Accessibility links

کەمی پێداویستیە سەرەتاییەکان و چاودێری تەندروستی ناوچەی نائارامی ئەمهارای ئەتیوپیا دەگرێتەوە


زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی ئەمهارا لە ئەتیوپیا، بەهۆی پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و گروپە میلیشیا ناوخۆییەکان کە بە فانۆ ناسراون، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێداویستیە سەرەتاییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

کارمەندێکی تەندروستی لە شارۆچکەی دێمبچە، لە دەڤەری ڕۆژئاوای گوجام، ڕایگەیاند، لە سەرەتادا هێزەکانی فیدراڵی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانەی شارۆچکەکە کەمپیان دانابوو، ئەمەش وایکردووە کارمەندان بە ئاستەم بتوانن خزمەتگوزاری تەندروستی دابین بکەن.

ئەو کرێکارە ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازەکان لە کۆتاییدا نەخۆشخانەکەیان بەجێهێشتووە، بەڵام لە شارەکەدا ماونەتەوە و ماڵ بە ماڵ پشکنینیان بۆ دانیشتووان کردووە.

حکومەتی ئەتیوپیا لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ باری نائاسایی لە ناوچەی ئەمهارا ڕاگەیاند و جموجۆڵی سنووردار کرد و ئیدارەی ناوچەکەی بۆ بنکەیەکی فەرماندەیی سەربازی گواستەوە.

لە شارۆچکەی مێزۆ کە 200 کیلۆمەتر لە ئەدیس ئەباباوە دوورە، تاڕادەیەک ئارامی هەیە، بەڵام نەبوونی ئاسایش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان. دانیشتوویەکی شاری مێزۆ باسی لەوە کرد کە کەلوپەل و پێداویستیەکان لە ئەدیس ئەبابا هاوردە ناکرێت و نرخی کاڵا و زەیتی خواردنیش بەرزبووەتەوە و ژیانی قورس کردووە.

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە لە مانگی حەوتەوە تا ئێستا زیاتر لە 180 کەس کوژراون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، زیاتر لە هەزار کەس لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستگیرکراون.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی دێبرێ تابور لە قەزای باشووری گۆندەر ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو گەنجانێکی زۆر دەستگیرکراون، دوای ئەوەی هێزەکانی فیدراڵی دوای چەند ڕۆژێک شەڕ و پێکدادان کۆنترۆڵی شارۆچکەکەیان کرد. دانیشتووان دەڵێن، سەربازەکان لە 30٠ و 31ی مانگی هەشتدا دەرگا بە دەرگا دەگەڕان بە دوای چەکدا. ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا خەڵک لە مەترسیدان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا فیڵد مارشال بێرهانو جولا، هێزی بەرگری ئەسیوپیا ڕایگەیاند، دۆخی ناوچەی ئەمهارا چیتر مەترسی ئاسایشی دروست ناکات.

XS
SM
MD
LG