سەرۆکی یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە لە ناو حکومەت ئیدانەی هێرشە درۆنیەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکەن.
بە پێی دواین زانیاریەکان لە سەرچاوەیەکی باڵاوە بۆ دەنگی ئەمەریکا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ژمارەی قوربانیەکانی ئەمڕۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بەرزبووەتەوە بۆ 10 کەس، بەڵام بە پێی ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆری کوردستانی سەر بە یەکێتی سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. چەند لایەنێکی فەرمیش ئیدانەی هێرشە درۆنیەکەی ئەمڕۆ دەکەن.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، "لە ئێستادا ژمارەی قوربانیەکان گەشتووەتە 10 کەس."
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکە خانەی عەربەت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (دژە تیرۆری یەکێتی)، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی، ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و هێرشەکەیان بە پێشێلکاری سەروەری خاکی عێراق ناودێرکرد.
دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند " فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون".
دەشڵێت،"بۆ هەموولایەکیشی رووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستیپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕوات."
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت،"بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەكانی دژە تیرۆری كوردستان دەكەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلكردنێكی دیكەی سەروەری خاكی عیراقە كە لەڕێی فرۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەكانی دژە تیرۆر، لە كاتێكدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون" .
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نە سەرۆک و نە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە بارەی هێرشەکەوە هیچیان نەگوتووە.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند،"بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە. ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە."
پارێزگاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکریش لە ڕاگەیاندنێکدا هێرشەکەی ئیدانە کردووە و دەڵێت " بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین؛ کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو، هەموو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری هەولێر هێرشێک کرایە سەر بنکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و ئەندامێکی ئەو پارتە کوژرا. سەرچاوەیەکی کەنەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت هێرشەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە دەمانچە کراوە و دنیز هێڤی کە بەرپرسی ئیدارەیی کەنەکە بووە کوژراوە.
هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی نزیکەی کاتژمێر چواری ئێوارە کرا. ئەو فڕۆکەخانەیە تایبەتە بە فڕۆکەی کشتوکاڵی، بەڵام بەشێکی تریشی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی مەشقی تێدا ئەنجام دەدەن، هێرشەکەش کراوەتە سەر ئەو بەشەی فڕۆکەخانەکە.
بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە ئەنجام دراوە هەرچەندە تورکیا پشتڕاستی نەکردووەتەوە.