هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هۆشداریی دا لەوەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و دەڵێت پێویستە پارێزگاری لە مانەوەی بکرێت چونکە "پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە."
پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " قەوارەکە هاتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان و نەمانی هاووڵاتیەکانی، وە دەبینەوە بە هاووڵاتی پلە دوو و پەراوێزخراو، وە دەمانباتەوە ناو کەمپەکان، دەمانکەنەوە بە کارەکتەری نا کاری."
لەم بارودۆخەی هەرێمەکە پێیدا تێپەڕدەبێت، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت،"لەدەستدانی قەوارەی هەرێم لەدەستدانی کوردستانە بەگشتی. پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە."
ئەم لێدوانەنە لە کاتێکدان هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیران بۆتەوە کە دیارترینیان لە ئێستادا بریتییە لە قەیرانی ئابووری بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەلایەن تورکیاوە و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن عێراقەوە.
حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە موچەی مانگی 7 و 8ی فەرمانبەرانی دابین بکات. لە کاتێکدا حکومەت هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پارەی پێویست دەگەڕێنێتەوە، فەرمانبەران هەڕەشەی بایکۆتی کارکردن دەکەن، بە تایبەت مامۆستایان کە پێویستە لەم مانگەوە بۆ دەستپێکی وەرزێکی نوێی خوێندن بگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
سەرەڕای ئەم قەیرانە سەرەکیانە، ناکۆکی یەکێتی و پارتی بەردەوامییان هەیە بەتایبەت لەسەر پرسی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و داهات و بودجەی سلێمانی.
بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین سەرکردە و لایەنەی سیاسی دوای یەکڕیزی نێوماڵی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەڵام ئەنجامەکانی هەوڵەکان تا ئێستا ڕوون نین.
ڕۆژی دووشەممە، 11ی نۆی ،2023 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند،"یەکڕیزی و تەبایی تاکە ڕێگەی تێپەڕاندنی ئاڵەنگاری و مەترسی و سەختیەکان و پاراستنی فیدڕاڵی و ماف و دەستکەوتە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان و هێنانەدی ئێستا و داهاتوویەکی باشترە بۆ گەلی کوردستان."
هاو کات لە ڕابرووشدا لایەنەکانی تر، لە نێوانیان سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، چەندین جار جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان کردۆتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکیەکان، پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکارەکانی ناکۆکی لە ناو کوردا زۆرن، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە چاڵدێرانەوە تا ئێستا یان لە دوای کەوتنی دەوڵەتی ماددەوە تا ئێستاتێدا دروست بووە. لە سایەی لایەنە سیاسیەکانەوە وایلێهاتووە کورد قوربانی و جەللاد لە یەک جیا نەکاتەوە. ڕزگار کەر و داگیر کەر لە یەک جیا نەکاتەوە. ئەم پەرتەوازەییە هۆکارەکەی ئەوەیە کە کورد نەیتوانیوا بگات بە هەموو ئامانجەکانی خۆی."
سەشڵێت، "لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد هۆکاری سەرەکی لە دەستدانی ئەو هەل و دەرفەتانە بووە کە دە بوو خۆی تێدا ببینێتەوە."
بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان و گەمارۆی ئابووری خستنە سەر هەرێم تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا لە مانگی سێی ئەمساڵەوە و لەسەر سکاڵای عێراق ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە.
لە کەرکوکیش بارودۆخی کورد ئاڵۆزە. ڕۆژی 2ی ئەم مانگە، چوار خۆپیشاندەری کورد لە شارەکە کوژران و 15 ی تریش بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون. حکومەتی عێراق دەڵێت لەسەر ئەم تەقە کردنە چەند کەسێکی دەستگیر کردووە و بەڵێنی داوە کە تاوانبارانی پشێوییەکە ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویست دەزانێت لایەنەکان ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنن و بەرنامەیەکی هاوبەش دابنێن، بەجۆرێک هیچ لایەنێک نەکەوێتە دەرەوەی پرۆسەکە. وتی، "دەبێت بەرنامەیەکی نیشتمانی دابنرێت بۆ مانەوەی قەوارە و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە حزب و سەرکردە گەورەترە."
دەشڵێت، "دەبێت بە بیڕیکی ورد تر بیری بۆ بکرێتەوە. دەکرێت ئەم دۆخە بکرێتە دەرفەتێکی باش ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەشمان هەبێت، ئێمە بتوانین تەجاوزی ئەو ڕق و کینە و شەڕە بکەین کەلە ڕابردوو کردوومانن و دۆخێکی تازە بهێنینە کایەوە، وە سەرکردایەتیەکی تازە دوست بکەین کە کۆکەرەوە بێت و خەمی ئینسانی کوردی هەبێت و خەمی پاراستنی قەوارەکە و ئابووری نیشتیمانی بێت. مەترسیەکان گەورەن بەڵام دەرفەتی زاڵبوونەوە لە بەرامبەردا زۆر ئاسانە."
لەگەڵ بەردەوامی ئالۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم، هاوکات تورکیا بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی دژ بە پەکەکە لەسەر سنور. ئەمە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕاگوازتنی حزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ناوچەکانی وەک موسڵ.
لەم بارەوە پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند،"بە دەوڵەتانی ناوچەکەمان وتووە، گەر پێتانوابێت سود لە خاکی هەرێم وەرگیراوە بۆ هێرشکردنە سەرتان، ئێوەش کوردستانتان کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەجێندا ئەمنی و سەربازییەکانتان."
پارێزگاری سلێمانی داوادەکات کورد خۆی تێکەڵی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەکات، چونکە وەک خۆی دەڵێت ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جەنگێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و کورد ڕۆڵی سەرەکی نییە تێیدا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، "کورد نابێت ببێتە داش و دەستکەلای هیچ لایەک، دەبێت خۆی بپارێزێت. دەبێت کورد پەند لە سەدەی ڕابردوو وەربگرێت، کە توشی زەرەری گەورەبوو لە نێوان ڕۆم و عەجەم و عوسمانی و سەفەوی."