سامان یاسین، ئاوازدانەری بەندکراوی کورد کە سزای لەسێدارەدانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە، لە نامەیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیی و دەرونییدایە و هاوکات داوای دادگاییکردنی بە ئاشکراش دەکات.
لە لێدوانێکی تۆمارکراودا کە لە سەر ماڵپەڕی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکادا بڵاو بووەتەوە دەڵێت، "بە تاوانێک کە خۆشم نازانم چییە، بەندکراوم."
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات دادوەری دۆسێکەی ڕێگەی پێنادات هیچ پارێزەرێک هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی لانی کەم دۆسێکەی بخوێنێتەوە و دەڵێت " پێویستە ڕێگە بدرێت پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەو دادگاییکردنەدا ئامادە بن و داواکاریی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە زووترین کاتدا بە نووسراو بۆ دادوەر سەڵواتی و بەرپرسان و دادگا بنێرن".
ئەو هونەرمەندە کوردە جەخت لە بێتاوانی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت چوار ئاوازی خوێندوە کە سەبارەت بە "دۆخی ئەو بێدەرەتانانەیە کە لە سەر شەقامەکانن."
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسین لە نامەکەدا ڕوونی کردۆتەوە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیی و ڕەوانی دا بووە و بە زۆری دەرمانیان دەرخوارد داوە و دەرزییان لێداوە و ئەوەش بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ بووە.
ئەو بەندکراوە، چەند ڕۆژێک پێش نووسینی ئەو نامەیە، بۆ بە بەندیخانەی ئێوین (اوین) گوازراوەتەوە.
سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کوردێکی خەڵکی کرماشانەو هونەرمەندی ڕاپە. ئەو لە 2 ی مانگی 10 لە میانەی خۆپیشانانە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کرا. سەرەتا برایە زیندانی ئێوین. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی نێو ئێران ئەو لە 29 ی مانگی 11 پاش ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئێران لە دوای چین لە پلەی دووهەمدایە لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و لە ساڵی 2021دا بەلانیکەم 314 کەس لە سێدارە دراون.