Accessibility links

وەفدەکەی حکومەتی هەرێم داوای موچەی 6 مانگی بەقەرز لە عێراق کردووە


دوو سەرچاوەی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە کە شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا دوایان لە حکومەتی عێراق کردووە بڕیاربدات تا کۆتایی ئەمساڵ "بە قەرز" بڕی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەربکات.

سەرچاوەکان وتیان وابڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدات.

سەرچاوەیەکی باڵای بەشدار لە شاندەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی هەرێم داوایکردووە بۆ 6 مانگی کۆتایی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق مانگانە 800 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێم، تا لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا موچەی ئەو 6 مانگەی پێ دابەش بکات وەکو چارەسەرێکی خێرا بۆ دابەشکردنی موچە."

شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتنە بەغدا. شاندەکە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، و پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

شەوی ڕابردوو مەسرور بارزانی دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوو پێشنیاری کورتخایەن و درێژخایەنمان خستووەتەڕوو بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. چارەسەری درێژخایەن پێویستی بە هەمواری هەندێک یاسا هەیە، بەڵام چارەسەری ئێستا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەمەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدرێت."

سەرچاوەیەکی تری باڵای هەرێم کە ناوی پارێزراوە لای دەنگی ئەمەریکا ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردەوە.

بەپێی وتەی دوو سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم، پێشنیاری دووەمی وەفدی حکومەتی هەرێم هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراقبوو. یاساکە بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ڕێژەی خەرجی ڕاستەقینە (فعلی) دەربهێنرێت.

سەرچاوەکەی ئەندام لە شاندی هەرێم وتی، "موچەی موچەخۆران خراوەتە چوارچێوەی پشکە بودجەی هەرێمەوە و خەرجی فعلیش زەرەری گەورەی لێداوین، لەکاتێکدا دۆخەکە بۆ شارەکانی تری عێراق جیاوازە و موچە بەدەرکراوە لە پشک و گرفتە سیاسی و یاساییەکان."

"خەرجی فیعلی" کە سەرچاوەی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی کە دوای لێدەرکردنی هەردوو خەرجییەکانی "سیادی و حاکیمە" دەمێنێتەوە.

خەرجی سیادی بریتین لەو خەرجیانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ دەیانکات، بۆ نمونە وەرگرتنی قەرز لە وڵاتان و کۆمپانیا دەرەکییەکان. خەرجی حاکیمە بۆ ئەو پرسانەیە کە پەیوەستن بە هەموو عێراقەوە، وەکو ئەو پارانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان بۆ کۆبۆنی خۆراک و دابینکردنی دەرمان خەرجدەکرێن.

حکومەتی هەرێم دەڵێت پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق، پشکی بودجەی هەرێم دوای دەرهێنانی هەموو ئەو خەرجیانە دابیندەکرێت کە ئەمە "ستەمێکی گەورەیە."

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لەم بارەوە بە کەناڵی ڕووداوی وتووە، "کاتێک قەرزی دەرەکی لەسەر خەرجییەکانی سیادی دەدەرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش لە دانەوەی بەشدار دەبێت، بەڵام لە وەرگرتنی قەرزە دەرەکییەکان بەشی هەرێمی کوردستان لە 10 تریلیۆنەکە، تەنیا 62 ملیار دینارە، واتا 2٪ یان 3٪ـی قەرزەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام لە دانەوەکەیدا پشکی 12٪ـی بەردەکەوێت کە ئەوە ستەمێکی گەورەیە."

لەبارەی هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان لە بەرامبەر داواکارییەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم، سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "هەستمانکرد هەندێک لە لایەنەکان تێبینییان هەبوو، بەڵام هەمووشیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ناکرێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدرێت."

بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆببێتەوە و بابەتی ناردنی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە دەنگدانەوە. پەسەندکردنی بڕیارەکە پێویستی بە دەنگی 14 وەزیرە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقین تا ئەو پێشنیارانە پەسەند بکات، کە لە کۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و لایەنی عێراقیدا گفتووگۆی لەبارەوە کرا."

ئەگەر حکومەتی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو دەنگیدا لە سەر ڕەوانەکردنی موچەی 6 مانگی موچە خۆرانی هەرێم، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق ڕادەسپێردرێت بۆ ناردنی پارەکە.

دکتۆر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەشبینین بەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو بڕیاری ناردنی 4 تریلیۆن و 800 ملیار دینار بدات بۆ موچەی 6 مانگی موچەخۆرانی هەرێم."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:23 0:00

XS
SM
MD
LG