Accessibility links

ڕووداوەکانی کەرکوک کاردانەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی لێدەکەوێتەوە


ڕووداوەکانی ئەمڕۆ شەمەی شاری کەرکوک، کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان بە "ڕێگرو گێرەشێوێن" ناو دەبات و هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی "زەبرو زەنگ و خوێن ڕشتنی" گەنجی کورد.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، بڕیاریدا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و قەدەغەی هاتووچۆ و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بەرفراوان لەو ناوچانەی پشێوییان تێدا ڕوویداوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەربارەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی شاری کەرکوک، دەڵێت،"ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک ڕێگرو گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگرتن لە کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە شاری کەرکوک، ڕێگەی نێوان هەولێرو کەرکوکیان داخستووە و دۆخێکی نالەبارو پڕ لە مەترسییان بۆ خەڵکی کەرکوک دروستکردووە."

مەسعود بارزانی، جەختی لە سەر پێکەوە ژیان و تەبایی نێوان پێکهاتەکان کردووەتەوە، بەڵام ڕەخنەی لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک گرتووە بەوەی "زەبرو زەنگییان" بەکارهێناوەو خوێنی گەنجی کوردییان ڕشتووە، لە کاتێکدا ڕێگرییان لە گێرەشێوێنی ڕێگرەکان نەکردووە. ڕایگەیاندووە،"ئەم ڕەفتارە قابیلی قەبوڵکردن نییە و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان لەکەرکوک باجی قورسی دەبێت."

داواشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سنورێک بۆ ئەو "ڕێگرو گێرە شێوێنانە" دابنێت و کۆتایی بە ستەم و جیاکاری بهێنێت.

لە درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە، 2ی مانگی نۆ هێزە عێراقییەکان قەدەغەی هاتووچۆیان لە ناو شاری کەرکوک ڕاگەیاندووە، بازگەکان بەڕووی هەولێر و سلێمانی و پارێزگای سەڵاحەدیندا داخراون.

ڕوودەکانی کەرکوک، نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشی هێنایە دەنگ، داوای لەهەموو هێزە سیاسییەکان کردووە بە ڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی پشێوی و پاراستنی ئاسایش.

نوسینگەی سودانی، دەڵێت،"سودانی بڕیاریداوە بە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ لەکەرکوک و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بەرفراوان لەو ناوچانەی پشێوییان بەخۆوە بینیووە بۆ ئەوەی بە وردی بیانپشکنن."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە بارەی ڕووداوەکانی کەرکوکەوە، داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کۆنترۆڵی ئەو دۆخە "نەخوازراوە"کەی کەرکوک بکات و سەروماڵی خۆپیشاندەران و هاونیشتمانییان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند،"داوا لە هاوڵاتییە کوردە ستەملێکراوەکانیشمان لە کەرکوک دەکەم، دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە کاردانەوەی توند بەدوور بگرن."

هاوکات مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گرتووە، بەوەی شەڕکردن لە سەر بارەگای حزبی و ململانێی سیاسی، دۆخەکەی گەیاندووەتە پێکدادان و بەریەککەوتن و خوێن ڕشتن.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەڵێت،"یەکێتی سێ ڕۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکان سەرنەکێشێت بۆ بەریەککەوتن و ڕژانی خوێنی هاوڵاتییانی کورد و پێکهاتەکان. دەکرا بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی بارەگا تەشەنە نەسێنێ کە ببێتە کێشەیەکی گەورە لە شارەکەدا."

هاوکات، مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕایگەیاندووە، پارتی لە ڕێگەی حکومەتی شکستخواردووی تاکڕەوی هەرێمەوە، هەوڵدەدات کێشەکان هەناردەی کەرکوک بکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە، بەشێک لە کوردەکانی دانیشتووی کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و هێزە تورکمانی و عەرەبییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو گرژی دروستبوو، بەو هۆیەوە خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداو 14 کەسی تریش برینداربوون.

کەرکوک: خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداو 14 کەسی تریش برینداربوون
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:08 0:00

XS
SM
MD
LG