Accessibility links

یۆنان ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر لە دژی هێرشکردنە سەر کۆچبەران دوای دۆزینەوەی تەرمی سووتاوی 18 کۆچبەر لە نێو دارستانەکان


دادگای باڵای یۆنان فەرمانی دا لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەو هێرشە ڕەگەزپەرستیانە بکرێت کە دوای سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا ڕوویاندا.

ئەم فەرمانەی دادگا دوای ئەوە هات کە تیمەکانی فریاگوزاری، تەرمی 18 کۆچبەریان بە سووتێنراوی لە دارستانێک لە شاری ئەلێکساندروپۆلیس کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیادا دۆزیەوە بەشێوەیەک کە ناناسرێنەوە.

لە دۆسیەیەکی جیادا، درەنگانی ڕۆژی سێشەممە، پیاوێک دەستگیرکرا دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت 13 کۆچبەری سوری و پاکستانی بە دەست بەستراوی لە پشتی ئۆتۆمبێلێکدا داناوە کە ترسێکی زۆریان پێوە دیارە.

هێزە ئاسایشییەکان لە هەموو شوێنێکی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی یۆنان جێگیرکراون، کە خاڵی سەرەکی پەڕینەوەی هەزاران پەناخوازە کە لە تورکیاوە دەپەڕنەوە بۆ ناو وڵاتەکە. هەروەها فەرمانی دادگای باڵا لە دژی ئەو چاودێر و پاسەوانانەشە کە کۆچبەرانیان بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان تۆمەتبار کردووە و هانی دانیشتوانی ناوچەکەیان داوە بە دوایاندا بچن و ڕاویان بنێن.

وەزیری کۆچبەران، دیمیتریس کیریدیس، دەستبەجێ پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی دادگا دووپاتکردەوە کە لە دژی تاوانەکانی ڕق و کینە لە وڵاتەکەدا گرتوویەتیەبەر.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 350 ئاگری کێوی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کەوتوونەوە و خراپترینیان لە ئەلێکساندەروپۆلیس بووە کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە. قوتابخانە، نەخۆشخانە، خانەی بەساڵاچووان و خانەقایەک کە ڕاهیبەکانی تێدا نیشتەجێ بوون چۆڵکراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە کەمپێکی کۆچبەران کە 800 پەنابەری تێدابوو لە ئەسینای پایتەخت چۆڵکرا و کۆچبەران گوازرانەوە بۆ دامەزراوەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باشووری ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دوورە.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە سەرانسەری یۆنان دەڵێن ترسیان لەوە هەیە کە خراپترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە هێشتا ڕوو بدات. پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما و ڕەشەبا بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت، بەرلەوەی پێشبینی بارانبارین بکرێت تا کەمێک ئاسوودەیی و دامرکانەوەی ئاگرەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت.

XS
SM
MD
LG