Accessibility links

ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات


ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دیکە هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات لە پاکێجێکدا کە موشەکی زیاتر لەخۆ دەگرێت، لەوانە مووشەکی HIMARS و AIM-9M Sidewinder کە دەتوانرێت بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت.

ئەمە یەکەمجارە ئەمەریکا ئامێری سایدوایندەر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، کە دەتوانرێت بۆ هێرشی ئاسمانی مەودا کورت بەکاربهێنرێت.

هاوکات هاوکارییەکان کەرەستەی پاککرنەوەی مین و چەکی دژە تانکی وەک موشەکی TOW و Javelins لەخۆ دەگرێت.

جارێکی دیکە سیستەمی مووشەکی تاکتیکی دوور مەودای سوپای ئەمەریکا کە بە ATACMS ناسراوە، نەخراوەتە ناو پاکێجەکەوە، ئەمەش بووە هۆی ڕەخنەی شرۆڤەکارانی وەک ژەنەڕاڵ بن هۆدجسی خانەنشینکراو کە لە ساڵی 2014 تا 2017 وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا کاری کردووە .

هۆدجس ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند: بەداخەوە ئۆکرانییەکان بەردەوام دەبن لە زیانی زۆری گیانی، چونکە ئێمەی ڕۆژئاوا ئەو توانایانەمان بۆ دابین نەکردوون کە پێویستیانە. "وە من بە تایبەتی باس لە چەکی وردی مەودا دوور دەکەم."

مۆسکۆ لە سەرەتای ئەمساڵدا هێرشێکی نوێی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و هێرشەکانیش وەستان.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هێرشی پەرپەرچدانەوەی ئێستای دژی هێزەکانی ڕووسیا بە خاو بەڵام جێگیر وەسف کرد.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند." ئۆکرانیا بەردەوامە لە شەڕکردن، ئەوان بە درێژایی هێڵی پێشەوە هەندێک پێشکەوتن بەدەستدەهێنن، بەڵام سەخت دەبێت."

XS
SM
MD
LG