Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا ناوی ئەو بەرپرسانەی حزبە کوردیەکانی ئێران ئاشکرا دەکات کە ئێران بە فەرمی داوای ڕادەستکردنەوەیان دەکات


قەڵای دیموکرات
قەڵای دیموکرات

سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئێران بە فەرمی لیستی بەشێک لە سەرکردە سیاسیەکانی حزبە کوردیەکانی ئێرانی داوە بە حکومەتی عێراق و داوای "تەسلیم کردنەوە"یانی بە ئێران لێکردوون، بۆ ئەمەش "ڕێککەوتنی" هاوبەشکراوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشەی کە لە مانگی 3 ی ئەمساڵدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی سنووورەکان و چالاکی حزبە کوردیەکانی ئێران لەسەر سنوورەکان.

ئەو سەرچاوەیەی حزبێکی کوردستانی ئێران کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو ناوانەی ئێران داوای تەسلیم کردنەوەیان دەکات لە حکومەتی عێراق، بەرپرسانی باڵای حزبە ڕۆژهەڵاتیەکانن، کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان و بەشێکیشیان لە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم نیشتەجێن."

بە گوتەی سەرچاوەکە ناوەکان بریتین لە،"مستەفای هیجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد حسێن پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار، و چەند کەسێکی تر."

لەسەر ئەم پرسە دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

نەوید میهراوەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە یەکێکە لەو کەسانەی لە لیستی داواکراواندا ناوی هاتووە، ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئاگادارن کە داوا کراون لە لایەن ئێرانەوە، بەڵام بە فەرمی هیچ لایەنێک لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی پێوە نەکردوون.

ڕایگەیاند،"من بەش بە حاڵی خۆم لە سەرچاوەیەکەوە بە نافەرمی پێیان ڕاگەیاندووم، کە ناوم لە لیستەکەدا هەیە، کە داوا کراوین لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە، وەک بەشێک تەوافوقاتی ئەمنی هاوبەش، بەڵام لە لایەن هیچ سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێمەوە ئاگادار نەکراومەتەوە."

وتیشی، "لە ئەگەری لەمەترسی لەسەر ژیانمان، خۆمان خۆمان دەپارێزین، دووەم چاوەڕوانی لە دڵسۆزان و بەرپرسانی هەرێم دەکەین وەک هەمیشە داوکاریەکانی ئێران ڕەت بکەنەوە و دڵنیاشم کە وا دەبێت، بابەتێکی تر پێم وانیە لەم ناوچەیە ئەو دەورە بگیڕێت و ئەو دەسەڵاتەی هەبێت لێرە کەفشارمان بخەنە سەر."

بە پێی لیستی سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا بێت، بەرپرسانی حزبی دیموکراتی کوردستانیش ناویان لە داواکراوەکاندا هەیە، بەڵام لیستەکە بە "شەڕی دەروونی" لە دژیان ناوزەند دەکەن.

محەمەد ساڵح قادری بەرپرسی نوێنەرایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان لە هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەبارەت بەو لیستەی وەک دەنگۆ بڵاو کراوەتەوە تا ئێستا بە فەرمی لە هیچ کەناڵێکەوە، وەک حکومەتی هەرێم، یوئێن و حکومەتی عێراق ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە. دەکرێت شەڕی دەروونی ئێران بێت لە دژمان."

دەشڵێت،"ئەگەر کاریگەری سیاسی یاس ئەمنی هەبێت، لە حاڵەتێکی وادا ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و بەرپەرچی بڕیارەکەی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە."

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە بەشێک لە میدیا کوردیەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، کە چەند کەسێک لە سەرکردەی حزبە کوردیەکانی ئێران، هەرێمی کوردستانیان بۆ دەرەوە بە جێهێشتووە بە هۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام نەوید میهراوەر ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت،"ئێمە کەسمان وڵاتمان بەجێنەهێشتووە، تەنانەت ئەوانەش مان کە ناومان هاتووە."

دەشڵێت،"هەڕەشەکان بابەتێک نییە بچینە ژێر باری، لەو بەرەین کە هەموو تەمەنمان لە بەرگری لە گەلی خۆمان و مافەکانی خەڵکی هەژار بەسەر بردووە، چۆن بەدەست هەڕەشەی ئێرانەوە هەڵدێین، ئێمە هەمیشە لە مەترسی فڕاندن و تیرۆرداین، بەڵام خۆمان پاراستووە."

هەرچی حزبی دیموکراتی کوردستانیشە ڕەتی دەکاتەوە هیچ بەرپرسێکیان بە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتبێت.

مەحەمەد ساڵح قادری ڕایگەیاند،"ئەو دەنگۆیە رەت دەکەینەوە و ڕاست نییە، لەبەر ئەوەی بە درێژایی ساڵانی تێکۆشانمان ڕێبەرەکانمان شانبەشانی ئەندامانی خۆمان لە سەخت ترین بارودۆخدا لە سەنگەردا بوون، وەک بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕی. هەندێ جار بۆ بەجێگەیاندنی واجبێک سەردانی دەرەوەی وڵاتمان کردووە، بەڵام لەبەر هەست کردن بە مەترسی ڕاست نییە."

دەشڵێت،"بۆ پاراستنیان، لەگەڵ یوئێن و حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیدان، و تێگەشتن و هەماهەنگی پێویست لە نێوانماندا هەیە و ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەییشیان لەسەرە کە پارێزگاری لە تێکۆشەران بکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:56 0:00

XS
SM
MD
LG