Accessibility links

دادگایەکی ئێران بڕیاری سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانییەکی سیاسی خەڵکی بانە دەردەکات 


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی تایبەت بە ناوچە کوردییەکان ڕایدەگەیەنن کە زیندانییەکی سیاسی خەڵکی بانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و هاوکات 3 کەسی دیکە لەو دۆسیەیەدا ڕووبەڕووی سزای زیندانی درێژخایەن بوونەتەوە.


ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو ڕۆژی هەینی، 8 ی مانگی نۆ لە هەواڵێکدا ڕایانگەیاندووە، یوسف ئەحمەدی لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزاکەی لە سێدارەدان دەبێت.

ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت یوسف ئەحمەدی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بەشداریکردن لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕووبەڕووی ئەو سزایە بووەتەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە 3 تۆمەتباری دیکە لەو دۆسیەیەدا بە ناوەکانی محەمەد کەریمی، باسیت کەریمی و محەمەد فەیزی سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە بڕیارەکەی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە ، محەمەد کەریمی بە 25 ساڵ و باسیت کەریمی بە 20 ساڵ و محەمەد فەیزی بە 20 ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکەدا سزادراون.

ئەم چوار کەسەی خەڵکی شاری بانە لە 27ی مانگی چواری ساڵی 2020 لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەو دامەزراوە ئەمنیەتییە لە شاری سنە .

بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆری دەروونی و جەستەیی بوونەتەوە و لە ماوەی سێ ساڵ و چوار مانگی دەستبەسەربوونیاندا، مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر نەبووە.

XS
SM
MD
LG