Accessibility links

وتەبێژی کەجەکە: دوێنێ هیچ بەرپرسێکمان لە سلێمانی تیرۆر نەکراوە


هەرچەندە ڕۆژی سێشەممە میدیای تورکیا و بەشێک لە میدیا کوردیەکان بڵاویان کردەوە کە بەپرسێکی پەکەکە لە شاری سلێمانی کوژراوە، بەڵام وتەبێژی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت دوێنێ هیچ ئەندامێکیان لە سلێمانی گیانی لەدەستنەداوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زمانی دەزگای میتی تورکیەوە ڕایگەیاند، لە شاری سلێمانی لە قوڵایی 150 کم لە سنوری عێراق، بەکر کینا کە ناسراوە بە "باوەڕ بۆتان" یان لە "چالاکی خستووە."

بەڵام زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە ڕایگەیاند"هەڤاڵ بۆتان پێش 20 ڕۆژ لە هەرێمی پاراستنی میدیا لەگەڵ هەڤاڵێکی ترمان شەهید بووە."

وتیشی"هەپەگە (هێزی پاراستنی گەل) لە 6ی 8 هەواڵەکەی بە فەرمی ڕاگەیاندووە و دوێنێش هیچ هەڤاڵیکمان شەهید نەبووە."

ئاژانسی ANF بەشی سۆرانی 10/8/2023 هەواڵی گیان لەدەستدانی هەریەکە لە بەکر کینا (باوەڕ بۆتان) و ڕێزان گونگەن (ڕێزان بۆتان) ی بڵاو کردبۆوەو ڕایگەیاندبوو"لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ڕێزان و باوەڕ شەهیدبوون."

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی ئەنادۆڵ، بەکر کینا لە ساڵی 2019وە پەیوەندی کردووە بە پارتی کرێکارانی کوردستان و دەڵێت, "کینا مەشقی چڕی بینیوە لەسەر چەکی کورت و دوور مەودا. ویستراوە بەڕێگەی قاچاغ بنێردرێتە تورکیا، بە مەبەستی کوشتنی ئەندامانی سوپا."

بەڵام زاگرۆس هیوا ڕاگەیاند"ئەوان لە تێکۆشانی ئازادیدا بوون، ڕۆڵەی هێژای گەلەکەمانن. تۆڵەی شەهیدبوونیان دەکەینەوە و ئامانجەکانیان سەردەخەین."

بە پێی بڵاوکراوەکەی ANF بەکر کینا خەڵکی ئیستەنبوڵە و ڕێزان گونگەن خەڵكی شەرناخە. لە 6/8/2023 لە ئەنجامی هێرشی تورکیا لە هەرێمی پاراستنی مەدیا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG