Accessibility links

خۆپیشاندەران لە دهۆک ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر پێنەدانی موچەکانییان لەلایەن بەغدادەوە


ڕۆژی سێشەممە هەزاران هاووڵاتی بە ئاڵای کوردستانەوە خۆپیشاندانییان ئەنجامدا دژی وەرنەگرتنی موچەکانییان و بەرپرسیارێتی دواکەوتنی موچەکانییان خستۆتە ئەستۆی بەغداد.

پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت خۆپیشاندانەکان لە ناوچەیەکدا ڕوویدا کە زۆرجار چالاکەوانان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازیی تۆمەتبار دەکەن.

خۆپیشاندانەکان لە چوارچێوەی زیادبوونی گرژییەکاندا دێت دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی شاری کەرکوک توندوتیژییان لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران.

لە خۆپیشاندانەکانی شاری دهۆکدا لە یەکێک لە دروشمەکانی خۆپیشاندانەکاندا نوسرابوو " کوردستان پاشەکشە ناکات بە ڕووی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی بەرپرسانی عێراقیدا."

لە دروشمێکی دیکەدا نوسراوە " هاودەنگین لەگەڵ گەلەکەمان لە کەرکوک."

کارمەندێکی نەخۆشخانەیەک بە ناوی مەسعود محەمەد،دەڵێت دوو مانگە موچەی وەرنەگرتووە، " دەبێت مافەکانمان وەرگرین، ئەوان دەیانەوێت هەرێمەکەمان لاواز بکەن."

هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەیەکی زۆرە بەغداد تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی موچە نانێرێت.

جێی ئاماژەیە پێشتر بەهۆی هەناردەکردنی نەوتەوە حکومەتی هەرێم دەیتوانی بەشێکی موچە دابین بکات. لە کۆتایی مانگی سێوە نەیتوانیوە نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکات، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکەوە لە نێوان بەغداد و تورکیادا، کە هەرێم لەو ڕێیەوە نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە دەکرد.

دواتر هەرێمی کوردستان و بەغداد ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی فرۆشتنی نەوتەکەی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵدا تێبپەڕێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا لە سەدا 12.6 ی بودجەی فیدڕاڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG