لە چاوپێکەوتنێکی 22-خولەکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، مهحمود محهمهد، وتهبێژى پارتى دیموكراتى كوردستان، یەکێتی بەوە تۆمەتباردەکات کە گوایە دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم توشی کێشە بکات.
مهحمود محهمهد ڕایگەیاند، "پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی هەم باشە هەم خراپە. دەبێت بەیەکەوە کار بکەین وە هەوڵنەدەین لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقەوە کێشە بۆ یەکتری دروستکەین، کە ماوەیەکە بە داخەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە دەکات."
هەروەها دەڵێت ئەو کێشانەی یەکێتی گوایە دروستیاندەکات "خۆزگە تەنها بۆ پارتی بوایە. کێشەکانی کە دروستدەکرێت لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت....ئێمە ئەگەر کێشەیەکیشمان لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی دروستکردبێت، کێشەی بەینی ئێمە و یەکێتییە. بەڵام ئەو کێشانەی ئەوان لە ڕێگەی بەغداوە دروستیدەکەن، کێشەیە بۆ کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان و بۆ ئیدارە و قەوارەی هەرێمی کوردستان."
وتهبێژى پارتى گوتیشی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەشێکی پەیوەندی بە جیاوازی ئایدیۆلۆژی و بیرۆڕای جیاواز هەیە. سەرەڕای جیاوازیەکان، دەڵێت، "ئێمە حزبە کوردستانیەکان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانن لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتیمانی، دەبێت بەیەکەوە هاوکات بین وە لەسەر ئەوە پێشبڕکێمان نەبێت."
"پارتی دوو بەشە"
وتەکانی مهحمود محهمهد لە کاتێکدان بەرپرسانی یەکێتی بەردەوام پارتی بەوە تۆمەتباردەکەن گوایە تاکلایەنانە بڕیاردەدات و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی بەکارهێناوە بۆ "گۆشەگیرکردنی" سلێمانی و ناوچەکانی تری "دەڤەری سەوز."
شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند هۆکاری کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی ئێستا ئەوەیە گوایە پارتی لە ناوخۆی دوو "بەش و ئاراستەن" و بەشێکیان هەوڵی تێکدانی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ یەکێتیدا دەدەن.
شاڵاو عەلی عەسکەری وتی، "کێشەی ئێمە لەگەڵ پارتی کێشەیەکی دێژخایەنە. و بە ڕاستیش تێیانناگەین. پارتی دووبەش و دوو ئاراستەی زۆر لەیەکتر جیاوازن. لەوانەیە لەسەر یەکێتی هەردوو جەماعەتەکە هاوڕابن. بەڵام کە ئەگاتە سەر قەزیەی کورد هەندێکیان زۆر کورتترن لە هەندێکیان. هەندێکیان زۆر بە تەسک بینی و پارتی بینی بیردەکەنەوە."
کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی لەناو پارتی "ئاراستەیەک" هەیە کە هەوڵدەدات کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەرنەگرن و وتی، "زۆر جار لە کۆبوونەوەکان، لە ناوەڕاستدا ڕووداوێک ڕوودەدات کە وەک کوردەواری دەڵێت ڕیسەکەمان لێ دەکاتەوە بە خوری."
بەڵام وتەبێژی پارتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە لە ناوحزبەکەی دابەشبوون هەبێت و دەڵێت پارتی ڕای جیاوازی تێدا هەیە بەڵام "یەک ئاراستەیە و یەک بەشە."
بە ئاماژەکردن بە ڕووداوەکانی ساڵی 1964 و 1979، مهحمود محهمهد بە دەنگی ئەمەریکای گوت، پارتی لە ناوخۆی کێشە و دووبەرەکی قبوڵناکات "بۆیە فڕێی دەداتە دەرەوە."