تەنها 8 ڕۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، تا حزبە کوردییەکانی ئێران لە چەک دابماڵن و لە نێو کامپدا کۆیان بکەنەوە. بەرپرسانی ئەو حزبانە دەڵێن، گوشارەکانی سەریان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.
ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوشارەکانی سەرمان تەواو زیادیکردووە، ئۆردوگاکانمان لە سلێمانی لە ژێر فشاردایەو ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت، دۆخەکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات بێدەنگمان بکەن."
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا، کۆمەڵەو حزبی دیموکرات هێزەکانیان لە ژێر فشاری حکومەتی هەرێم دا لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشاندووەتەوە بۆ ناوچەی بالیسان.
لەوبارەیەوە، ئەمجەد پەناهی دەڵێت،"حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردینەوە لە ناوچە سنورییەکان بکشێینەوە، هێزەکان چۆن و بۆ کوێ ببەین، هێشتا دیار نییە."
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، 19 ی ئەیلول دوا وادەیە بۆ لە چەک داماڵینی حزبە کوردییەکان کە بنکەو بارەگایان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندایە.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەیەوێت چەک بکرێین و 100کم لە سنورەکانی دوور بخرێینەوە، بخرێینە کامپ لە ژێر دەسەڵاتی عێراق و لە ژێر چاودێری یوئێن دا."
ئەو وتیشی،"19 ی ئەیلول ئەو وادەیەی ئێران دایناوە، وادەیەکی زۆر نزیکەو بیانووە، ئێمە ناچینە ژێر باری گوشارەکانی ئێرانەوەو هیچ حزبێکی کوردی پابەند نابێت."
ئەمڕۆ دووشەمە، محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتدا کۆبوویەوە.
سەردانی باڵیۆزی ئێران بۆ هەولێر لەکاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە یاوەری وەفدێکی حزبەکەی لە تارانە، یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکەی هیوا ئەحمەدی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی هەرێمە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران 24 کاتژمێر وەفدی لە هەرێمەو سەرجەم سەردانەکانیش گرێدراون بە دۆسیەی حزبە کوردییەکانەوە. هەڕەشەکانی ئێران جدین، بەڵام لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا لەشکرکێشی ڕوونادات، ڕەنگە بنکەو بارەگاکانیان موشەک باران بکات."
هەروەها وتیشی،"جگە لە بافڵ تاڵەبانی، وەفدێکی پارتیش ماوەیەک لەمەوبەر بە نهێنی ڕۆیشتوونەتە ئێران، سەردانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانە."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، پێشمەرگەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران بنکەو بارەگاکانیان بەجێهێشتووەو ڕۆیشتوونەتە نێو شارەکان، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشی ئێران.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، ڕەتیکردەوە حزبەکەی بنکەو بارەگاکانیان چۆڵکردبێت و ڕایگەیاند،"گەر کۆمەڵەو دیموکرات لەهەندێک جێگە نەمابن، ئەوە خۆپارێزییەو هەنگاوێکی باشە."
بەپێی وتەی خەلیل نادری، پێشتر لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕێگە بە هێرشی زەمینی ئێران نادرێت بۆ سەریان، وتی،"ڕەنگە هاوپەیمانان چاو لە هێرشی موشەکی و درۆن بپۆشن، بەڵام لەشکرکێشی قەبوڵ ناکەن."
ئێران داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبە کوردییەکانی ئێران دەکات، بەشێک لەو سەرکردانە لە هەرێمی کوردستانن و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی هەرێمن. ئەو بەرپرسانە بریتین لە،"مستەفا هجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، حسێن یەزدان پەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر."
ئەمجەد پەناهی، دەڵێت،"ئێمە ئەمنییەتی خۆمان و سەرکردەکانمان توندوتۆڵکردووە."