Accessibility links

مەبەست لە دیدار و ڕاوێژی نێوان وەزیرانی عێراق و تورکیا چییە؟


هاوکاتی گەشتەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەنکەرە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەشتی بەغدای کرد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا کۆبوویەوە.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 22ی مانگی هەشت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای گفتوگۆی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی، رایگەیاند "ئەمە یەکەمین سەردانی هاکان فیدانە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان چەند پرسێکی گرنگمان تاوتوێکرد و سەرجەم پرسەکان بۆ عێراق و تورکیاش گرنگن."

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی لەگەڵ هاوتا تورکەکەیدا باسیان لە دۆسیەی نەوت و کێشەکانی دیکە کردوە و هیوای خواست بەزوویی بگەنە چارەسەرییەک بۆ کێشەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەردانەکەی فیدان ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کە پلانی بۆ دانراوە و پێشبینیش دەکرێت بەر لە سەردانەکەی ئەردۆغان هەندێک لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا بێتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بە ماڵپەڕی بەغدادی ئەمڕۆی ڕایگەیاندوە "جگە لە دۆسیەی ئاو و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، فیدان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەمنی پەیوەست بە سنوورە هاوبەشەکان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یش دەکات."

چاودێران دەڵێن پێدەچێت دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بیرەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە یەکێک لەو بابەتانەی تربێت کە لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن هاوتا عێراقیەکەی، بڕیارە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرک وەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشدا کۆببێتەوە.

فیدان هەروەها رۆژی پێنجشەممە بڕیارە بڕواتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەجیا کۆببێتەوە.

هاوکات حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی سێشەممە لە تورکیا لەگەڵ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپ ئەرسلان بایراکتار کۆبوویەوە و گفتوگۆی کرد.

بەپێی هەواڵە نێوخۆییەکانی تورکیا و عێراق، هەردوو وڵات پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان لە بواری نەوت و وزەدا کردووە و هەروەها ڕێگاکانی پتەوکردنی هاوکاری هاوبەشیان تاوتوێ کردووە.

بەڵام دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەی وەزیرەکان لە ئەنکەرە ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆیتەرزیان ڕایانگەیاند کە وەزیری نەوتی عێراق و هاوتا تورکەکەی ڕێنەکەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تەنها ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پرسە لە داهاتوودا.

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە نزیکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند و گوتی "وەزارەتی وزەی تورکیا مانگی ڕابردوو کۆمپانیای سۆمۆی(SOMO ) عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ پشکنینی توانای تەکنیکی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت دوای بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە کە بوو بە هۆی وێرانییەکی زۆر لە وڵاتەکەدا.

حکومەتی عێراق کۆمپانیای سۆمۆ بە تەنها کۆمپانیای سەر بە دەوڵەتی عێراق ناو دەبات کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەیە لەرێگەی تێرمیناڵی نەوتی جەیهانەوە.


بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئاگاداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە بووە بە رۆیتەرزی گوتووە "ئاسان نییە بەم زووانە بگەینە ڕێککەوتن و کێشەی زۆرمان هەیە، تورکیا داواکاری و مەرجی هەیە کە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت بدرێت".

عێراق لە ساڵی 2014 لەسەر ڕۆڵی تورکیا لە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، داوای ناوبژیوانی لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کرد.

تورکیا لە 25ی مانگی سێ و دوای ئەوەی بە بڕیاری ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) لەسەر ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بۆ بەغدا سزا درا و لەو کاتەوە تورکیا ڕۆیشتنی نەوتی هەریمی کوردستانی ڕاگرتوە.

شایانی باسە کە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممە، 21ی مانگی هەشت گەیشتە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسگەلێکی جۆراوجۆر، لەوانە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

XS
SM
MD
LG