Accessibility links

بۆچی پێشبڕکێی وڵاتان لە گەیشتن بە باشوری مانگ چڕبۆتەوە


Essential chemical element of life found in ocean of Saturn's icy moon Enceladus
Essential chemical element of life found in ocean of Saturn's icy moon Enceladus

دوای نزیکەی 60 ساڵ لە پێشبڕکێی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە مانگ، ئێستا هەوڵەکان دەستیان پێکردۆتەوە و چەند وڵاتێک سەرنجی زیاتریان خستۆتە سەر جەمسەری باشور.

چاوەڕواندەکرێت دووشەممەی داهاتوو (21/8/2023) کەشتییەکی هیندی بێ سەرنیشین لە خولگەی باشوری مانگ بنیشێتەوە. دوو ڕۆژ دوای ئەمە ڕووسیاش هەمان هەنگاو دەنێت.


هاوکات ئەمەریکا ئامانجیەتی هەتا ساڵی 2025 تەنانەت ئاسمانگەڕانی بنێرێتە سەر مانگ.

زانایان دەڵێن ئەم جەمسەرەی مانگ چاوی لەسەرە لەبەرئەوەی دەکرێت ئاوی بەستووی هەبێت کە دەکرێت بۆ زۆر مەبەست سودی لێ ببیندرێت وەکو گۆڕینی بۆ هەوا بۆ ئاسمانگەڕان و سوتەمەنی بۆ رۆکێتەکان. بەمەش دەشێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی لەسەر مانگ و هەروەها وەک بنکەی هەڵدان بۆ مەریخ و تەنانەت دوورتریش.


بیل نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، "ئەو ناوچەیە ئێجگار زۆر مەترسیدارە بەراورد بە شوێنی یەکەم نیشتنەوەی سەر مانگ لە ساڵی 1969. ئەمە وەک ئەوە نییە کە بینیت لەو شوێنەی (نیڵ ئارمسترۆنگ) و باز (ئەلدرین) دەنیشتنەوە کە لەوێ بەردەوام بەهۆی خۆرەوە ڕووناک بوو، سەرەڕای ئەوەی چەند چاڵێک لێرە و لەوێ بەدیدەکران"

نێڵسن ڕاشیگەیاند، "جەمسەری باشووری مانگ پڕە لە چاڵی قوڵ. هەروەها بەهۆی گۆشەی هاتنە ناوەوەی تیشکی خۆرەوە، زۆربەی ئەو چاڵانە هەموو کات لە تاریکییەکی تەواودان. جا ئەوەش بڕی ئەو ڕووبەرە کەمدەکاتەوە کە لە ڕاستیدا دەتوانرێت لەسەری بنیشیتەوە و بەکاریبهێنیت."

نێڵسن گوتیشی، "ئەگەر بەڕاستی ئاوی زۆر لەوێ بدۆزینەوە، دەتوانرێت ئەوە بۆ تیمەکانی داهاتوو و هەروەها بۆ کەشتییە ئاسمانییەکان بەکاربهێنرێت ."

ئاژانسی واڵایی ئەمەریکا، ناسا، ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر رووی مانگ بە ئارتمیس دوو. لە ساڵی داهاتوودا ئاسمانگەڕان بە دەوری مانگدا دەسوڕێنەوە بەر لە نیشتنەوەی پلان بۆ داڕێژراوی ساڵی 2025 .

نێڵسن هیوای سەرکەوتنی بۆ ڕووسیا لە ئەرکەکەیدا خواست ، ئاماژەی بەوەشکرد کاتێک باس لە گەشتکردن بۆ بۆشایی ئاسمان دەکرێت هەردوو وڵات مێژوویەکی دوور و درێژی هاوکارییان هەیە .

رووسیا هەفتەی رابردوو یەکەم کەشتی ئاسمانی لەماوەی 47 ساڵدا بە ئاراستەی نیشتنەوەی لەسەر رووی مانگ هەڵدا.

لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەکانی وڵاتان، ئەمەریکا پەلە دەکات کە ببێتە یەکەم وڵات و هەتا ساڵی 2025 ئاسمانگەڕان بگەێنێتە جەمسەری باشووری مانگ . چینیش پلانی هەیە بەر لە کۆتایی ئەم دەیەیە بگاتە جەمسەری باشور.

بەڕێوەبەری ناسا ڕایگەیاند ئەو نیگەرانی هەیە لەوەی چین هەوڵی خاوەندارێتی ئەو بەشەی مانگ بدات ئەگەر پێش ئەمەریکا بگاتە ئەو شوێنە.

ئەم نیگەرانیە لە کاتێکدایە چین ئەندام نییە لە لە رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ هاوبەشکردن لە سەرچاوەکانی واڵایی .

نیڵسن گوتی" پێموایە پێشبڕکێی واڵایی لە نێوان ئەمەریکا و چینە و ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین."

XS
SM
MD
LG