Accessibility links

ژمارەی ئەو منداڵە ئەمەریکاییانەی لە ساڵی 2021 بەهۆی چەکەوە گیانیان لە دەستداوە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات


بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ پزیشکی منداڵان بڵاویکردووەتەوە، گیان لەدەستدانی منداڵان بەهۆی چەکەوە لە ئەمەریکا لە ئاستێکی پێوانەییدایە.

توێژینەوەکە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان، کە ڕۆژی دووشەممە لە گۆڤاری AAP’s Pediatrics بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە لە ساڵی 2021دا، 4752 منداڵ بەهۆی چەکەوە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا ژمارەی ئەو منداڵانە 4368 منداڵ و لە ساڵی 2019ش 3390 منداڵ بووە.

توندوتیژی بە چەک هۆکاری یەکەمی گیان لەدەستدانی منداڵانە لە ئەمەریکا لە ساڵی 2020ەوە .

توێژینەوەکە لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە یاسادانەرانی ویلایەتی تێنسی دانیشتنێکی تایبەتیان لەسەر سەلامەتی گشتی ڕێکخست، دوای ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ لە قوتابخانەیەکی ناشڤیل بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن سێ منداڵ و سێ مامۆستا گیانیان لەدەستدا.

ئانی ئەندرۆس، پزیشکی منداڵان لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور و توێژەری خۆپاراستن لە توندوتیژی چەک کە بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا، دەڵێت کاتێک بووم بە پزیشک، “هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە بەم ڕێژە زۆرە منداڵان بەهۆی چەکەوە گیان لەدەست دەدەن".

"بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە لە هەموو نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە سەرانسەری ئەم وڵاتەدا، لە بەشی چاودێری چڕی منداڵان، منداڵ هەن کە بەدەست برینەکانی گولەوە دەناڵێنن."

هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە منداڵانی ڕەشپێست نزیکەی 67%ی لە ڕێژەی گیان لەدەستدان بە چەک پێکدەهێنن، لەکاتێکدا منداڵانی سپیپێست نزیکەی 78%ی گیان لەدەستدان بە چەک پێکدەهێنن.

ئیمان عومەر، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی زانکۆی ڤاندەربیڵت لە شاری ناشڤیل و داکۆکیکار لە ڕێکخراوی خوێندکاران لە دژی توندوتیژی چەک دەڵێت، "ئەنجامەکانی توێژینەوەکە وێرانکەر بوون بەڵام سەرسوڕهێنەر نین".

ئیمان ڕۆژی سێشەممە لەکاتێکدا بەرەو پایتەختی ویلایەتی تێنسی دەڕۆیشت بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانێکدا بکات کە داوای یاسای توندتری دەمانچە دەکەن، گوتی: "دەزانم ساڵانە 128 منداڵ و مێردمنداڵ لە ویلایەتی تێنسی بەهۆی ڕووداوەکانی چەکەوە گیان لەدەست دەدەن".

بیل لی، پارێزگاری ویلایەتی تێنسی کە دوو لەو مامۆستایانەی دەناسی کە لە تەقەکردنەکەی ناشڤیلدا گیانیان لەدەستدا، لە دانیشتنە تایبەتەکەدا داوای لە یاسادانەران کرد ئەو یاسایە بەرەو پێش ببەن کە بە ئاڵای سوور ناسراوە و ئامانجیان ئەوەیە چەک لە دەستی ئەو کەسانە دوور بخەنەوە کە بە هەڕەشە دادەنرێن، لە کاتێکدا لی ڕووبەڕووی بەرهەڵستی هاوڕێ کۆمارییەکانی بووەتەوە کە کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ویلایەتەکە دەکەن.

کۆمارییەکان سەرکۆنەی تەقەکردنە بە کۆمەڵەکان و توندوتیژییەکانی چەک دەکەن بەڵام بەردەوام ڕێگرییان لە یاسای کۆنترۆڵکردنی چەک کردووە و دەڵێن ئەو سنووردارکردنە پێشنیارکراوانە کاریگەری لەسەر ئازادی هاووڵاتیانی پابەند بە یاساوە دەبێت و ناکۆکن لەگەڵ مافی ئەمەریکییەکان بۆ هەڵگرتنی چەک کە لە بەندی دووهەم هەموارکردنەوەی دەستووری ئەمەریکادا هاتووە.

XS
SM
MD
LG