Accessibility links

تیمی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەبێ تیمی پارتی سەردانی بەغدا دەکەن


بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی لیوا ڕوکن بەختیار مەحەمەد سەردانی بەغدایان کرد "بەمەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی وەزارەت" بەبێ بەشداری هیچ بەرپرسێکی ئەو وەزارەتە لە تیمی پارتی.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتی یە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدادمان کردووە." بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پێشمەرگە، کە لە پشکی پارتییە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە هیچ لێدوانێکمان نیە سەبارەت بە سەردانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە."

ماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی گوتویانە لەژێر دەستی پارتی دایە، هیچ ئاماژەیەکی بە سەردانەکە نەکردووە.

لیوا ڕوکن بەختیار مەحەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند، "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئامانجمان چارەسەرکردن و لێک تێگەشتنی زیاترە بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی هەرێم و بەتایبەتیش ناوچە کێشە لەسەرەکان."

وتیشی،"دابین کردنی مووچەی پێشمەرگە یەکێتی ترە لەو تەوەرانە ئامانجی سەردانەکە بووە، چونکە پێشمەرگە لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە بودجەکەی دابین دەکرێت کە بریتین لە داهاتی ناوخۆ و هاوکاری هاوپەیمانان و بەشە بودجەی دابین کراو لە لایەن عێراقەوە."

نیگەرانی ئەمەریکا لە بارودۆخی وەزارەت

ئەمەریکا مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکات، ئەمە جگە لە دابینکردنی چەق و تەقەمەنی و هاوکاری لۆجستی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەو هێزە.

پێشتر هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە و بەرپرسانی بەرپرسانی هەرێمیش وتویانە ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکاریەکەی کردووە گەر ناکۆکیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بن و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە جێبەجێ نەکرێن.

سەرەتای ساڵی 2021، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو 20 ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست. ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمەریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە باڵادەستی حزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.

لیوا ڕوکن بەختیار وتی، "ڕەنگە هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تا چەند ساڵێکی تر بە قۆناغ ڕابگیرێت. ئەمە هاوکاریە و هاوکاریش ساڵێکی تر بێت یاخوود دوو ساڵی تر هەر دەبڕدرێت."

وتیشی،"دەبێت بەدیل بۆ ئەو بودجەیە بدۆزینەوە گەر ئەمەریکا ڕایگرت، جا بەدیلەکە لە ڕێگەی عێراقەوە بێت یاخود هەر ڕێگەیەکی تر، ئەمە ئەرکی حکومەتی هەرێمە."

لە حاڵەتی ڕاگرتنی ئەو 20 ملیۆن دۆلارەی مانگانە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج دەکرێت، ڕەنگە هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵتر ببێتەوە، بەوپێیەی عێراق مانگانە تەنها موچەی 23 هەزار پێشمەرگە خەرج دەکات، لەکاتێکدا ژمارەی مووچەخۆرانی سەر وەزارەتی پێشمەرگە سەرووی 400 هەزار مووچەخۆرە.

لەمبارەیەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت، "مووچەو بودجەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی مووچەو بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندایە، جگە لە بودجەیەکی کەمی سیادی کە بڕیارە لە عێراقەوە خەرج بکرێت."

ئەو وتیشی، "دەبێت پێشمەرگە لە بودجەی سیادی عێراق سودمەند ببێت، بەڵام خەرجکردنی بودجەی سیادی ڕێکاری خۆی هەیە. تا ڕێنماییەکانی بودجەی سیادیمان پێنەگات لەوردەکارییەکەی نازانین. پاشان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە لە گفتووگۆدان و بودجە و مووچەی پێشمەرگە بەشێکە لە پشکی هەرێم."

"ناوچە کێشەلەسەرەکان"

لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە ناوچەیەکی فراوانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان هیچ هێزێکییان تێدا نییە و بەناوچەی بۆشایی ئەمنی ناسراون کە داعش تێیاندا گیرساوەتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە گفتووگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا بەرەدوامە بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزانە پێکنەهێنراون.

وەفدەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەردانی بەغدادی کرد لەگەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری بەرگری، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و دەزگای دژە تیرۆردا کۆبوونەوە. ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند تەوەرێکی تری سەرەکی سەردانە کە گفتووگۆکردن بوو لەبارەی پێکهێنانی لیوای هاوبەش بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان.

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، وتی، "لیژنەیەکی تەکنیکیش لەوەزارەتی پێشمەرگەوە هاتوون تا چۆنیەتی جێبەجێکردنی میکانیزمی گواستنەوە و بەکارهێنان و بەکارخستنی ئەو هێزە هاوبەشە لەگەڵ فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکاندا تاوتوێ بکەن."

بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵی جوڵەکردنی هێزیان لە ناوچەی پردێ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بێ ئاگایی خۆی لە جوڵەکردنی هێز دەربڕی.

لیوا ڕوکن بەختیار، وتی،"جوڵەکردنی هێز لە هەر لایەکەوە پێشمەرگە بێت یان سوپا لەناوچە کێشەلەسەرەکان ، دەبێت بەهەماهەنگی بێت، بەپێچەوانەوە دەبێتە پێشێلکاری."

دوێنێ سێشەمە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و داوای دەرکردنی چەکدارانی پەکەکەی لە شەنگال و ناوچە سنورییەکان کرد.

لەم بارەوە لیوا بەختیار وتی،"هیچ مەسەلەیەکی گرێدراو بە خواستەکانی تورکیا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە باسنەکراوە."

XS
SM
MD
LG