Accessibility links

11ی سپتێمبەر لە بیرەوەری بەشێک لە کارمەندانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا


هێرشە تێرۆریستییەکانی 11 ی سپتێمبەری ساڵی 2001 ڕۆژێکە هەمیشە لە یادی دەیان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بە تایبەتی لە ئەمەریکا دەمێنێتەوە، بەڵام بیرەوەرییەکان بۆ گروپە جیاجیاکانی کۆمەڵگە جودان.

لەو ڕۆژەدا چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەلایەن شوێنکەوتوانی گروپی توندڕەوی ئیسلامی ئەلقاعیدەوە ڕفێندران. دوو لە فڕۆکەکان خۆیان کێشا بە دوو باڵەخانەکەی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرک، لە کاتێکدا ئەوەی سێهەم دای بە پەنتاگۆندا، وەزارەتی بەرگری، لە نزیک واشنتن. سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەی چوارهەمیش، کە بڕوادەکرێت ئامانجەکەی کۆشکی سپی یان کۆنگرێس بووبێت، دەستیان بەسەر فڕۆکەکەدا گرت و لە کێڵگەیەکی پێنسلڤێنیا کەوتە خوارەوە.

لەمڕۆدا کە یادی 22 ساڵەی ئەو هێرشە تێرۆرستیانەیە لەگەڵ هاوکارانم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی ئەوەم کرد کە چۆن ڕۆژەکەیان بیرە.

بۆ هەندێک لە هاوکارانمان کە لەو کاتەدا تەمەنیان نزیکەی دە ساڵ بووە جیاوازە.

ڕەڤین دۆسکی کە ئەو کات لە شاری ساندیێگۆی کالیفۆرنیا دەژیا، دەڵێت هەمان ڕۆژی ڕووداوەکە پاش نیوەڕۆکەی هەواڵەکەی بیستووە بەڵام لە گرنگی ڕووداوەکە و مەترسییەکان تێنگەیشتووە " لەگەڵ خێزانەکەم پیاسەمان دەکرد، براکەم لە من گەورەترە و ئەوکاتە تازە نامەی تەلەفۆن باو بوو، بیرمە ئەو نامەی لەلایەن هاوڕێیەکییەوە بۆ هات و خەڵکی دوعا و نزایان دەکرد بۆ قوربانییەکان، پاشان ئەو باسی کرد کە هێرشەکە هێرشێکی تیرۆرستی بووە و دواتر لەگەڵ دایکم باسیان دەکرد منیش گوێم لێبوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەمدەزانی وشەی تێرۆرست یانی چی."

ڕەڤین دەڵێت ڕۆژانی پاش ڕووداوەکەش گوێی لێدەبوو کە دایک و باوکی لەگەڵ خەڵکیدا باسیان لە ڕووداوەکە دەکرد بەڵام " من هەرگیز گوێم پێ نەدەدا چونکە لە گەورەیی ڕووداوەکە تێنەدەگیشتم و دایک و باوکیشم نەیان دەهێشت تەماشای دیمەنەکان بکەم لە تەلەفیزیۆنەوە. بۆیە چەندین ساڵ پاش ئەوە لە کاتی یادەوەرییەکاندا زانیم چی ڕوویدابوو."

ڕێکار حسێن کە هاوتەمەنی ڕەڤینە بەڵام ئەو لەوکاتەدا لە ڕانیەی هەرێمی کوردستان ژیاوە، دەڵێت بیرەوەریەکانی ئەو ڕۆژەی لا زۆر کەمن.

ڕێکار دەڵێت "ئەوەی بیرمە بریتییە لە وێنەی تەقینەوەی باڵەخانەیەکی گەورە. ئاگری تەقینەوەکە بە هەر چوار لادا بڵاوبوویەوە. بیرمە دیمەنەکانم لە کەناڵی کۆمەڵ سەیردەکرد. بێژەری کەناڵەکە دەیگوت، 'گەر تێبینی بکەن تەقینەوەکە وێنەی گوڵێک دروستدەکات.'"

لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2016دا، لێکۆڵەران هاوەرد شومن و ئێمی کۆرنینگ لەگەڵ زانکۆی مشیگەن لە پەیمانگای ئاربۆر بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، زانیارییەکانی ڕاپرسییەکانی چەند ساڵەی جەنگی ڤێتنامیان لەگەڵ ئەو پێشبینیانەدا بەراورد کرد کە نەوەی نوێی ئەمەریکا ڕەنگە چۆن بیر لە ڕووداوەکانی 11 ی سپتێمبەر بکەنەوە.

لە توێژەینەوەکەیاندا تیشکیان خستە سەر ئەوەی ئەوانەی لە کاتی ئەو ڕووداوەدا تەمەنیان 10 ساڵ و کەمتر بووە ڕەنگە بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتبێتن و ئێستاش وەکو مێژوویەک لێی بڕوانن چونکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی دەروونی لەسەر خۆیان نییە.

بەڵام بۆ کەسێکی کە تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بووبێت بە شێوەیەکی جیاوازتر بیری لێ دەکەنەوە ئەمە تەنها ڕووداوێکی تربووە لە ژیانیاندا چونکە پێشتر ڕووداو و کارەساتی زیاتریان بیرە.

شایان پاشا کە لەو کاتەدا تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتربووە و بەڕێوەبەری بەش بووە لە بەڕێوەبەرایەتی باجی ناوچەی فێرفاکسی ویلایەتی ڤێرجینیا وەک هەموو ڕۆژێکی ئاسایی خۆی کاتژمێر حەوت لەسەر کاربووە. ئەو دەڵێت هەرگیز ئەو ڕۆژە ترسناکەم بیرناچێتەوە " تەلەفیزیۆنێک لە ژووری بەڕێوەبەرەکەم بوو و ژوورەکەی نزیک ژوورەکەی من بوو. وەکو ڕۆتینێکی ڕۆژانە هەر کە دەگەشتە سەر کار تەلەفیزیۆنەکەی کارپێدەکرد. دەوری کاتژمێر 8:16 خولەک، دەنگی هاوار لە ژوورەکەی هەستا، دەنگی زۆر بەرز بوو، هەموو کارمەندەکان ڕامانکردە ژورەکەی لە ئێمە وابوو ئەو شتێکی بەسەرهاتووە. ئەو بە پێوە وەستابوو سەیری تەلەفزیۆنەکەی ئەکرد و ئێمەش وتمان چێ بووە وەڵامی نەدایەوە تەنها چاوەکانی لەسەر تەلەفزیۆنەکەی زەقبوو. ئێمەش سەیری تەلەفزیۆنەکەمان کرد، بەڕاستی هەموو شۆکبووین. بەتایبەتی من زۆر پەشۆکام بە بینینی ئەو ساتانەی کە فڕۆکەیەک خۆی بە یەکەم باڵەخانەی بازگانی جیهانی لە نیویۆرک کێشا، ئەو سات و چرکانەی بۆردومانەکانی کوردستانم بیرکەوتەوە! لە خەیاڵی کێدا بوو لە ئارامترین وڵاتی دونیاش هەر تیرۆر هەبێت و زەفەر بە بێ تاوانەکان ببات."

شایان وەکو دایکێکیش دەیگێڕێتەوە کە هەر پاش نیویۆرک کاتێک فڕۆکەکەی تر خۆی کێشا بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە نزیک واشنتن ئەوەندەی تر نیگەران بوو دەڵێت "منداڵەکانم لە قوتابخانە بوون ئێجگار ترسام و دڵم لایان بوو بۆیە داوامکرد ڕێگەم پێی بدەن کار بەجێبهیڵم. بە پەلە چووم لە قوتابخانە هەڵمگرتن تا ئەگەر شتێکی خراپمان بەسەربێت، هیچ نەبێت پێکەوە بین."

بەڵێن ساڵح کە ئەویش لەو کاتەدا لە سییەکانی تەمەنیدا بوو، بە هەمان شێوە لە دەنگی ئەمەریکا کاری دەکرد دەڵێت سەرەتا کە دیمەکەی بینیوە وایزانیوە فیلمی هۆلیودە " ڕۆژی یازدەی سەپتێمبەری 2001 ڕۆژی سێشەممە بوو، ڕۆژی پشووی خۆم بوو لە کار، وەک هەموو ڕۆژانێکی تری پشووەکانم نزیکەی کاتژمێر 9 لە خەو هەستام و دەستبەجێ ویستم چایەک دەم بکەم، ئیتر تەلەفزیۆنەکەم کردەوە و لە کەناڵی سی ئێن ئێن، دیمەنی نێوەندی جیهانیی بازرگانی نیشاندەدا و فڕۆکەیەک خۆی پێدا کێشاوە و دوکەڵ و ئاگر تێکەڵ بووبوون، منیش لە هزری خۆمدا تەنها ئەوەندەم بە بیردا هات لەبەرخۆوە بڵێم "ماڵتان بەقوڕ گیرێت هۆلیود، ئەمە چییە!!" زۆر پرسیاری سەیر و سەمەرە بە مێشکمدا دەهاتن و دەچوون تا کاتێک بێژەرەکە وتی هێشتا نازانرێت ئەمە هێرشێکی تێرۆریستییە یان نا، باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی داڕمان، لە ناکاو وتی ئەوا ئێستا فڕۆکەیەکی تر خۆی کێشا بە پەنتاگۆندا، هەوڵمدا پەیوەندی بکەم بە کارەوە بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەرنەدەگیرا و تەنانەت هێڵی مۆبایلەکانیش داخران."

بەڵام بەڵێن ئەوەندە نیگەران بوو نەیتوانیبوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە "نازانم چۆن خۆم گۆڕی و بەرەو کار کەوتمە ڕێ، توانیم بگەمە شوێنێک کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر و نیو لە پەنتاگۆنەوە دووربوو، ئیدی نەمتوانی بگەمە سەر کار، چونکە ڕێگەکان داخرابوون، لەناو ئۆتۆمبێلەکەم بووم، هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پێنسلڤێنیام زانی. ڕۆژێکی تا بڵێی بەد بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بە تایبەتی کە بزانیت، تێرۆریستان دەست لە هیچ کەسێک ناپارێزن و هەموو مرۆڤایەتی بە دوژمن دەبینین."

جانی دیلان ئەو کات لە شاری ساندیێگۆی کالیفۆرنیا بووە دەڵێت سەیری تەلەفیزیۆنی کردووە لە پڕێکا بەرنامەکە ڕاوەستاوە و دیمەنەکانی نیویۆرک هاتووەتە سەری ئەوەیش هاوشێوەی بەڵێن بڕوای نەکردووە دەستبەجێ کەناڵەکەی گۆڕیوە تا بزانێت دیمەنەکان ڕاستن یان نا، دەڵێت "دیمەنێکی زۆر ترسناک و باوەڕ پێنەکراو بوو چونکە ئەم جۆرە کار و کردارانە تەنها لە فیلمەکانی هۆلیوود دەبینران. واقم وڕما بوو لەوەی ئایا دەکرێت مرۆڤ کارێکی وا دڕندانە ئەنجام بدات. چونکە هەزاران مناڵ بێ باوک و دایک مانەوە ، هەزاران کچ و کوڕ خوشک و برایان لە دەستدا و هەزارانی تریش دۆست و هاوڕێ و کەسوکاریان لە دەست دا."

لەو ڕۆژەدا 2.977 کەس کوژران لەگەڵ هەر 19 فڕۆکە ڕفێنەرەکانی ئەلقاعیدە.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە هێرشەکانی 11 ی سپتێمبەر زۆرترین کاریگەری بیرەوەری لەسەر ئەوانە دروست کردووە کە لە سەرەتای هەشتاکان هەتا ناوەڕاستی نەوەدەکان لە دایک بوون.

سیروان قچۆ کە لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لە دایکبووە لە کاتی ڕووداوەکە لە عامودەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بووە دەڵێت هەرگیز بیری ناچێتەوە "تازە دەستم کردبوو بە کۆرسێکی زمانی ئینگلیزی و بە ڕێکەوت لە هەمان ڕۆژدا مامۆستاکەمان باسی ژیانی لە ئەمەریکا بۆ دەکردین پاشان لە ناوەڕاستی پۆلەکە پشوومان وەرگرت کاتێک مامۆستا کە هاتەوە بینیمان دەموچاوی زۆر تێک چووبوو و بە شێوەیەک بوو کە هەموو خوێندکارەکان هەستمان پێکرد. مامۆستاکە بە پەشۆکاوەی لێی پرسین دەزانن چی ڕوویداوە؟ ئێمەش هەموومان تەماشای یەکترمان کرد و وتمان نا چی بووە؟ پاشان پێی گوتین هێرش کراوەتە سەر ئەمەریکا! من ئەو کاتە نزیکەی 15 بووم بەڵام ئەو کاتەش گرنگیم بە ڕووداوەکانی جیهان زۆر دەدا و زانیم ڕووداوەکە زۆر مەترسیدارە لە مامۆستام پرسی باشە ئیتر چی ڕوودەدات؟ دەستبەجێ گوتی زۆرشتی جیهان لە ئێستا بە دواوە دەگۆڕدرێت ."

من هێرۆ زەنگەنە، هەست دەکەم 11 ی سپتێمبەری 2001 یەکێک لەو ڕۆژانەیە بە وردی تەواوی ڕۆژەکەم بیرە. یەکەم ساڵی زانکۆم بوو لە زانکۆی گانۆن لە شاری ئێری پێنسلڤێنیا. کەمێک زیاتر لە هەفتەیەک بوو وەرزی یەکەمی خوێندن لە زانکۆ دەستیپێکردبوو. پێش کاتژمێر 8:30ی بەیانی گەیشتمە زانکۆ دەستبەجێ چوومە یەکەم وانە کە 8:30 دەستیپێدەکرد، زۆرچاوەڕوان بووم کەس نەهاتە پۆلەکەوە مامۆستاش نەهات. پاشان بینیم لەسەر دەرگاکە نوسرابوو ئەمڕۆ وانە نییە. منیش لە پۆلەکە دەرچووم تا بڕۆم بەرەو ژووری کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی لەوێ سەعی بکەم و چاوەڕوانی وانەی دووهەمم بکەم کە کاتژمێر 10:45 خولەک بوو. بینیم خوێندکارەکان لە هۆڵێکی سەرەکی زانکۆکەدا کۆببونەوە و تەماشی تەلەفیزیۆنیان دەکرد، بەڵام نازانم بۆ زۆرگرنگیم پێنەدا چوومە ژووری کۆمپیوتەر تا نزیک کاتی وانەی دووهەمم بوومەوە و پاشان چوومە وانەی دووهەمم، بینیم ئەویش نەبوو زۆر بەلامەوە سەیربوو. لە بەردەم پۆلەکە بووم یەکێک لە مامۆستاکانم بینی پێی وتم "بۆ هێشتا لێرەی؟" منیش پرسیم بۆ دەبێ لە کوێ بم؟ وت" ئاخر تەنها ئەو خوێندکارانەی کە لە بەشە ناوخۆییەکان دەژین لێرە ماونەتەوە هەمووی ڕۆشتنەوە بۆ ماڵەوە چونکە نازانین چی تر ڕوودەدات." ئەوجا پێی گوتم کە چی ڕوویداوە. زۆر نیگەران بووم بەشێکی بەهۆی ئەوەش بوو کە مامۆستاکەم پێی گوتم "لە تەلەفیزیۆن بینیومە موسوڵمانەکان خۆشحاڵی دەردەبڕن بەهۆی ئەوەی بەسەرماندا هاتووە."

هەر لە ڕۆژەدا بڕیار بوو وتووێژ بکەم بۆ یەکەم کارم لە ناو زانکۆ، پاشان کە چوومە ئەوێ بینیم ئەو خانمەی کە دەبوو وتووێژەکەم لەگەڵدا بکات دەگریا چونکە کوڕەکەی لە زانکۆی نیویۆرک بوو. ئەوەندەی تر نیگەران بووم تا ئەو ئەندازەیەی چەند ڕۆژێک پاش ڕووداوەکە بە تایبەتی چوومەوە بۆ ئەو ئۆفیسە تا هەواڵی کوڕەکەی بپرسم و پێی گوتم کوڕەکەی سەلامەتە.

ڕەنگە شێوازی بیرەوەرییەکانی ئەو هێرشەی کە لە دوای دووهەم جەنگی جهیانییەوە خوێناویترین هێرشی تیرۆرستی بوو لەناو خاکی ئەمەریکادا، بۆ هەریەکمان جودابێت بە پێی تەمەن و ئەو شوێنەی کە لێی دەژین، بەڵام هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی جیهان لە دوای 11ی نۆی 2001 وە گۆڕا. مێژوویەک دروست بوو بەر لە 11ی سپتێمبەر و دوای 11 سپتێمبەر.

XS
SM
MD
LG