Accessibility links

ئەردۆغان: ڕێگە نادەین کەس ئارامی کەرکوک تێکبدات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بە ڕاوێژکارەکانی گوتووە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی کەرکوک بکەن.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی ئەنجام داوە و ڕاشیگەیاند، ئێستا دۆخی کەرکوک ئارامە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە، نابێت هیچ زیانێک بە کەرکوک بگەیەنرێت". هەر کارێک زیان بە کەرکوک بگەیەنێت زیان بە یەکێتی خاکی عێراق دەگەیەنێت.

ڕاشیگەیاند، کەرکوک خاکی تورکمانەکانە کە تیایدا کولتوورە جیاوازەکان بە ئاشتیانە پێکەوە دەژین.

ڕۆژی شەممە 2ی مانگی 9، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانەوە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی ڕوویدا، 4 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو 15 خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.

ئەمەش دوای ئەوە ڕوویدا کە لە ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردووەوە، لایەنگرانی عەرەب و تورکمان و حەشدی شەعبی دژی بڕیارێکی محەمەد شیاع سودانی بۆ پێدانەوەی بارەگاکان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر خێوەتیان هەڵداو ڕێگەکەیان داخست. ئەمەش توڕەبوونی دانیشتوانی کوردی کەرکوکی لێکەوتەوەو و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ داواکاری کردنەوەی ئەو ڕێگایە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێکدادانەکانی دێرەزۆر لە سوریا ئەردۆغان گوتی" یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) تیرۆرستن و هۆزە عەرەبەکان بەرگری لە خاکەکانیان دەکەن لە دژی ئەوان."

دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەحمەد ئەلخەبیل سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووریان لە 27ی مانگی هەشتدا دەستبەسەرکرد، شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە سەریهەڵدا.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی ئەو هۆزە عەرەبیانە "سەربەرزی و خەباتێکی شەرەفمەندانەیە."

سەرۆکی تورکیا هەروەها هەندێک زانیاری سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی خستەڕوو.

ئاماژەی بەوەکرد نەتەوە یەکگرتووەکان پاکێجی پێشنیارەکانی سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵە پێشکەش کردووە و هیوادارن بەم نزیکانە چارەسەرێک بدۆزنەوە.

ئەردۆغان گوتیشی کە پێویستە ئۆکرانیا نەرمی لە هەڵوێستەکانیدا بنوێنێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەوباریەوە هەنگاو بنێت.

XS
SM
MD
LG