هێشتا پۆلیسی شاری ئاڵن لە ویلایەتی تەکساس لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە. خزم و کەسوکاری خێزانەکەش بە هۆکاری کاریگەری ڕووداوەکە لەسەریان، حەزناکەن هیچ زانیاریەک بە میدیاکان بدەن، بەڵام پۆلیس دەڵێت پێدەچێت ڕووداوەکە خۆکوژی بووبێت.
رۆژی 29 ی مانگی هەشت لە کەشێکی ناخۆشدا تەرمی کوژراوەکان لە گۆڕستانی موسوڵمانان لە شاری دێنتن لە ویلایەتی تەکساس نێژران. زۆربەی توڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕەوەندی کوردی لە تەکساس بە نیگەرانیەوە ئەو هەواڵە ناخۆشەیان ڕاگەیاند.
دژوار شوکر کە لەسەر پەیجێکی فەیسبوک بە ناوی ژیان لە تەکساس بابەت بڵاو دەکاتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کۆمێنتی کوردی بەو ڕووداوە تووشی شۆک هاتووە، خەڵکی کورد بەم چەشنە ڕووداوانە ڕانەهاتووە، ئەو ڕووداوەش نامۆیە بە خەڵکی کورد، زۆر کاریگەری هەبوو، بەڕاستی ئەو خێزانەش لە دوای خنکاندنی منداڵێکیان، ئەم ڕووداوە ناخ هەژێنەی لێکەوتووەتەوە."
هاووڵاتیەکی کوردی تەکساس، کاروان فارس، کە لە شاری ڕووداوەکە دەژی، باس لەوە دەکات کە ماڵەکەی تەنها یەک کۆڵان لە ماڵی قوربانییەکانەوە دورە و بەشدار بووە لە پرسەی خێزانەکەیان، ئەو دەڵێت "هەرچی لەو پرسەیە دەتبینی نیگەرانیەکی قوڵت تیا دەخوێندەوە، نەک هەر بە تەنها خەڵکی کورد، خەڵکی دیکەش بەو ڕووداوە زۆر نیگەرانن، بە تایبەتی دایک و باوک و دوو منداڵ قوربانیەکەن." کاروان لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە ئەم خێزانە کەمتر تێکەڵاویان لەگەڵ خێزانی کوردی تردا هەبووە، هەر بەو هۆکارەشە کە زانیاری لە بارەیانەوە زۆر کەمە.
کەسێک کە نەیویست ناوی بوترێت و هەر لە تەکساسیش دەژی، باس لەوە دەکات کە لە خوانێکی خێزانیدا منداڵەکەی لە مەلەوانگەی ئەو ماڵەدا خنکاوە. لەو دەمەوە چاویان بەرایی نەهاتووە، بچنەوە ماڵەکەی خۆیان کە تەنها دوو ساڵێکە کڕیویانە. ڕووداوی خۆکوشتنەکەش لە ماڵی دایکی کوڕەکەدا بووە.
لە پەیوەندی دەنگی ئەمەریکا بە پۆلیسی شاری ئاڵن پشتڕاستی کردەوە کە قوربانییەکانی خۆکوشتنەکە بریتین لە باوک و دایک و کوڕێکی تەمەن 12 ساڵ و کوڕێکی تەمەن 2 ساڵ. هەروەها پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە خێزانەکە لە سەرەتای ئەم مانگەدا کچە 4 ساڵانەکەیان بەهۆی خنکانەوە لەدەستداوە. لە کاتێکدا وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە ڕوون نییە، بەڵام پۆلیس دەڵێت "خنکانەکە هۆکارێک بووە بۆ خۆکوشتنەکەی ڕۆژی دووشەممە."
ئەفسەرەکەی پۆلیس لە پەیوەندییەکەی دەنگی ئەمەریکا، هیچ زانیاریەکی تری رانەگەیاند بە هۆکاری ئەوەی ڕووداوەکە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەڵین پاش لەدەستدانی کچە تاقانەکەیان باوکەکە لە ڕووی دەرونیەوە زۆر کاریگەری تێکردووە، هاوسەرەکەشی کە هەر ئامۆزای خۆیەتی، چاویان بەرایی نەهاتووە، بگەڕینەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان و بە نیازبوون خانوەکەیان بفرۆشن. ئێدی قەدەری ئەو خێزانە وەهابووە کە لە مەرگدا یەکیان گرتووەتەوە. تەرمی باوک و دایک و دوو برا لە تەنیشت خوشکەکەیانەوە نێژراون.