Accessibility links

بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵ‌دەکرێن


سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە داوای دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی 22 سەرکردەی حزبە کوردییەکان دەکات، لە حاڵەتی ڕادەست نەکردنیشیاندا هۆشداری داوەتە عێراق و هەرێمیش.

سەرچاوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران لەلایەن عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەگەر ئەو 22 سەرکردە کوردەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕادەست نەکرێت، خۆی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرش دەکاتە سەریان."

بە گوتەی سەرچاوەکان بەشێک لە ناوەکان بریتین لە،"مستەفا هیجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر."

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من ئاگاداری وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێم نیم لە بارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانەوە."

ڕۆژی سێشەمە 19 ی مانگی نۆ، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیاریکردبوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، تا حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە چەک دابماڵن.

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، وتی،"هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لە بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە زڕگوێز و کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لە ناو بارەگاکاندا نەماون."

سەرچاوەکە وتیشی،"بەشێک لە ئۆردوگاکان ژن و منداڵیان تێدایە و هەندێکی تریشیان ئۆردوگاکانیان جێهێشتووە، هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە ئۆردوگای حزبە کوردییەکان نەماوە."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، گومانی سووڕانەوەی درۆنی ئێرانی بەسەر ناوچەی زڕگوێز و کۆیە دەکرێت، بۆیە بەشێک لەو خێزانانەی لە ناو ئۆردۆگاکاندا مابوونەوە، ئەوانیش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.

ڕۆژی دووشەمە، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ لە نزیکەوە چاودێریکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی بەرامبەر حزبە کوردییەکان گیراونەتە بەر، سەردانی شاری هەولێری کرد.

کۆنترۆڵکردنی بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناوچەی زڕگوێز و کۆیە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی سەربەو دوو پارتە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران کشانەوە.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆ ئەوەی هەرێم تووشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لە سنوور کشاندووەتەوە، بارەگاکانیشمان تەنها خەڵکی سڤیلی تێدایە."

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا، چیتر ڕێگە بە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چونکە هەرێم لە ژێر فشاری گەورەدایە.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕێوشوێنەکان بەرامبەر حزبە کوردییەکانی ئێران باش بەڕێوەدەچن، چیتر ڕێگە بەو حزبانە نادرێت هێرش بکەنە سەر ئێران و ئێرانیش وەڵامبداتەوە، لەو نێوەندەدا خەڵکی عێراقی بکوژرێت."

هەروەها وتیشی،"ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و هەبوونی بنکەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی دراوسێ لە عێراق بەپێی دەستور ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام ئەنجامدانی کاری سیاسی ئاساییە."

هەرچەندە بارەگاکان لە هێزی چەکداری چۆڵ کراون، بەڵام هەتا ئێستا چۆنیەتی لە چەک داماڵینی ئەو هێزە کوردییانە یەکلایی نەکراوەتە.


XS
SM
MD
LG