ڕۆژی پێنجشەممە 24ی هەشتی 2023 ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نامەیەکی بۆ دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد و داوای لێکرد دەستبەجێ شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری ئازاد بکەن.
لە نامەکەی ئەمنستیدا هاتووە، "لەسروبەندی نزیکبوونەوە بە ڕۆژی ئازادکردنیان، داواکاری گشتی زیندانییەکانی بە تۆمەتی دیکەی ساختە تۆمەتبار کردووە بۆ ئەوەی لە زینداندا بیانهێڵێتەوە."
داواکارییەکان بۆ ئازادکردنی شێروانی و زێباری لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەلایەن ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی شاری هەڵەبجە لە خۆپیشاندانێکی ڕۆژی دووشەممەدا نیشانەی ئەوەیە کە دۆسیەی زیندانیانی بادینان هێشتا دۆسیەیەکی زیندووە و دانەخراوە.
هاوکات داواکارییەکە نیگەرانی ئەو چالاکوانانە دەردەبڕێت لە بەرامبەر بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی خاوەن بۆچوون و بیروباوەڕی جیاواز.
ڕۆژێک بەر لە چالاکییەکەی هەڵەبجە، دەستەی بەرگری لە ئازادی لە شاری سلێمانی پاش بردنی زێباری بۆ ئاسایشی هەولێر، ڕۆژێک پێش کۆتاییهاتنی سزای دووهەمی زیندانیکردنەکەی، هەمان داوایان بەرزکردبووە.
ئەم ڕووداوانە دەبنە هۆی وروژاندنی ئەو پرسیارەی کە ئایا دۆسێی زیندانیانی بادینان کۆتایی هاتووە؟
لە بەیاننامەکەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی هەڵەبجەدا کە لەبەردەم دادگا خوێندرایەوە، باس لەوە دەکات، سزا نوێیەکای دژ بە شێروانی و زێباری "نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان بەجۆرێک دەستوەردانی سیاسی بەڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان شێروان و گوهدار زێباریە لە زینداندا."
ئەو خۆپیشاندەرانە داوایان لە دادگای تاوانەکان کرد کە ئەم دەستوەردانە سیاسییە نەهێڵێت بۆ ئەوەی "بێ متمانەیی خەڵک لە دادگاکان قووڵتر نەبێتەوە و ناوی کوردستان خراپتر نەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا" بەهۆی دەستوەردانی سیاسی لە سیستەمی دادوەریدا.
لە مانگی دەی 2020 زیاتر لە 80 ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە تاوانی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ناوچەی بادینان دەستبەسەرکران و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. دوای نزیکەی 3 ساڵ، زۆربەیان دوای کەمکردنەوەی سزاکانیان بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئازادکران. بەڵام دوای تەواوبوونی سزاکانی زیندان، دۆسیەی نوێ لە دژی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کرایەوە و ماوەی زیندانیکردنیان درێژکرایەوە. جگە لەم دوو ڕۆژنامەنووسە، قارەمان شوکری زەیندین و مەلا نەزیر بەرواری کە فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانیکردن نەیگرتوونەتەوە، تا ئێستاش لە زینداندان.
هەر لە سەرەتای دەستگیرکردنیانەوە، پارێزەر و لایەنگرەکانیان دۆسێکانیان وەکو دۆسێیەکی سیاسی ناودێرکرد. ئەوان دەڵێن، ئەوە بابەتی حزبی و سیاسی بووە و دادگاکانی هەولێر بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ڕژێمی پێشووی عێراق سزای زیندانیکردنیان بەسەریاندا سەپاندووە، کە لە هیچ دادگایەکی عێراقدا کاری پێ ناکرێت جگە لە هەرێمی کوردستان نەبێت.
ئێستاش بە پێی ئاگاداری پارێزەران و ئەو کەسانەی کە ئاگاداری دۆسیەکەن، دەڵێن "دۆسیەی ساختەکاری" دژی شێروانی دۆسیەیەکی یاسایی نەبووە پێش ئەوەی کاتی زیندانیکردنەکەی تەواو بێت و ئازاد بکرێت و کەسانی پەیوەندیدار دۆسیەیان لە دژی تۆمار نەکردووە و کارەکانی زیانی بە کەس نەگەیاندووە، بەڵام مافی ئیمزاکردنی خۆیان بە یەکتر داوە.
دۆسیەی چەک لە دژی گۆهدار زێبار
پاش ئەوەی گوهدار زێباری لە 22ی دەی 2020 دەستگیرکرا و بەپێی یاسای کۆنی عێراق بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و پاشان ئەوە فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی سزاکە بیگرتییەوە، دوو دۆسیەی دیکە لە دژی تۆمار کران. پێش ئەوەی لە 16ی سێی 2023 ماوەی زیندانیکردنەکەی کۆتایی بێت، سزای حەوت مانگی دیکەی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلێکەی خۆی".
پارێزەرەکەی ڕەمەزان ئەتریسی باس لەوە دەکات کە دۆسیەکە دەکرا بە غەرامە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ یەکلا بکرێتەوە.
ڕۆژێک پێش کۆتاییهاتنی 7 مانگی زیندانیکردن و لەبری ئەوەی لە 16ی هەشتی 2023 ئازاد بکرێت، زێباری گواسترایەوە بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر. ئاسایشی گشتی دۆسیەیەکی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی" لە دژی تۆمارکرد. دوای هەفتەیەک لە بەدواداچوون، ئاسایشی گشتی دۆسیەکەی لە قۆناغی پێداچوونەوە گواستەوە بۆ دادگای تاوانەکانی هەولێر.
پارێزەری زێباری ڕایدەگەیەنێت، پێش یەکەم بڕیاری زیندانیکردنی زێباری لە 16ی دووی 2021، دەبوو دادگای لێکۆڵینەوە ئەو 3 دۆسیەیەی لەسەری بووە لە یەک جیابکاتەوە. ئەو گوتی، "ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەگەر یاساکە سەروەر بووایە، ئەگەر یاساکە جێگەی خۆی گرتبایە، دەبوو دادوەری لێکۆڵینەوە 3 ساڵ لەمەوبەر ئەو 3 دۆسیەیەی جیابکردایەتەوە".
لەو ڕۆژەی زێباری دەستگیرکرا، لە ماڵی خوشکەکەی دەست بەسەر تاپڕێکی ڕاوکردندا گیرا.
محەمەد ئەمین، باوکی گوهدار زێباری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کەسێک لەو هێزانەی کە گوهداریان دەستگیرکردووە، ئەو چەکەی خستووەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی گوهدارەوە".
ئەو گوتی "تاپڕەکە هی 50 ساڵ لەمەوبەرە، هی سەردەمی ئینگلیزەکانە و ئەوە بۆ شەڕ نییە و بکوژ نییە و وەک ئەنتیک ئەژمار دەکرێت".
محەمەد ئەمین وتیشی، "داوەری دادگای یەکەم لە یەکەم دادگاییکردندا ئەو تۆمەتەی لاداوە. تۆمەتێکی بێمانایە. خودا قبوڵ ناکات کە ببرێنە دادگا و پلانێکی نوێ دابنێن بۆ سەپاندنی سزایەکی تر بەسەریدا. ئەمە کارێکی دوور لە مرۆڤایەتییە."
لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەشدار حەسەن، پارێزەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، کاردەکەن بۆ دیاریکردنی وادەی دادگاییکردنەکە لە دادگای تاوانەکان و هیوادارن زێباری بەپێی یاسای 15چەک سزابدرێت کە سزای داراییە.
بەڵام ئەرتیسی دەڵێت، ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و "پێویستە ئەم دۆسیەیە لە دژی هەڵگیرێت چونکە سستی لە بڕیارەکەی داواکاری گشتیدا هەیە و جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونادات، ئەگەرنا، دەبوو ئەم دۆسیەیە 3 ساڵ لەمەوبەر یەککا بکرێتەوە.
ئایا ئەمە دۆسیەیەکی سیاسییە یان دادگا لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی حزبی دێموکراتی کوردستاندایە؟
دۆسیەی زیندانیانی بادینان بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستی پێکرد کە لە شاری دهۆک داوای باشترکردنی خزمەتگوزاری گشتییان دەکرد. دوای خۆپیشاندانەکانەکانی دهۆک ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن هێزە تایبەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) وهێزەکانی ئاسایشی دهۆک دەستگیرکران.
زیندانییەکان لە لایەن دەسەڵاتی پارتییەوە تۆمەتبارکران بە سیخوڕیکردن و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ. بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن مەبەست لەو کارە ڕێگریکردنە لە ئازادییەکان و سەرکوتکردنی بۆچوون و بیروباوەڕی سیاسی جیاواز.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم دۆسیەیەی داوەتە دەستی یاسا و بەرپرسانی پارتی دەڵێن دادگا لەسەر ئەو پرسە بڕیار داوە.
عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەڵێت " لەم پرسەدا پارتی تەرەف نییە. ئێمە سکاڵامان تۆمار نەکردووە و ئەم ڕووداوە بە ناوی ئێمەوە نییە و لۆمەی پارتی مەکەن. ئەمە پرسیارێکە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە و ئەرکی حکومەتیش پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە. بێگومان حکومەت دەیانباتە دادگا و دادگاکان لەژێر دەسەڵاتی حزبدا نین."
بەڵام ئەیهان سەعید کە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمەریکا و ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لە شوێنێکی نادیاردایە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "بەشێک لە ئەندامانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کە بەرپرسی پێشووی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بوون، هۆکاری ئەو دەستگیرکردنانە بوون."
نیاز عەبدوڵڵا، براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەگەری پێیوایە دۆسیەی زیندانیانی بادینان کۆتایی نەهاتووە چونکە "سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان وسەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بەردەوامن لە سزادان و تۆڵەسەندنەوە لە زیندانەکانی بادینان".
دەشڵێت "ئەم دۆسیەیە کاتێک هەڵدەوەشێتەوە کە مەسرور بارزانی کۆتایی بە تۆڵەسەندنەوەکان بهێنێت. ئەم دۆسیەیە بووەتە پەڵەیەکی ڕەش لەسەر ڕووخساری کابینەی نۆیەم."
نادادپەروەری لە دەستگیرکردن و دادگاییکردندا لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان
لە کاتێکدا هەندێک لایەن دەیانگوت لە سەرەتای دەستبەسەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە، ناکۆکی لەنێوان بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبووە، بەڵام خازی سابیر دیزەیی، بەرپرسی فەرماندەیی کاروباری یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە ناکۆکی یاسایی لە ئارادا نەبووە. ئەو گوتی "ناکۆکی یاسایی لە نێوان سەرکردایەتی هەرێم و سەرکردایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ئارادا نەبووە. بۆ ئێمە ئەمە دۆسیەکە، دۆسیەیەکی سیاسی نەبووە. بەڵکو دۆسیەیەک بووە کە دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەرداوە و ئەو زیندانیانە وەک تۆمەتبار دەستنیشانکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە."
سەبارەت بە فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانە بیانییەکان و ڕای گشتی لە هەرێم، دیزەیی ڕایگەیاند "من ناڵێم فشاری خەڵک کاریگەر نییە، بەڵکو باس لەوە دەکەم کە ئێمە سەبارەت بە دۆسیەکە بە پێی یاسا و بەپێی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوو ئەرکمان لەبەرچاو گرتووە "یەکەم بەرژەوەندی گشتی و دووهەمیش جێبەجێکردنی دادپەروەری. ئەوە بوو کە سزاکان بۆ 60% بۆ هەندێکیان و 50% بۆ شێروانی کەمکرایەوە''.
بەڵام کەسوکار و خێزانی زیندانییەکان دەڵێن، دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکە لە پلەی یەکەمدا دادپەروەرانە نەبووە. محمد ئەمین، باوکی گۆهدار زێباری دەڵێت، ئەگەر مرۆڤ لە خودا نەترسێت و ویژدانی نەبێت، ئەوا هەر کارێک دەکات.
نیاز عەبدوڵڵا هەروەها نیگەرانە لە سەلامەتی ئەو زیندانیانەی کە ماونەتەوە و دەڵێت" ژیانی شێروان شێروانی مەترسی لەسەرە و بۆی هەیە هەر ئان و ساتێک ڕووبەڕووی سیناریۆیەکی دیکە ببێتەوە".
دەشڵێت " سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ئەو زیندانیانە لە ئەستۆی مەسرور بارزانی و ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە تا ئەو کاتەی بە پارێزراوی و سەلامەتی دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان."