Accessibility links

دیسان گفتوگۆکان لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور لە تورکیا سەرهەڵدەدەنەوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لە یادی 43 ساڵەی کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلول سەبارەت بە "پێداچوونەوە دەستووری ساڵی 1982 و دەستووری ساڵی 2023 قسەی کرد و داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد دەستوورێکی نوێی مەدەنی ئامادە بکەن".

سەرۆکی تورکیا دەشڵێت "با لە پەرلەمان باسی یاسای بنەڕەتی و مەدەنی نوێ بکەین". ئەگەر ئێوەش بە شێوەیەکی ئەرێنی ئەمە دەبینن، ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوامن دەبین و وەک هاوپەیمانی گەل ئامادەین لەسەر ئەم پرسە هەنگاو بنێین.

شارەزایانی بواری سیاسی بە دوو شێوە لێکدانەوە بۆ لێدوانەکانی ئەردۆغان دەکەن. ئەوانەی لە حکومەتەوە نزیکن، بانگەوازەکەی ئەردۆغان بە ئەرێنی دەبینن و دەڵێن ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەستووری 12ی ئەیلول نەگۆڕدرێت، پێویستە وەڵامێکی ئەرێنی بداتەوە.

بەڵام هەندێک شارەزای دیکە لێدوانەکانی ئەردۆغان لە دڵەوە نابینن و وەک تاکتیک لێکدەدەنەوە.

بێرک ئیسن شارەزای سیاسی پێی وایە ئەردۆغان بە دەستورێکی مەدەنی و دژە دیموکراسی دەیەوێت سیستمی پاوانخوازی خۆی بگەڕێنێتەوە.

ئیسن دەڵێت "سەرۆکی تورکیا دەیەوێت بەردەوام بێت و جێگە و پێگەی کەسایەتی خۆی بەهێزتر بکات". ئاکەپە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتێکی پاوانخوازدا حوکمڕانی تورکیا دەکات. باوەڕناکەم دەستورێکی دیموکراسی لە ژێر دەسەڵاتی ئەم حزبەدا پێکبهێرێت. ئەوان دەیانەوێت بە دەستوورێکی نوێ دۆخی تاکڕەوی بەردەوام بکەن.

گۆڕینی دەستوور پێویستی بە 360 دەنگی پەرلەمان هەیە. پارتی داد و گەشەپێدان زیاتر لە 20 ساڵە لە تورکیا دەسەڵاتی هەیە، بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیووە بە تەنها دەسەڵاتی دەستووری بگۆڕێت .

لە هەڵبژاردنی 14ی مانگی پێنجدا، هاوپەیمانی گەل: 266 ئاکەپە، 50 مەهەپە، 5 پارتی جنۆڤێ ڕەفعەت، کۆی گشتی 321 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا. ئەم ژمارەیە بەس نییە بۆ گۆڕینی دەستوور.

ئیسن ئاماژە بەوە دەکات کە ئەردۆغان بۆ ئەوەی بگاتە ژمارەی پێویست لە هەموارکردنەوەکانی دەستوور، ڕووی لە ئۆپۆزسیۆن کردووە.

"لە هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگی پێنجدا زیاتر لە 30 پەرلەمانتار لە لیستی ئۆپۆزسیۆن هاتنە پەرلەمان". ئەردۆغان چاوی لەسەر ئەو کەسانەیە و دەیەوێت بە هاوکاری ئەوان دەستوورێکی نوێ دەربکات. ئەگەر ئەوان یارمەتیدەر بن، دەتوانرێت دەستوور بگۆڕدرێت”.

تەواوی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گلەیی لە دەستووری ئێستا هەیە، بەڵام هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن بانگەوازەکەی ئەردۆغان بە جددی وەرناگرێت.

جەهەپە ئەم قسانەی ئەردۆغانی بەدڵ نییە و دەڵێ ئەردۆغان دەیەوێت ئەجێندای خۆی بهێنێتە بەرنامەی کار.

جێگری سەرۆکی گروپی جەهەپە لە مەجلیس، گۆخان گونەیدین، ڕایدەگەیەنێت، دوای 3 هەفتە، ئەنجوومەنەکە دەکرێتەوە و یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان دەستورێکی نوێ دەبێت.

دەشڵێت "کاتێک پەرلەمان دەکرێتەوە، دوو ئەجێندای گرنگ هەیە". یەکێکیان ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و ئەوی دیکەیان پرسی دەستوورە. لەم شوێنەدا ئەو پارتانەی کە لە لیستەکانی جەهەپەدا چوونەتە ناو پەرلەمان، وەک پارتی دێڤا، پارتی سەرفرازی، پارتی ئایندە و پارتی دیموکرات هەڵوێستی خۆیان دەخەنە ڕوو. پارتەکانی هاوپەیمانی گەل بە تەنیا بەس نین بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور”.

پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بانگەوازەکەی ئەردۆغان وەک ڕووکەشێک لێکدەداتەوە و هیچ شتێکی بنەڕەتی لە هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور نابینێت.

ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری یەسەپە ڕایگەیاند، ئەوان هەرگیز نابنە ئامرازێک بۆ هەوڵەکانی پێکهێنانی دەستوور.

"ئەگەر بیانەوێت لە هەندێک خاڵی دەستووری ساڵی 1982 هەندێک هەنگاو بنێن، ئێمە پشتیوانی هیچ هەنگاوێک ناکەین".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:29 0:00

XS
SM
MD
LG