هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆژی یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشیان لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش لە گوندەکانی دێرەزور دەستپێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی بەهێزکردنی ئاسایش" ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی بە ئامانجگرتنی شانەکانی داعش کە لەم دواییانەدا جارێکی دیکە چالاک بوونەوە.
هەسەدە هەروەها ڕایگەیاند، ئامانجێکی دیکەی ئەم هەڵمەتە دەستگیرکردنی هەندێک تۆمەتبارە کە لەو ناوچەیەدا تاوانیان ئەنجامداوە.
سیامەند عەلی سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بۆ دەنگی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ئامانجە دیاریکراوەکان بەدی دەهێنرێن.
گوتیشی "شەوی یەکەم هێرش کرایە سەر هێزەکانمان". لە بەرامبەردا سێ هێرشبەر کوژران. تا ئێستا پێنج چەکداری گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون و ژمارەیەک کەسیش کە دەستیان لە تاوان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا هەبووە، دەستگیرکراون.
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شاری حەسەکە
لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ بە زرێپۆشەوە لە گەڕەکەکانی باشووری شاری حەسەکە بڵاوبوونەوە و قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەش قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا.
بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی ناوخۆیی، هەسەدە ژمارەیەک فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆری دەستگیرکردووە، بەڵام ئەم زانیاریانە لەلایەن هەسەدە پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ڕێگەی چالاکوانەکانییەوە ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان وایە هەندێک لە فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور لە هەندێک تاوانی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا تێوەگلاون.
هەسەدە دوای سکاڵای عەشیرەتەکان و هۆزەکانی ناوچەکە لە دژی ئەو کەسانە، دەستی بەم ئۆپەراسیۆنە کردووە و هەندێک کەسیشیان دەستگیر کردووە.