ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتا ڕۆژی سەردانە ڕانەگەیەنراوەکەی بۆ ئۆکرانیا، ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بنکەیەکی پاسەوانی سنووری ئۆکرانیای کرد لە دەوروبەری شاری کیێڤ.
بلینکن لە میانی سەردانەکەیدا یەک ملیار دۆلار هاوکاری نوێی سەربازی ئەمەریکای بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، لەگەڵ 175 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئاسایشی کە ئامێری بەرگری ئاسمانی زیادە، تەقەمەنی تۆپخانە، چەکی دژە تانک و تەقەمەنی یۆرانیۆم بۆ تانکەکانی جۆری ئەبرامز لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئەو گولە تۆپانەی کە دەتوانێت یاریدەدەر بن لە تێکشکاندنی تانکەکانی ڕووسیا، بەشێک دەبن لە پاکێجێکی نوێی هاوکاری لەشکری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد "نزیکەی ڕێک ساڵێک لەمەوبەر کە دوایین جار لێرە بووم، ئۆکرانیا زیاتر لە 50%ی ئەو خاکەی وەرگرتەوە کە لە مانگی دووی 2022ەوە ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتبوون. لە هێرشی پەرپەرچدانەوەدا پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدی دەکرێت."
دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەوەی لەم شەڕەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، تەنها پەیوەندی بە ئۆکرانیا نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە جیهان چۆن دەبێت دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە. گوتی: ئەگەر ڕووسیا سەربکەوێت دەسەڵاتی زیاتری پێدەدرێت بۆ خۆسەپاندن و داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێش، ئەگەر ڕۆژئاوا نەتوانێت لەم شەڕەدا سەربکەوێت، لە چ شەڕێکدا سەردەکەوێت؟
بەڵام لە کۆنگرێسی ئەمەریکا یەکێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکان، سیناتۆر بیل هاگەرتی لە ویلایەتی تێنسی و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی دەیەوێت ستراتیژیەکی یەکلاکەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتی بایدنەوە ببینێت بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت لە شەڕەکەدا سەربکەوێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیمانگای کیل بۆ ئابووری جیهانی لە ئەڵمانیا، ئەمەریکا گەورەترین دابینکاری هاوکاری سەربازییە بۆ ئۆکرانیا بە کۆی گشتی دۆلار. وڵاتانی دیکەی وەک دانیمارک، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا، نەرویج، فینلاند، هۆڵەندا، بەریتانیا و کۆماری چیک، کە هاوکاری دارایی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن بە بەراورد بە ڕێژەی ئابووری وڵاتەکانیان.