Accessibility links

یەکەم ڕۆژی 78هەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان


کۆبوونەوەی 78 هەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت کە 193 وڵات تیایدا ئەندامن، بە سەدان میدیاش ڕاستەوخۆ ئەم رووداوە سیاسیە گرنگە دەگوازنەوە.

ئامادەکارییەکانی میدیاکان بە جۆرێکە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکانیان تەنیوە، بە گشتی هەرچی ئاژانس و کەناڵەکانە شوێنی خۆی گرتووە.

ڕۆژی سێشەممە لەدەسپێکدا وڵاتی بەرازیل وەکو نەریتێک یەکەم وتاری خۆی پێشکەش کرد. وەکو نەریتێک لەوەتاتی دەهەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1955 وە یەکەم وتار لەلایەن وڵاتی بەڕازیلەوە پێشکەش دەکرێت جا گرنگ نییە لە چ ئاستێکدا لەو دانیشتنە نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە بکرێت.

لە کۆبونەوەکەی ئەمساڵدا پاش بەرازیل وتاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەلایەن سەرۆک جۆو بایدن پێشکەش کرا و تیایدا جەختی کردە سەر پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕووسیاو و وتی " ڕووسیا باوەڕی وایە جیهان بێزار دەبێت و ڕێگەی دەدات بەبێ هیچ دەرەنجامێک ئۆکرانیا ئازار بدات. بەڵام ئەمەتان لێدەپرسم: ئەگەر دەستبەرداری بنەمای سەرەکی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بین بۆ ئەوەی دوژمنکارێک ڕازی بکەین، ئایا هیچ وڵاتێکی ئەندام هەست بەو متمانەیە دەکات کە پارێزراون؟ ئەگەر ڕێگە بدەین ئۆکرانیا هەڵبکۆڵرێت، ئایا سەربەخۆیی هیچ وڵاتێک پارێزراوە؟ وەڵامەکە نەخێرە. دەبێت ئەمڕۆ بە ڕووی ئەم دوژمنکارییەدا بوەستین تاوەکو ڕێگری لە دوژمنکارەکانی سبەینێ بیگرین."

هەر ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤڵادیمێر زێلێنسکی وتاری پێشکەش کرد سەبارەت بە پێشهات و دۆخی جەنگەکەی ئۆکرانیا. هەروەها سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەکە وتاری پێشکەش کرد. سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسیش وتاری خۆی پاش نیوەوڕۆی سێشەممە پێشکەش دەکات.

بەپێی راگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشینەی ئامانجیان سەبارەت بەکێشەو گیرو گرفتەکانی گۆڕانی کەشو هەوایە و مەسەلەی برسێتی و هەژاری هەروەها کێشەکانی تەندروستی لە جیهاندا.

لە نێو شوێنی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک پەیکەر بە رەنگی جیا دانراوە وەک ئاماژەیەک بۆ پلانی 15 ساڵی لەمەوپێشی نەتەوەیەکگرتووەکان. کە ئێستا لە نیوەی رێگاکەدان، پلانەکەیان لە ژێر ناوی گەشەپێدانی هەمیشەییدا بوو کە لە ساڵی 2015 دا بەرنامەڕێژیان بۆ کردووە.

ئەم ساڵ نیوەی ئەو ماوەیەیەو لەم کۆبوونەوەیەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پیاچوونەوە دەکرێت بەسەر کۆی ئەو پلانانەی چەند ساڵی رابردوو، تا بزانن چەندی هاتونەتە دی و تا ساڵی 2030 پلانەکانیان بە کوێ دەگات. کۆی بەرنامە رێژیەکانیان کۆمەڵێک بواری گرنگی مرۆیی لە خۆ گرتووە لە نادادیو نایەکسانی و هەژاری و بوارەکانی خوێندن و تەندروسی، هەروەها دۆخی ژینگەو زۆر بواری تر.

نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام بەو چەترە سیاسیە ناوزەدکراوە کە سەرۆکی وڵاتانی ئەندام بۆ ماوەیەکی کورت لەژێر سەیوانێکدا کۆدەبنەوە. زۆر بڕیاری کاریگەری تیا دراوە. زۆرتری بڕیارە کاریگەرەکانیش لە نێوان دانیشتنی روبەڕووی سەرۆکەکاندایە لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوە نێو نەتەوەییەدا.

هەرچەندە ئەمساڵ ئاریشەیەکی زۆری جیهانی لە ئارادایە وەلێ لە ئەندامانی هەمیشەیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ئەمەریکا، چین، رووسیا، بەریتانیا و فەرەنسا، تەنها سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەبوو و وتاریخۆی پێشکەش کرد. ئەو وڵاتانەی تر لە رێگای نوێنەرە دیبلۆماسیەکانیانەوە راو سەرنجی وڵاتەکەیان دەردەبڕن.

هەر وڵاتەو ٢٠ خولەکی هەیە بۆ پێشکەشکردنی وتاری خۆی، هەرچەندە بە کەمی لەو بیست خولەکەدا وتارەکانیان کۆتایی پێ دێنن. درێژترین وتاریش لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتاری فیدیڵ کاسترۆی سەرۆکی پێشووی کوبابووە لە خولی پازدەهەمدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1960 دا کە چوار کاتژمێرو نیوی پێچووە.

XS
SM
MD
LG