سێ ئەندامی باڵای کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ڕێگەی واژۆکردنی نامەیەک هۆشدارییان داوە کە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی واشنتن و تاران سەبارەت بە ئازادکردنی پێنج زیندانی ئەمەریکایی لە ئێران و ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی زۆر مەترسیداری بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدنە.
بەگوێرەی گۆڤاری "هیل" کە هەواڵەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆماڵ دەکات، مایکل مەککال سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ستیڤ سکالیس سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەلیس ستیفانیک نوێنەری باڵا و سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە حزبییەکانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ بەڕێوبەرایەتی بایدن، وێڕای تۆمەتبارکردنی حکومەت بە ڕێکخستنی "ڕێککەوتنی نهێنی" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، نیگەرانی خۆیان لە مەترسییەکانی سەر "ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا" بەو هۆیەوە دەربڕیوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو بەرپرسانە لە نامەکەیاندا بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن تۆمەتبار دەکەن کە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی 6 میلیارد دۆلار لە پارەی بەستووی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج زیندانی ئەمەریکایی، گەیشتوونەتە "لەیەکتێگەیشتن"ی ئەتۆمی نهێنی و ئەم کارەش بە "دەوردانی کۆنگرێسی ئەمەریکا" نادەبەن.
ئەوان جەختیان لەوە کردوەتەوە کە "هەر ڕێککەوتنێک" کە نەتوانێت بۆ هەمیشە ڕێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا بەهێزتر بکات.
جگە لەوەش کۆمارییەکان دەڵێن ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە هەبێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە یاسای پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکانی ساڵی 2015 پێشێل دەکات کە داوا لە بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا دەکات ڕاپۆرتی هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە بڕیارەکانی بەرنامەی ئەتۆمییەوە بە کۆنگرێس بدات.
لە هەمان کاتدا حکومەتەکەی جۆو بایدن بە بەردەوامی پەیوەندی نێوان ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و گفتوگۆی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان دەکات.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند واشنتن پێیوایە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی لەسەر ڕێچکەیەکی دروستە، بەڵام کاتێکی دیاریکراوی بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە نەخستوەتەڕوو.
دوو هەفتە پێش ئێستا بەڕێوبەرایەتی بایدن بە ئاشکرا پشتڕاستکردەوە بەپێی ڕێککەوتنێک بۆ ئازادیکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ئێران، شەش ملیار دۆلار لە سامانی ئێرانی لە کۆریای باشوور ئازاد کردووە.
کۆمارییەکان بە توندی ڕەخنەیان لەم ڕێککەوتنە گرتووە و ڕایانگەیاندووە ئەو پارەیە بۆ بەهێزترکردنی جموجۆڵی سەربازی ئێران تەرخان دەکرێت.
بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن دەڵێن ئەو پارانە لە بانکێک لە قەتەر هەڵگیراون و تەنیا بۆ هاوکارییە مرۆییەکان خەرج دەکرێت.
لە نامەکەدا ئەو بەپرسە باڵانەی کۆمارییەکان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە هانی ئێران دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاتر هاووڵاتی وڵاتانی دیکە بە بارمتە بگرێت.