەڕووی لاهور شێخ جەنگی دابخات.