Accessibility links

ئێران فشارەکانی بۆ سەر کوردەکان چڕتر دەکاتەوە و وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت وڵاتەکەی خەریکی گواستنەوەی حزبە کوردییەکانی ئێرانە


لەسروبەندی ساڵیادی گیان لەدستدانی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران، فشارە هەمەلایەنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا دێت زیاتر و چڕتر دەبێتەوە.

بانگهێشتکردنی چالاکوانانی مەدەنی و دەستگیرکردنی کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان و دانانی کامێرا لە شوێنە گشتییەکاندا و هەروەها هاتوچۆ و جووڵەی ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێزەکانی ئاسایش لە نێو شارەکاندا تەنها بەشێکن لەو فشارانەی کە حکومەتی ئێران بۆ ترس و توقاندنی خەڵک و رێگریکردن لە سەرهەڵدانی دوبارەی خۆپیشاندانەکان گرتویەتییە بەر.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە درێژەی دەستبەسەرکردنە بەرفەراوانەکانی خەڵک لە لایەن حکومەتەوە، لانیکەم 7 چالاکوانی کورد لە شارەکانی سەقز و بوکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون، بێ ئەوەی شوێنی دەستبەرسەربوون و هۆکاری دەستگیرییەکەیان ڕاگەیەندرابێت.

بەپێی ئامارێک کە ئەو ڕێکخراوەیە کۆی کردۆتەوە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم 85 کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن ناوەندە ئاسایشییەکانەوە دەستبەسەر کراون.​

هەروەها ڕێکخراوی هەنگاو کۆمەڵێک وێنە و گرتە ڤیدیوی بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بەوەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بەردەوام سەرباز و کەرەستەی قورسی سەربازی بەرەو سنووری مەریوان ڕەوانە دەکات.

ڕێکخراوەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕێگاوبانی نێوان شاری بیجار بۆ دیواندەرەش بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هێزێکی گەورەی سەربازی بەرەو شارەکانی دیواندەرە و سەقز لە جوڵەدان.

هەنگاو دەڵێت لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ئێران بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و توقاندن لە شارەکانی کوردستان دەستیان بە مانۆڕی سەربازی کردووە، لەوانەش لە شاری مەریوان و مەهاباد.

هاوکات سوپای پاسداران جەخت لە هەڕەشەکانی دەکاتەوە بۆ سەر حزبە کوردییەکانی دانیشتووی هەرێم و ڕایگەیاندووە 19ی ئەم مانگە دوا وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئەو وڵاتەیە لەگەڵ عێراقدا سەبارەت بە چەک کردن و گواستنەوەی حزبە کوردییەکان.

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران ڕایگەیاندووە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە،13ی ئەم مانگە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بڕواتە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و پرسی حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێرانیش یەکێک لەو پرسە سەرەکییانە دەبێت کە لە دانیشتنەکانیدا دەخرێتە بەرباس.

هەر لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا نەمساییەکەی لە بەغدا سەردانەکەی بۆ تاران پشتڕاستکردەوە و سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران گوتی "عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و لە گەشتەکەمدا بۆ تاران پێداچوونەوە بە پرسی جێبەجێکردنەکەیدا دەکەم."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕۆژی چوارشەممە لە زاری فواد حسێنەوە ڕایگەیاندووە کە عێراق دەستی کردووە بە گواستنەوەی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە سەر سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران بۆ چەند کەمپێکی دوور لەو سنوورانە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەستیان لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا هەبووە و بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانیانی کردووەتە ئامانجی موشەکەکانی.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، فەواد حسێن ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا ڕایگەیاندووە "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، ڕێوشوێنی پێویست بۆ گواستنەوەی ئەو حزبانە لە ناوچە سنوورییەکان گیراوەتەبەر و بڕیارە لە چەند کەمپێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بکرێن."

هەواڵەکەی ڕۆیتەرز نووسیوێتی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەردانی تاران دەکات.

XS
SM
MD
LG