وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەمشید شەرمەهد ڕوون بکاتەوە کە هاووڵاتی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک ئێرانیە و لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتن لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ واشنتن بەدیهاتووە .
ئەم لێدوانەی ناسر کەنعانی دوای ئەوە هات کە ئەبرام پالی نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران ڕۆژی هەینی لەگەڵ بنەماڵەی شەرمەهد کۆبووەوە، کە بە سەرۆکایەتیکردنی گروپێکی لایەنگری پاشایەتی لە ساڵی 2008 تۆمەتبارکرابوو بە هێرشێکی کوشندە.
شەرمەهد کە هاوکات مافی نیشتەجێبوونی ئەمەریکای هەیە، لە مانگی 2 دا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەرپاکردنی"گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
کچەکەی داوای لە واشنتن کردووە کە شەرمەهد لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کە لە برەودایە بەدەر نەکات کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە شەش ملیار دۆلاری پارەی سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد دەکرێ.
لە یەکەم هەنگاوی ڕێککەوتنەکەدا، ئێران لە 10ی مانگی هەشتدا چوار هاووڵاتی زیندانیکراوی ئەمەریکایی ئازاد کرد و ڕەوانەی دەستبەسەری ماڵەوە کران، لەوێش پەیوەندییان بە پێنج هاووڵاتی دیکەوە کرد کە پێشتر لە ژێر دەستبەسەری ماڵەوەدا بوون، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە لە کۆتاییدا ڕێگە بەو پێنج هاووڵاتییە دەدرێت ئێران بەجێبهێڵن.
کەنعانی گوتی پێشکەوتنەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەدیهاتوون، سوپاسی "ڕۆڵی بنیاتنەر"ی دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێی کەنداو، قەتەر و عومانی کرد کە ئاسانکاریان بۆ ڕێککەوتنەکە کردووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز