Accessibility links

بەرپرسانی کەرکوک هۆشداری دەدەن لە ڕوودانی "پشێوی و ناسەقامگیری"


بەرپرسانی هێز و لایەنەکانی کەرکوک هۆشداری دەدەن لە سەرهەڵدانی پشێوی و ناسەقامگیری لەو شارە، بە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندانی بەشێک لەلایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دژی پێدانەوەی چەند بارەگایەک بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک.

نزیکەی 10 ڕۆژە خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لەکەرکوک بەردەوامە و ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێریان داخستووە، لەکاتێکدا دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک نیگەڕانن لە داخستنی ئەو ڕێگەیەو مەترسی نواندنی کاردانەوەیان لێدەکرێت.

ئەمڕۆ شەمە، 2ی مانگی نۆ بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی نێوان هەولێر- کەرکوک، لە گەڕەکی ڕەحیماوا خۆپیشانداینان ئەنجام دا و ڕێگەی ڕەحیماوایان داخست.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داخستنی ڕێگەی کەرکوک لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە، هەوڵێکە بۆ شکستهێنان بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم."

ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و پێدانەوەی بارەگاکانی پارتی لەو شارە، کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە هێزە عێراقییەکانی تێدان، بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنی کوردی.

کامەران کەرکوکی، دەڵێت،"هەندێک لایەنی سیاسی خەڵکیان هێناوەتە سەر جادە بۆ موزایەدەی هەڵبژاردن، ئەو لایەنانە نایانەوێت رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتەکەی سودانی سەربگرێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان 33 بارەگاو پارتی گەلی تورکمانیش بارەگایەک و دوو خانوویان لەکەرکوک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ڕادەستکردنەوەی ئەو بارەگایانە پێییان.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پارتی دەرنەبڕیووە، بەڵکو دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگای پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتین لە کەرکوک، کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی تێدایەو لە گەڕەکی شۆراوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی عێراق بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی ئێمەی داوە، هەندێک لایەن گێچەڵ بە کورد دەکەن، تا کورد بێتە وەڵام و شکست بە بڕیارەکە بهێنن."

ئەمڕۆ شەمە، عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە کەرکوک و لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی شارەکەدا کۆبوویەوە، بەڕای چاودێران سەردانەکەی گرێدراوی دۆخی ئەمنی ئێستای شارەکەیە.

عیرفان کەرکوکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی کە لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکی جێهێشتووەو لە هەولێرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستوەردان دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە پێدانەوەی بارەگاکانی ئێمەو بارەگاکانی پارتی، ئەوانەی دەستوەردان دەکەن دەیانەوێت کێشە دروست ببێت و دوو بەرەکی بنێنەوە."

هەروەها وتیشی،"هەندێک لایەن شەقامی نێوان هەولێرو کەرکوکیان داخستووە، زیانێکی گەورەیان بە ئیش و کاری خەڵک گەیاندووە، ئەو لایەنانە کار بۆ نانەوەی فیتنە دەکەن."

بەرپرسانی عەرەب و تورکمان، لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی جیادا کە ئەمڕۆ شەمە لە کەرکوک ئەنجامیاندا، داوای هێورکردنەوەی بارودۆخی کەرکوکیان کرد و ڕەتیانکردەوە دژی گەڕانەوەی پارتی بن بۆ کەرکوک، بەڵام نەیارێتی خۆشیان بۆ پێدانەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە پارتی نیشاندا، کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقی تێدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:54 0:00

XS
SM
MD
LG