شەوی چوارشەممە یەکەم مشتومڕی ڕووبەرووی بەربژێرە کۆمارییەکان بۆ کاندیدی سەرەکی حزبەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 لە میلواکی ویلایەتی ویسکانسن بەڕێوە چوو.
هەموو کاندیدە کۆمارییەکان بێجگە لە دانۆڵد ترامپ کە لە پێشەنگی ڕاپرسییەکاندایە بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی، لە سەر سەکۆ ئامادە بوون و مشتومڕیان لەسەر چەندین پرسی سەرەکی نێوخۆیی و دەرەوەیی کرد و بیروڕا جیاوازەکانی خۆیان لەسەر ئەو بابەتانەی بەلای دەنگدەرە کۆمارییەکانەوە گرنگە خستە ڕوو.
بەشداربوانی مشتومڕەکە بریتیبوون لە:
ڕان دیسانتس، فەرمانڕەوای فلۆریدا
دەگ بەرگەم، فەرمانڕەوای دەکۆتای باکوور
کرس کرستی، فەرمانڕەوای پێشووی نیوجێرسی
نیکی هەیلی، نوێنەری پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەیسا هاچنسن، فەرمانڕەوای پێشووی ئارکەنسا
ڤیڤێک ڕاماسوامی، کاردار
سیناتۆر تیم سکات، نوێنەری کارۆلاینای باشوور.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆلد ترامپ کە بە پێی ڕاوەرگرتنە گشتییەکان لە پێشەنگی کۆمارییەکاندایە بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکایەتی، لە دیبەیتەکەدا بەشداری نەکردبوو، بەڵام پێش دیبەیتەکە وتووێژێکی لەگەڵ تەکەر کاریسۆنی کەنالێ فۆکسدا کردبوو کە چەند خولەکێک پێش دیبەیتەکە پەخش کرا و بەشێک لە مشومڕی دیبەیتەکەش لەسەر ئەو بوو.
پرسیار لە کاندیدەکان کرا کە ئایا پشتگیری لە ترامپ دەکەن وەک کاندیدی پارتەکە ئەگەر لە یەکێک لەو دۆسیە تاوانکارییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە سزا بدرێت؟ هەموو کاندیدەکان دەستیان بەرزکردەوە جگە لە ئەیسا هاچنسن، و کریس کریستی کە پەنجەی خۆی دەجووڵاندوە وەک ئاماژەیەک بە نەخێر.
بەڵام ئەوانی تری وەکو دیسانتس و نیکی هەیلی ڕێبازێکی نەرمتریان گرتەبەر بەو هیوایەی پشتیوانی بنکەیەکی پارتەکەیان کە دڵسۆزی ترامپن بەدەستبهێنن.
پاشان مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ترەمپ، کە بەرگری لە بڕیارەکەی خۆی دەکات کە لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی ناساندنی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی 2020دا بە پێچەوانەی خواستی ترامپ هەنگاوی نا و دەنگەکانی بە فەرمی ناساند. لە مشتومڕەکەشدا شانازی بەو بڕیارەی کرد و گوتی من " دەستورم پاراست".
بەشێک لە کاندیدەکانیش پشتیوانیان دەربڕی بۆ ئەو بڕیارەی بە تایبەتی کرس کرستی.
لە چەندین شوێنی دیبەیتەکەدا کارداری تەمەن 38 ساڵانی خەڵکی ئۆهایۆ، ڤیڤێک ڕاماسوامی مشتومڕی توندی لەگەڵ کاندیدەکانی تردا دەکرد بەتایبەتی پێنس و نیکی هەیلی.
یەکێکی تر لە بابەتە مشتومڕ لەسەرەکانی کە باس کرد بابەتی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بوو کە لەم بابەتەدا ڕاماسوامی و دیسانتس گوتیان پشتیوانیی لە زیادکردنی هاوکارییەکان ناکەن بۆ ئۆکرانیا بەڵام بە پێچەوانەی ئەوان نیکی هەیلی و مایک پێنس زۆر سوور بوون لەسەر گرنگی پشتیوانی کردنی ئۆکرانیا.
بابەتەکانی تری کە لەم دیبەیتەی لەلایەن فۆکس نیوزەوە ڕێکخرابوو باس کران بریتی بوون لە ئابوری، پشتیوانی بۆ پۆلیس، تەندروستی، پەروەردە و لەباربردنی منداڵ وکۆمەڵیک پرسی تری گرنگی ناوخۆیی و دەرەوەیی.
ئەمە یەکەم دیبەیتی کاندیدەکانی کۆمارییەکان بوو و دەنگدەرانی کۆمارییەکان لە نزیکەوە دەڕواننە ئەم جۆرە دیبەیتانە تا لە بیروبۆچوونی کاندیدەکان بەرامبەر بەر بە پرسەکانی کە بەلایانەوە گرنگە بە باشی تێبگەن. دانۆڵد ترامپ لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد بەشداریکردنی لە دیبەیتەکەدا بۆ ئەو مانای نییە، چونکە لە ڕاپرسییەکاندا بە 50 بۆ 60 خاڵ پێشەنگی ڕکابەرەکانی بووە بۆ کاندیدکردنی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان.