Accessibility links

سوید داوای ئازادکردنی هاووڵاتییەکی لە ئێران دەکات


سوید ڕۆژی دووشەممە داوای لە ئێران کرد یەکێک لە هاووڵاتییەکانی ئازاد بکات کە وەک دەڵێت لە مانگی 4ی ساڵی 2022 وە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە وڵاتەکەدا گیراوە، ئەمەش لە دۆسێیەکدا کە پەیوەندییە دوولایەنییەکانی ئاڵۆز کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی سوید لە ئیمەیڵێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "هاووڵاتییەکی سویدی – پیاوێک کە لە سییەکانی تەمەنیدایە- لە مانگی چواری 2022 لە ئێران دەستگیرکرا. وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی سوید لە تاران زۆر بە چڕی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەن و لە نزیکەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا لە پەیوەندیدان."

دەشڵێت "ئەو هاووڵاتییە سویدییە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئازای لێ زەوت کراوە بۆیە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژانە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ خێزانی دەستگیرکراوەکە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ناوی ئەو کەسەی بە یۆهان فلۆدێروس ڕاگەیاندوە کە تەمەنی 33 ساڵە و لە خزمەتگوزاری دیپلۆماسی یەکێتی ئەوروپا کاردەکات. ناوبراو لە 17ی چواری ساڵی ڕابردوودا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تاران دوای پشوویەک دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا نە دەسەڵاتدارانی سوید و نە یەکێتی ئەوروپا ناسنامەی دەستگیرکراوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئێران لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کردووە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی " ئێمە ئاگادارین و زۆر بە وردی بەدواداچوونمان بۆ دۆسێی هاووڵاتییەکی سویدی کردووە کە لە ئێران دەستبەسەر کراوە."

وتەبێژەکە گوتیشی "ئێمە لە پەیوەندییەکی زۆر نزیکداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوید کە بەرپرسیارێتی کونسوڵگەرییان لە ئەستۆدایە."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد " ئەم کەیسە دەبێت لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ژمارەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەورپاش ببینرێت."

دەشڵێت "ئێمە هەموو دەرفەتێکمان بەکارهێناوە و بەردەوامیش دەبین لە بەکارهێنانی دەرفەتەکان بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادکردنی هەموو ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراون."

ڕاگەیاندنی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لە مانگی حەوتی 2022 دوای دوو حەفتە بوو لەوەی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە هۆی ڕۆڵی لە لەسێدارەدانی هەزاران کەسی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1988 لە سوید سزای زیندانی هەتا هەتایی درا.

دادگای ستۆکۆڵم حەمیدنووری سەرۆکی پێشووی زیندانەکانی ئێرانی بە "تاوانە قورسەکانی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان" و "کوشتن" تاوانبار کرد.

چەندین دەوڵەتی ڕۆژئاوایی دەستگیرکردنی هاووڵاتییە سویدییەکەیان شەرمەزار کردووە و بە " بارمتەی دیپلۆماسی" لە لایەن ئێرانەوە ناودێریان کردووە کە بریتییە لە دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوایی بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی وەک ئازادکردنی هاووڵاتیانی خۆی.

مانگی پێنجی ڕابردوو ئۆلیڤیێر ڤاندێکاستیلی تەمەن 42 ساڵ، کارگوزارێکی مرۆیی بەلجیکا، دوای 15 مانگ لە دەستبەسەرکردنی لە ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، لە گۆڕینەوەی زیندانییەکان بەرامبەر بە ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی کە بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ بۆردومانکردنی گردبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن لە پاریس، سزای 20 ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو، ئازاد کرا.



XS
SM
MD
LG