Accessibility links

دەقی نامەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا:  "دڵمان خوێنی لێ دەچۆڕێت"


مەلا مستەفا بارزانی
مەلا مستەفا بارزانی

سایتی ئەل مۆنیتەر ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە نامەیەکی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کردووە کە گوایە بۆ سەرۆک جۆو بایدنی ناردووە. هەرچەندە حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئاسۆ حاجی ، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاریش بابەتەکەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەو نامەیەمان بیردەخاتەوە کە مەلا مستەفا بارزانی لە دوای ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975 بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ناردووە.

مەلا مستەفا نامەکەی لە 10ی سێی 1975 لە ڕێگەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە تارانەوە بۆ هێنری کەیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکا ناردووە .

لە نامەکەدا بارزانی داوای هاوکاری بە پەلەی ئەمەریکا دەکات بۆ شۆڕشی کورد کە بە هۆی ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بە ناوبژی وڵاتی ئەلجەزائر گەمارۆدرابوو.

نامەکە لە لایەن ڕیچارد هێڵمس باڵوێزی ئەمەریکا لە تاران بە نهێنی بۆ هێنری کەیسنجەر نێردراوە و لە ساڵانی دواتر ئاژانسی سی ئای ئەی بڵاویکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەی بارزانییە:

جەنابی بەڕێز دکتۆر هێنری کەیسنجەر

وەزیری دەرەوە

شاری واشنتن

10ی سێی 1975

جەنابی بەڕێز:

ئێمە کە هەمیشە باوەڕمان بە چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و عێراق هەبووە، خۆشحاڵین کە دەبینین ئەم دوو وڵاتە گەیشتوونەتە هەندێک ڕێککەوتن لە جەزائیر. بەڵام دڵمان خوێنی لێ دەچۆڕێت کە دەبینین بەرهەمێکی دەستبەجێی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە لە لەناوبردنی گەلە بێ پشتوپەناکەمان بە شێوەیەکی بێ وێنە لە کاتێکدا ئێران سنووری خۆی داخست و هاوکارییەکانی بۆ ئێمە بە تەواوی ڕاگرت و لە کاتێکدا عێراقییەکان دەستیان بە گەورەترین هێرش کرد تا ئێستا ئەنجامیان دابێت و ئێستا بەردەوامە. بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو و بە بێدەنگی هەموو لایەک لەناو دەچێت. ئێمە هەستدەکەین جەنابی بەڕێز کە ئەمەریکا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە بەرامبەر بە گەلی ئێمە کە خۆی پابەند کردووە بە سیاسەتی وڵاتەکەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە لە جەنابی بەڕێزتان دەپاڕێینەوە کە بە زووترین کات هەنگاو بنێیت لەسەر ئەم دوو بابەتەی خوارەوە.

1- ڕاگرتنی هێرشی عێراق و کردنەوەی ڕێگا بۆ گفتوگۆی نێوان ئێمە و عێراق بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ گەلەکەمان کە لانیکەم کەرامەت پارێز بێت.

2- بەکارهێنانی هەر کاریگەرییەکتان لەگەڵ دۆستانی ئێرانی بۆ هاوکاریکردنی گەلەکەمان لەم ساتە مێژووییە تراژیدی و خەمناکانەدا و لانیکەم بە شێوەیەک کە گەلەکەمان و پێشمەرگە بتوانن هەندێک ژیانکردنیان بپارێزن و لانیکەم چالاکی پارتیزانی لە کوردستانی عێراق ئەنجام بدەن تا کێشەکەمان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گشتیی ئێران و عێراقدا چارەسەر دەکرێن.

جەنابی وەزیر، ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی وەڵامی خێرا و کرداری ئێوەین و دڵنیاین کە ئەمەریکا لەم کاتە گرنگ و سەختانەدا بێباکانە نامێنێتەوە.

هەروەها بە وردی لەسەر ئەم پرسانە یاداشتێکمان بۆ جەنابی ئیمپراتۆری خاوەنشکۆ نووسیوە.

تکایە جەنابی وەزیر، بەرزترین دەربڕینی پێزانین و هیوای باشمان قبوڵ بفەرموو.

مستەفا بارزانی

XS
SM
MD
LG