ئاژانسی کەشناسی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی وەرزی هاوینی ئەمساڵ وەک گەرمترین هاوین لە مێژوودا ناو دەبات.
ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە هاوبەشی دەزگای کەشوهەوای کۆپەرنیکی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە 6ی مانگی نۆ ڕایانگەیاند لەوەتای ساڵی 1940 کە تێیدا گرمترین پلەی گەرما تۆمار کراوە، مانگی 6 تا مانگی 8ی ئەمسال گەرمترین مانگەکان بوون.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە شەپۆلی گەرما و کاریگەرییە بەربڵاوەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە، هۆشداریداوە و ڕایگەیاندووە ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست بووە، لە سەرەتای رێگاکەیدایە و دڕێژەی دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تێکڕای پلەی گەرمی جیهان لە سێ مانگی هاوینی ساڵی 2023، 16.77 پلەی سەدی بووە.
پلەی گەرما لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا نزیکەی 1.5 پلەی سەدی گەرمتر بووە لە تێکڕای پلەی گەرمای سەردەمی پێش پیشەسازی و ئەمەش ئەو ئاستەیە کە جیهان هەوڵدەدات تێینەپەڕێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، زەریاکانی جیهان کە زیاتر لە 70%ی ڕووبەری زەوی دەگرنەوە، لەم وەرزەدا پلەی گەرمیان گەیشتووەتە نزیکەی 21 پلەی سەدی کە ئەمەش گەرمترین پلەی گەرمایە کە لە زەریاکاندا تۆمارکراوە.
ئەم ڕاپۆرتە دوای ڕووداوە سروشتییە قورسەکانی نیوەگۆی باکوور بڵاو کرایەوە کە بە هۆی گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی شەپۆلی گەرما، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و وێرانکەرییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی "هێشتا دەتوانین خۆمان لە خراپترین کارەساتەکانی کەشوهەوا بەدوور بگرین" و هۆشداریشیدا لەوەی کە دەبێت دستبەجێ وڵاتەکان لەو پێناوەدا هەنگاو بنێن و نابێت بۆ ساتێکیش هەنگاوەکان دوا بخرێن.
زاناکان پێیان وایە هۆکاری گەرمبوونی هەوا کردەوەکانی مرۆڤە و سووتاندن و بەکارهێنانی خەڵوز، نەوت و گازیان وەک هۆکاری سەرەکی قەیرانی کەشوهەوا ناوبردووە.