Accessibility links

دژە تیرۆری کوردستان: لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیادا سێ ئەندامی پەکەکە کوژراون


ئەمڕۆ پێنجشەممە سێ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە هەرێمی کورستان کورژراون.

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند " فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێک و دوو چەکداری پەکەکە کوژران. بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەسەر ڕێگای سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکداری پەکەکە کوژران."

ئەم هێرشەی تورکیا لەکاتێکدایە هاکان فیدان وەزیری درەوەی تورکیا لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکێک لە بابەتەکانی لەگەڵ بەرپرساندا باسی لێوە کردووە بابەتی چەکدارانی پەکەکە و نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیایە.

ئاژانسی دەنگوباسی فورات نیوزی نزیک لە پەکەکەش بڵاوی کردووەتەوە لەگەڵ گەیشتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بۆ هەولێر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا هێرشێکی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێک لەسیدەکان. بەڵام ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە چەکدارانی پەکەکە لەو هێرشەدا کوژرابن بەڵکو " بە پێی سەرچاوە ناوخۆییەکان هیچ کەسێک لەو هێرشەدا گیانی لەدەستنەداوە لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوەتی سوتاوە."

XS
SM
MD
LG