کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ 2023/8/21 گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لە دژی سزادانی شێروان شێروانی و ئازاد نەکردنی گوهدار زێباری. ئەو چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانە دەڵێن کەیسی "گیراوانی بادینان" نمونەیەکە لە دەستێوەردانی سیاسی لە کاروبارەکانی دادگا و خراپ بەکارهێنانی یاسا بۆسزادانی ڕۆژنامەونوسان و بیکردنەوەی جیاواز.
هادی حەمەڕەشید وەک نوێنەری ڕۆژنامەنوسان و چالاکوان لەبەردەم داگای هەڵەبجە بەینامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، " لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی چاکسازی و فراوانکردنی پانتای ئازادی ڕادەربڕین، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕاو ڕۆژنامەگەری و کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا کە کۆڵەکەی هەر سیستەمێکی دیموکراسین بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە پاشەکشەی یەکجار گەورە کردووە و چیتر قبوڵ ناکرێت. سزادانی شێروان شێروانی و ئازاد نەکردنی گوهدار زێباری نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان بەجۆرێک دەستوەردانی سیاسی بەڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان شێروان و گودار زێباریە. "
بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە دەستێوەردانی سیاسی لە کەیسەکەدا هەبێت.
نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەى بەڕێوەچوونى دادگاییکردنی هەریەک لە شێروان شێراوانی و گوهدار زێباری لە دادگاى تاوانى سێى هەولێرلە 23-7-2023 ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، " بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەست و خەتی شێروان شێروانی نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی گوهدار محەمەد ئەمین کردوو،ە واتە نووسراوی ئاسایی تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە، کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگایی کردنیش سەلمێندراوە، و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت."
لە سەروبەندی دەستگیرکردن و دادگایی کردنی ڕۆژنامەوانان، هەریەک لە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی بێسنور و باڵیوزخانە و کونسوڵگەری ووڵاتان ئیدانەی دەستگیرکردن و شێوازی وتەلێوەرگتن و فشارخستنە سەر دەستگیراوەکانیان کرد.
یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەڵەبجە، سەروەرت محەمەد، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەو دادگاییە کە داگایی شێروان شێروانی وهاوڕێکانی پێکراوە دادگایەکی سیاسی بووە و داوای پێداچوونەوەی خێرا بە دۆسیەی گیراوانی بادینان دەکەین."
ڕەنگین سەلام ڕۆژنامەنوسێکی دیکەیە و بەشداری گردبوونەوەکە بوو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " دەستگرکردنی ڕۆژنامەنوس لە هەر وڵاتێکدا پرسی ئازادی ڕۆژنامەوانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆ پەیاممان ئەوەیە کە پێویستە دادگاکان سەربەخۆبن و پێویستە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو بانگەشانەی کە بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەیکات ڕاستگۆبێت."
لە 22ی مانگی 10 ساڵی 2020 ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەڤەری بادینان بەتۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و سزای زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێنرا. سەرەڕای ئەوەی کە یاساناسان و وڵاتان چاودێری دادگاییەکەیان کرد و چەندین جار مانگرتیان لە زیندان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر سزاکانیان لە ڕێگەی کەیسی دیگەوە درێژکرایەوە.