چاوەڕواندەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان دوو دەزگای میدیایی نوێ دەستبەکاربن کە دەگوترێت یەکێکیان لەلایەن سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاڵپشتی دەکرێت و ئەویتریان لەلایەن کوڕی سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریی حکومه‌تى هه‌رێم سەبارەت بەمە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گرنگ نییە بۆ ئێمه میدیاکه هی لایه‌نێکى سیاسیه یان سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌وه‌ى گرنگه پابه‌ندبێت به‌مه‌رج و ڕێنماییهکانەوە."
بەڵام چەند چاودێرێکی کاری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەڵێن ترسیان لەوە هەیە ئەگەر هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا وەک دورگەیەک بووبێت لە ناوچەکەدا بۆ گەشەکردنی میدیای ئازاد، لە ئێستادا خەریکە بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەچێت لە ژێر ڕکێفی کۆمەڵێک سیاسەتمەداری دەوڵەمەند.
ڕه‌حمان غه‌ریب، ڕێکخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ، به ده‌نگى ئەمەریکای، وت، "ئێستا جگه له لایه‌نه سیاسیه‌کان، به‌شێک له مه‌کته‌ب سیاسیه‌کانى یه‌کێتى و پارتیش پاڵپشتى میدیا ده‌که‌ن. به‌و پاره فهسادهى که کۆیده‌که‌نه‌وه، دەیخه‌نه ناو میدیاوه."
ڕێکخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ ئەم دۆخەی بە "ته‌حه‌دای زۆر" بۆ کاری ڕاگەیاندن وێناکرد بە تایبەت بە هۆی زۆربوونی "پاره‌ى سیاسی" لەم کایە گرنگەدا. پێیوایە ئەو پاڵپشتییە "مادی و مهعنهویهى" که حزبە ده‌سه‌ڵاتدارەکان له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌یکەن بۆ ڕاگەیاندن وایانکردووە ئه‌و میدیایانه له ڕووکه‌شدا بانگەشەی سەربەخۆیی بکەن، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆکدا وابهستەبن به حزبێکى سیاسى یان که‌سایه‌تیه‌کى سیاسییەوە.
ڕه‌حمان غه‌ریب وتیشى، "ته‌نانه‌ت سه‌رکرده‌کانى یه‌کێتى و پارتى میدیاى خۆیان هه‌یه... مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان له‌پاره و پولى خۆیان پاڵشتى میدیا ده‌که‌ن، به‌و واتایه بهفهساد کۆیان ده‌که‌نه‌وه و ئه‌و پاره‌ى فه‌ساده ئه‌چێته ناو میدیاوه. ئه‌وه‌ى که میدیا خۆیى باسى فه‌ساد ده‌کات ئه‌وه له‌ناوه‌رۆکدا خۆیان فاسدن، خۆیان به‌شێکن له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى له هه‌رێمى کوردستان هه‌یه."
بەڵام وته‌بێژى پارتى دیموکراتى کوردستان لە گەورەیی ئەو مەترسیەی کەمکردەوە و به‌ده‌نگى ئەمەریکای ڕاگەیاند، "له هه‌موو دونیا لایه‌نى سیاسى یان که‌سایه‌تى سیاسى پاڵپشتى میدیا ده‌که‌ن و سودیان لێوه‌رده‌گرن بۆ ئه‌و مهرامهى که هه‌یانه."
مه‌حمود محه‌مه‌د وتیشی، "ئێمه وه‌ک پارتى دیموکراتى کوردستان له ئیمکانیاتى خۆمان ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌ستماندایه هاوکاریى میدیامان پێکردوه."
ده‌نگى ئه‌مەریکا چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندى به وته‌بێژى یه‌کێتیه‌وه کرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌که به‌رده‌ست نه‌بوو.
وتەبێژی حکومەت، پێشه‌وا هه‌ورامى، ئامادەنەبوو لەسەر ئەم بابەتە لێدوان بدات و سه‌باره‌ت به پاڵپشتى میدیا لە لایەن کاربهستانى حکومهتەوە وتی، "په‌یوه‌ندى به‌حکومه‌ته‌وه نییە."
288 دەزگای پەخش
به‌پێى ئامارێکى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم، 288 که‌ناڵى ئاسمانى و ناوخۆیى و ڕادیۆ له هەرێمی کوردستان مۆڵه‌تیان هه‌یه و کار دەکەن.
نامیق هه‌ورامى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم، ڕایگه‌یاند، "وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى به‌و ڕێنمایانه کارده‌کات که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپیش لە یاساى کارى ڕۆژنامه‌وانى ده‌ستکارى کرایه‌وه. تێیاندا به‌ڕوونى هاتووه هه‌رکه‌س و لایه‌نێک ئه‌توانێت داواى که‌ناڵێکى تهلەفیزیۆنی چ ناخۆیى بێت یان ئاسمانى بکات."
به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ده‌نگى ئه‌مەریکا، لهئایندهیهکى نزیکدا چه‌ند که‌ناڵێکى نوێ ئاسمانى ده‌ست به‌په‌خش ده‌که‌ن ئێستا له ئاماده‌کاریدان، له‌وانه که‌ناڵى 8 که دەوترێت له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گشتى یه‌کێتى نیشتمانى کوردسستانهوه پاڵپشتى دارایى ده‌کرێت، هه‌روه‌ها که‌ناڵى ئاڤا میدیا کە دەوترێت سه‌رۆکى حکومه‌ت پاڵپشتى دارایى ده‌کا.
چاودێرانی میدیا دەڵێن هه‌ریه‌ک له که‌ناڵه‌کانى ڕووداو و کوردستان 24 یش له‌لایه‌ن سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ته‌وه پاڵپشتى دارایى ده‌کرێن.
بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ى پاڵپشتیه داراییه‌کانیان، ده‌نگى ئه‌مەریکا په‌یوه‌ندى به‌م کهناڵانەوە کرد، به‌ڵام هیچیان ئاماده‌نین له‌سه‌ر ئەو پرسە بدوێن.
سەبارەت بە پاڵپشتی سیاسەتمەداران و سەرمایەداران، وته‌بێژه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم وتی، "ناچینه ناو ئه‌و ورده‌کاریانه‌وه که که‌ناڵه‌که سه‌ر به‌چ لایه‌نێکه. گرنگ ئه‌وه‌یه کۆمپانیایه‌ک یان سه‌رمایه‌دارێک یاخود لایه‌نێکى سیاسى داواى مۆڵه‌ته‌که‌ى بکات، ئیدى بۆئێمه گرنگ نییە سه‌ربه‌خۆیه یاخود سه‌ر به لایه‌نێکه."
وتیشی، "ئێمه ته‌نها پابه‌ندیان ده‌که‌ین به ڕێنمایى و مه‌رجه‌کان، ئه‌ویش بریتییە لە پاراستنى ئاسایشى نیتشمانى و پاراستنى پێکه‌وه ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى. ئه‌مانه ڕه‌چاو بکرێت، هیچ داوایه‌کى ترمان نییە."
مامەڵە لەگەڵ میدیاکاران
لە ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەوان نیگه‌رانیان دەربڕیوە لە شێوازی مامەڵەی خاوه‌ن میدیاکان یاخود سەرمایەدارەکان لەگەڵیان.
به‌رده‌وام رۆژنامه‌نوسان نیگهرانییەکانیان له‌ڕێگاى سۆشیال میدیاوه بڵاوده‌که‌نه‌وه، له‌خراپى شێوازى خاوه‌نکارى ئه‌و میدایانهى کاری تێدا ده‌که‌ن و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌که‌ن، میدیاکاره‌کان " وه‌ک کۆیله " مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و ده‌رده‌کرێن.
ڕێبوار فاروق کارمه‌ندى تیمی ئاى تیى بوو له که‌ناڵى ئێن ئاڕتى. به‌وته‌ى خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوپیشه‌یه‌کى تر‌ى، چه‌ند ساڵێک لهمهوپێش له‌لایه‌ن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه ده‌رکراون.
بەڵام چیا حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى که‌ناڵى ئێن ئاڕتى، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى ڕه‌تکرده‌وه و به‌ده‌نگى ئەمەریکایى وت، "ئێمه وه‌کو که‌ناڵى ئێن ئارتى که دامه‌زراوه‌یه‌کى میدیاین، وه‌کو ئه‌و که‌ناڵانه‌ى که له‌دونیا و کوردستان هه‌یه، ستراتیژى کارکردنمان وازحه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکین و له‌به‌ره‌ى شه‌قامین و نزیکى ئۆپزسیۆنین. هیچ که‌سێک له ده‌ره‌وه‌ى دامه‌زراوه‌که ده‌سه‌ڵاتى ده‌رکردنى نییە جگه لهب بەڕێوهبهر و سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌که نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌نگۆیه‌ک یان شتێک هه‌بووبێت ڕاستى تێدا نییە. من لێره موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کانى خۆم ده‌که‌م."
جگه له‌و که‌ناڵ و ڕادیۆیانه‌ى که په‌خشیان هه‌یه، به‌رپرسان پاڵپشتى ده‌یان په‌یجى سێبه‌ر ده‌که‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و حزبه‌کانیان، ئه‌مه قسه‌ى هاوکار عزه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شارپرێس و چه‌ند ڕۆژنامه‌وانێکى تره.
هاوکار عزه‌ت به‌ده‌نگى ئەمەریکای ڕاگه‌یاند، "به‌داخه‌وه ساڵانێکى زۆره میدیاى ئه‌هلى و ئازاد تاڕاده‌یه‌کى زۆر له پاشه‌کشێدایه. ناتوانین بڵێین هه‌ر ماوه".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شارپرێس ڕایگەیاند سەرەڕای دەستێوەردانی سیاسەتمەداران لە کاری میدیایی، هەروەها "چینى میدیاکارى ئه‌هلى به‌داخه‌وه نه‌یانتوانیوه خاوه‌ن گوتارێک بن."
ڕاپۆرتی دیار جەمال-دەنگی ئەمەریکا