Accessibility links

پەرلەمانتارێک: عێراق دەیەوێت 10%ی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات و داهاتی ناوخۆی هەرێمیش ببات


ئەو وەفدەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لە سەر بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدای کرد، بێ ئەنجامدانی هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی عێراقی گەڕایەوە بۆ هەولێر. سەرچاوەیەکیش دەڵێت،"عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم ببات و بڕێکی کەمی لێبداتەوە بە هەولێر."

سەرچاوەیەکی نزیک لە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم کە سەردانی بەغدای کرد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق دەیەوێت مانگانە 548 ملیار دینار بداتە هەرێم، لە کاتێکدا موچەی مانگێکی فەرمانبەران 900 ملیار دینارە."

هەروەها وتیشی، "لەو 548 ملیار دینارەش، عێراق دەیەوێت بڕێکی بەناوی قەرزی پێشووتر و بڕێکیشی بە ناوی قەرزی بانکی بازرگانییەوە لێببڕێت، بۆ ئەو بانکە قەرزی لای هەرێمە. گەر وا بڕوات ئەو پارەیەی دەیەوێت ڕەوانەی هەرێمی بکات کەمترە لە 200 ملیار."

ڕۆژی چوارشەمە، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەریەک لە وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی تێدابوو، بۆ گفتووگۆکردن لە بارەی شایستە داراییەکانی هەرێم سەردانی بەغدای کرد. بەڵام بێ هیچ ڕێککەوتنێک وەفدەکە گەڕایەوە هەولێر.

سەرچاوە نزیکەکە لە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەیەوێت هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی ڕادەست بکرێت، دواتر 50%ی داهاتی گومرگ بداتەوە بە هەرێم، کە دەکاتە نزیکەی 70 ملیار دینار. ئەمە داوایەکی قەبوڵنەکراوە."

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پارەیەی عێراق دەیەوێت مانگانە بیداتە هەرێم ناکاتە 10%ی کۆی موچەی موچەخۆران."

لە یاسای بودجەی عێراق دا، پشکی هەرێم بە 12,6 خەمڵێنراوە، لەکاتێکدا بەپێی ئاماری پلاندانانی عێراق دانیشتوانی هەرێم 14%ی کۆی دانیشتوانی عێراقە.

شوان محەمەد وتیشی، "بەپێی ژمارەی دانیشتوان، دەبێت عێراق مانگانە تریلیۆنێک و 360 ملیار دینار بداتە هەرێم، کەچی 900 ملیاری پارەی موچەی فەرمانبەرانیش نادات. عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم هەر لە ئاو و کارەباوە تا دەگاتە هەموو داهاتەکان ببات، تەنها 50%ی پارەی دەروازەکان بداتەوە هەرێم."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هەریەک لە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار فەرمانبەرە. حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی تەواوی فەرمانبەران، مانگانە پێویستی بە 900 ملیار دینارە.

شوان محەمەد، دەڵێت،" لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی هەن پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایان بە ئامانج گرتووەو دەیانەوێت هەمیشە کێشە هەبێت. ئەو لایەنانە دەیانەوێت سودانی بشکێنن و هەرێمیش تەسلیم ببێت و ئیرادەی بشکێنن."

دوێنێ پێنجشەمە، وەفدێکی مامۆستایانی جیهان و عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەبارەی پێنەدانی موچەی مامۆستایانی هەرێم کراوە.

ئەحمەد سابر، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بە شیاع سودانیم وت، مامۆستایانی هەرێم بوونەتە قوربانی ململانێی نێوان هەردوو حکومەت. مامۆستایانی عێراق موچەی مانگی 8 وەردەگرن، لەکاتێکدا مامۆستایانی هەرێم هێشتا موچەی مانگی 7 یان وەرنەگرتووە. داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانم لێکرد."

ئەو وتیشی، "شیاع سودانی پێیوتم، 'کۆمەڵێک گرفتی هونەری لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن، زانیاری هەڵە دراون و دەبێت ڕاکان لە یەکتری نزیک بکەینەوە. پێمخۆشە ئێستا بودجە بۆ هەرێم خەرج بکەم، بەڵام نامەوێت مەسەلەکە ببرێتە دادگا و نێوانمان لەگەڵ هەرێم تێکبدرێت. بەمنزیکانەش پارەی هەرێم دەنێرم."

دوای ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە لە مانگی 3ی ئەمساڵ، دۆسیە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێم تا ڕادەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر دەستی عێراق. سەرباری سەردانی وەفدەکانی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام هێشتا لە سەر خاڵە ناکۆکەکانی پەیوەست بە دارایی و نەوت و وزە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

دکتۆر سەردار عەزیز، چاودێری سیاسی و ئاگادار لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق دەیەوێت پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێم لە بواری دپلۆماسی و وزە کۆتای پێ بهێنێت. دەیەوێت وەکو یەکەیەکی ناوخۆیی عێراقی مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات، تا هەرێم نەتوانێت ململانێی بکات و ملکەچی بڕیارەکانی ببێت."

دکتۆر سەردار دەڵێت،"موچە بەشێکە لە پلانەکانی عێراق بۆ ملکەچکردنی هەرێم و پلانەکەش لەگەڵ مۆدێلی حوکمڕانی هەرێم ناگونجێت.عێراق نایەوێت موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بدات و بەزۆری دەزانێت."

XS
SM
MD
LG