Accessibility links

ئایندەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟


لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گرفتی نەدانی موچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی باج و نرخی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا، خواست لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون کەمی کردووە. ئەم دۆخە بەشێکی گەورەی کەرتی وەبەرهێنانی لە هەرێمەکە خستووەتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار و هەتا ڕادەیەک نائومێدبەخش.

دەپرسین ئایندەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی ئێستاوە بەرەو کوێ دەڕوات؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی وەبەرهێنان نەکەوێتە بەردەم مەترسی هەرەسهێنان؟
ئاڵۆزی ڕێوشوێنەکانی کڕین و بە کرێدانی یەکەکانی نیشتەجێبوون هەتا چەند کاریگەریان لەسەر ئەم بازاڕە هەیە؟
ئایە شیانی هەیە ئەم دۆخە وەها لە وەبەرهێنەران بکات ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی وڵات بکەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ، ئەم بابەتە تاووتوێ کرا بە میوانداری:
1- عەزیز سەعید ڕەشید، سەرۆکی لقی سلێمانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان.
2- مەلا یاسین، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لقی سلێمانی.
3- هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی .


تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگییەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 1:01:04 0:00

عەزیز سەعید ڕەشید:
"جگە لە قەیرانی ئابوری لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، هاوکات ئەوەی وەها دەکات بڵێین. وەبەرهێنەران ڕووبکەنە دەرەوەی هەرێم و پرۆژەکانیان بۆ دەرەوە ببەن، ئەو ئاسانکارییەی وڵاتانی دەوروبەر و حکومەتی عێراقیە بۆ وەبەرهێنەران، جگە لەوەی کۆمەڵێک ئیمتیاز دەدات بە وەبەرهێنەران، ئێمە زۆر قسەمان لەگەڵ سەروخۆمان کردووە لەسەر ئەو ئاسانکارییانەی حکومەتی عێراق بۆ وەبەرهێنەرییان کردووە، بۆ نمونە بانکێکی دیاریکراو نییە بۆ ئاڵوگۆڕی دۆلار کە ئەمە لە عێراق هەیە لە هەرێم نییە."

"ئێمە کاتێک قسە لەسەر ئەو ئاسانکارییانە دەکەین وەڵامەکە زیاتر بۆ بوونی هەموارنەکردنی یاسای وەبەرهێنان دەکەن، ئێمە لە ئێستاوە کار لەسەر ئەم دۆخەی وەبەرهێنان نەکەین بۆ چارەسەر ئەگەر بەم دۆخەوە بەردەوام بێت من دەڵێم ئایندەی وەبەرهێنان لە کوردستان باش نابێت و دەبێت بە جدی کاری لەسەر بکەین."

"ئێمە بە پلان مۆڵەت دەدەین بە پرۆژەکان، بەڵام کێشەمان ئەو گرفتانەیە کە دێنە ئاراوە، بۆ نمونە کێشەی ئابوری."

"وەبەرهێنەر دەبێت زیاتر لەوە دەستکراوە بێت، دەبێت شتەکانی بەدەست بێت، بەڵام لێرەدا دوو خاڵ هەیە، کە مەرکەزییەتی بڕیاردانە لە پرۆژەکان و حکومەت، هەروەها دۆخی ئابورییە."

"لەوانەیە بۆ کۆمەڵێک پرۆژە ئەو قسەیە ڕاست بێت کە لە پشتی هەندێک لە پرۆژەکان لە هەموو شوێنێک خەڵکی تر هەبن."

"ئەو هەموو باجەی لە ئێستادا لەسەر خەڵک زیادیکردووە بووەتە بارقورسی بەسەر خەڵکەوە."

"دەربارەی بڕیاری بانک بۆ ئەوەی ئەگەری پارەدان بە خەڵک و وەبەرهێنەران بە دیناری عێراقی یا سنووردارکردن لە ڕاکێشانی پارە، ئێمە هەموو کات وتومانە یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نەبوونی سیستمی بانکییە کە بانکێکی تایبەت هەبێت دڵنیایی بداتە وەبەرهێنەران و خەڵکیش کە پرۆژەکان دەکڕن تا بتوانن پارەی لێ ڕابکێشن و دابنێن و وەبەرهێنەرانیش دڵنیابن لە سەرمایەکانیان، من چەند ڕۆژە بە تیلفۆن تکا لەم وەبەرهێن و ئەو وەبەرهێن دەکەم کە ڕەچاوی خەڵک بکەن ، خەڵک لە پێدانی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون زیاتر تووشی بارگرانی نەکەن کە 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار بکڕێت، ئەگەر ئێمە بانکێکی تایبەتمان بۆ وەبەرهێنەران هەبووایە ئێستا ئەو کێشانە دروست نەدەبوون بەدڵنیایی وەبەرهێنەرانیش دڵنیا دەبوون."

مەلا یاسین:
"چەندین خاڵی نەرێنی هەیە بۆ کەوتنی کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە بازاڕی وەبەرهێنان تا ساڵی 2013 باشترین دۆخی هەبوو، وەک دەزانرێت سێکتەری نیشتەجێبوون سێکتەرێکی گرنگە کە ئەم سێکتەرە پاشەکشەی کرد ئیتر هەموو سێکتەرەکانی تر پاشەکشە و کاریگەری نێگەتیڤ بۆ سەر هەموو سێکتەرەکانی تر دروست دەکات. بەهۆی سێکتەری نیشتەجێبونەوە لە ساڵانی ڕابردوو چەندین کارگەی وەبەرهێنان و پیشەسازی و کەلوپەلی خانووبەرە دروست کران، بەداخەوە هیچ پەرۆشیەک نابینم بۆ ئەو پاشەکشەیەی کە هەیە لە کوردستان."

"ئێستا کە لەم بەرنامە قسە دەکەین نزیکەی لە 30% خواست لەسەر وەبەرهێنان و کەرتی نیشثەجێبوون کەمیکردووە، پاشەکشە گەورەکەش لە پارێزگای هەولێرە کە لە 50% خواست لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون کەمیکردووە، لە کاتێکدا ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە 100% زیادیکردووە، لە کاتێکدا کە خستنەڕوو زۆربێت و خواست کەمبێت ئەو قەیرانانە ڕوودەدات کە ساڵی 2008 لە یۆنان ڕوویدا کەرتی وەبەرهێنان و نیشثەجێبون کەوت و قەیرانی ئابوری گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا دواتریش ئەمەریکای گرتەوە، دواتر بەو هەموو بانکە گەورەی ئەوروپا و بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی نەختینە ئنجا پێنج ساڵییان ویست کە بکەونەوە سەر قاچی خۆیان، ئەگەر بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەرتە بکرێت کە بە بەرنامەش مۆڵەت نادرێت کە بەردەوام زیاد دەبێت و حسابیش بۆ بازاڕ ناکرێت کە خواستیان لەسەر نەماوە "

"ئەم مامەڵەکردنەی دامودەزگاکانی حکومەت بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج لە ناو شارەکاندا زەربەی زۆر بەهێزیان لە بازاڕی نیشتەجێبوون داوە، بۆ نمونە لە کاتی کڕین و فرۆشتنی ئەم یەکانە هەتا هاوڵاتییە فەقیرەکانیش کە دەیکڕن لە پاکتاوکردنی ئاو و کارەبا و پارەی قیرانە و چەندین ناوی تر پارە وەردەگرن، جگە لەوەی لە 3% کە دەبێت بیدەن، لە کاتێکدا لە عێراقدا یەک لەسەر پێنجی پارەکە وەردەگرن واتە هەرێم پێنج قات پارە وەردەگرن، ئێ ئەمە وایکردووە کە کڕین و فرۆشتنی ئەم یەکانە کەم بکات لە هەرێم لە کاتێکدا لە بەشەکانی تری عێراق ئەگەر هاووڵاتیەک بچێت یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت یەک لەسەر پێنجی پارەکە دەدات بۆیە هاووڵاتی عەرەب نایەت یەکەی نیشتەجێبون لە هەرێم بکڕێت و پێنج قات زەریبە و باجی جۆرا و جۆر بدات."

"پرۆژەی نیشتەجێبوون لە هەر وڵاتێک بۆ ئابوری وڵاتەکە زۆر گرنگە ئەوەتا دەیبینین تورکیا بڕیایداوە یەک ملیۆن ڕەگەزنامە بەهۆی کڕینی پرۆژەی نیشتەجێبونەوە بدات، یان یۆنان، تەنانەت سعودیە هەر بە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون دەیەوێت سەرمایەی دەرەوە بهێنێتە وڵاتەکەی کە ئیقامەی 99 ساڵ دەدا بە خەڵکی بیانی لە بەرامبەر کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکەی."

"ئەگەر ئەو هۆکارانەی لەم بەرنامە باسی دەکەین کە بوونەتە هۆی وەستانی بازاڕی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنەران ئەوا کارەسات بەڕێوەیە بەدڵنیاییەوە، کارەساتەکەش زۆر بە ئاسانی بە نمونە بیڵێم، ئەوەتا ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کاریگەری دروستکردووە لە هەرێم، ڕاگرتنی بودجە لە بەغدادەوە دەبینین چ کاریگەرییەکی دروستکردووە، وە لەگەڵ ئەوەشدا زۆری مۆڵەتەکانی وەبەرهێنەر، ئەبێت ئیتر دەستەی وەبەرهێنان بە پەلە کۆبوونەوەیەک ڕێکبخات و سەرەڕای باسکردن و چارەسەری وەستانی بازاڕی خانووبەرە دەبێت مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان ڕابگرێن، چونکە هەر مۆڵەت بێ بوونی سەرمایەی وەبەرهێنەر وەک ئەوەی هەندێک پرۆژەمان لە هەولێر بینی کە پرۆژەکان تەواو نەکراون، هەروەها دەبێت باج و ڕسومات بەو شێوازە نەهێڵێت لەسەر هاووڵاتییان ئەوەتا ئێستا عێراق پێمان دەڵێت بە پانزە پارێزگاکەی 600 ملیاری باج هەیە، کەچی هەرێمی کوردستان بە سێ پارێزگاوە زیاتر لە سێسەد ملیاری هەیە."

"ئێمە ئەو پرۆژانەی دەیکەین وەک وەبەرهێن لە 25% بۆ خەڵکی هەژارە ڕاستە کە ئەوەمان پێدەوترێت خەڵکی هەژار سوودی لێنابینێت بەپێی پێویست، خۆ حکومەتیش بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەتان ڕاگەیاند، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لای ئێمە نە پاڵپشتی بانکی هەیە، وە نە حکومەت خۆیشی دەتوانێت پاڵپشتی پرۆژەکە بکات."

"جگە لەوەش لە هەرێمی کوردستاندا پرۆژە هەیە دەبێت شانازی پێوە بکرێت، بەڵام پرۆژە هەیە کواڵتی خراپە، بە جۆرێک دەبێت هەموو ڕۆژێک ئایەتولکورسی بەسەردا بخوێنی بۆ ئەوەی نەک بە بوومەلەرزە بەڵکو بچوکترن ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە یا هەر ڕووداوێکی تر ڕەنگە تووشی بەڵای گەورەبین. ئەو پرۆژانە خەڵکیشی تێدا دەژی، مەعقولە لە 2023 پرۆژەمان دروستکردووە دەبێت بتڵە غاز ببەی بۆ قاتی 23 یان پیلایکانەی دەرچونی نییە."

"ئەگەر بازاڕی خانووبەرە بکەوێت ئەوا بەدڵنیایی تووشی قەیرانی دارایی زیاتر و سەختر دەبین لەوەی ئێستا زیاتر. هەروەها ئەو کارخانە و شتانەی بۆ وەبەرهێنانی ئاسن و چیمەنتۆ دروستمان کردون کاریگەری لەسەر ئەوانیش دەبێت کە ساڵانی تر بازاڕییان لە چاو ئێستا زۆر باشتربوو، جگە لەوەی بێکاری زیاتر دەبێت و کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات. بە ڕاستی ئەم بابەتە بابەتێکی ترە، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان ئەم سیاسەتەی ئێستای ڕابگرێت و سیاسەتی نوێ پەیڕەو بکات."

"خەڵک هەیە خاوەنی هەزار دۆلار نییە کەچی مۆڵەتی وەبەرهێنەری وەرگرتووە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەرانی عێراق لەم ماوەیەدا هاتە پێشانگایەکی وەبەرهێنان لە سلێمانی لە هەموو وەبەرهێنەرەکانی پرسی تەمویلی پرۆژەکانتان بەچی دەکەن هەمووی دەستی برد بۆ گیرفانی خۆی، زۆری پێ سەیربوو، دواتر لە کۆبوونەوە پێی وتین ئێوە زۆر بە هەڵە لە پرۆژەی وەبەرهێنان گەیشتون و ئەم پرۆژانەتان دروستکردووە، باشە ئەگەر خواست لەسەر پرۆژەکان نەما چۆن تەمویکی پرۆژەکە دەکەن؟

"ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت ئەوا بیست ملیار دۆلار لەم هەرێمەدا دەبێتە بەستەڵەک و دەیبەستێت، ئیتر مەگەر خوا ڕەحم بکات لە شوێنێکی ترەوە بایەک بێت ئەو بەستەڵەکە بتوێنێتەوە."

هاوڕێ مەلا ستار:
"ئێمە زیاتر لە دە بۆ بانزە جار سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانمان بانگهێشتی لیژنەکەمان کرد لە پەرلەمان بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەین لەسەر هەمواری یاسای وەبەرهێنان لە هەرێم، بەڵام دیارە بەهۆی بوونی ناکۆکی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی حکومەت کە هەر وەزارەتەی دەیویست دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت لە مۆڵەتی وەبەرهێنان نەیاندەهێڵا پرۆژە یاسای هەمواری یاسای وەبەرهێنان بێتە ناو پەرلەمان، جگە لە بوونی ناکۆکی سیاسیش کە کاریگەری هەبوو."

"پێم وانییە کەوتنی وەبەرهێنان لە هەرێم مەترسییەکی وەها گەورەی لەسەر بێت، ئەسڵەن وەبەرهێنان لە کاتێکدا دروست دەبێت کە حکومەت ناتوانێت کۆمەڵێک ئەرک و خزمەت هەیە بیکات، خۆ وەبەرهێنان هەر پرۆژەی نیشثەجێبوون نییە بەڵکو 14-15 جۆری تری وەبەرهێنان هەیە کە هەر لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێدەدرێت، دواتر پرۆژەی نیشتەجێبون ئایا هاووڵاتی هەژار سوودی لێبینیووە؟"

"وەبەرهێنان باشترین دانپێدانانی سیستمی حکومڕانییە، چونکە ئەوەی لە بواری نیشتەجێبوون دەکرێت کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە نەک هی وەبەرهێنەر، هەر ئێستا کە من قسە دەکەم زیاتر لە 10 ساڵە پرۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوون هەیە کە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکی هەژار حکومەت دروستیکردوون، بەڵام شتی زۆر ئاسانی ماوە کە خەرجی کەمە، بەڵام حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆیان تەواو ناکرێت."

"سەربەخۆی وەبەرهێنەکان، کە وەبەرهێنی سەربەخۆ لای ئێمە نەماوە، هەر هەموویان دەبێت یا دەستییان لە ناو دەستی بەرپرسێکدا بێت یان لەگەڵ سکرتێری بەرپرسێکدا بن ئەمە بۆ سلێمانی و هەولێر و هەموو شوێنێک ڕاستە لەکوردستان."

"زۆر زۆر بە موتڵەقی دەیڵێم، زۆر بە بڕواخۆبونەوە دەیڵێم یەک پرۆژە نییە لە هەرێمی کوردستان کە سیاسیەک یان سکرتێرەکەی بەش و پشکی تێدا نەبێت."

لە بەرامبەردا مەلا یاسین وتی، "ڕاستە بۆ نمونە جاری وا هەیە چوار دۆنم زەوی دەدرێت بە وەبەرهێنەرێک لەبری ئەوەی بەپێی ستاندار دوو سەد یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بکات دێت هەزار یەکەی لەسەر دروست دەکات لەبەر ئەوەی بەشێک لە قازانجەکەی لێوەردەگیرێت."

لە وەڵامی پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ئەوەی ئایا خۆت وەک وەبەرهێنەرێک ئەوەت بەسەرهاتووە بەرپرسێک داوای بەشێک لە قازانجی پڕۆژەیەکت لێبکات؟

مەلا یاسین وتی، "تۆ دەتەوێت بەدەستی خۆم بمنێریت بۆ زیندان یان بە ئیعدامکردنم بدەیت؟

XS
SM
MD
LG