دوای چاوەڕوانیەکی زۆری هەڵەبجەییەکان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە وەک 19 هەمین پارێزگای عێراق، ئایندەی دواین بڕیار لەسەر پڕۆژە یاساکە هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە. ئەندامێکی شاری هەڵەبجەش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت لە بەغدا "کەشێکی ناتەندروست" دژ بە هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
ئەگەر چی بڕیاربوو دوێنێ دووشەممە، 18ی ماگی نۆی 2023، دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت، بەڵام بڕگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە هەڵگیرا بۆ دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە. دواتر دانیشتنەکەی ئەمڕۆش بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژە یاساکە ئەنجام نەدرا.
موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک کەس دەیانەوێت ناوی هەندێک شوێنی دیکە بکەنە بیانوو تا ئەم پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ڕابگرن. هاوکات کەشوهەوایەکی نا تەندروست لە بەغدا هەیە؛ هەرچی پەیوەندی بە هەرێمەوە بێت ڕادەوەستن لەسەری. ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون هەر هەڵوێستێکی لەم جۆرە لەسەری ڕادەوەستین، ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە. هەرناوچەیەکی دیکەش کە داوای بە پارێزگاکردن دەکەن ئێمە دژی نین و هەرکاتێک بە ڕێکارەکاندا تێپەڕبوو ئەوا ئێمەش دەنگی پێدەدەین."
موسەنا ئەمین ڕاشیگەیاند، "ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی پرسی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەبەرنامەی کار نەبوو، بۆیە دانیشتنی پەرلەمان نەکرا. هەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەبوون ئەمڕۆ دانیشتن هەبێت و دەنگدان لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە خشتەی کاردا هەبێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ڕەزامەند نەبووە. لەبەر هەرفشارێک لەسەریەتی دانیشتنەکە نەکرا. ڕەنگە سبەینێ چوارشەممە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان بکرێت کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بکرێت و نەکرا، تا ئەم بابەتە یەکلا بکرێتەوە."
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتی کە ئێستا بە پارێزگاکردنی تەلعەفەر لەلایەن شیعەکان و بە پارێزگاکردنی فەلوجە لەلایەن سونەکانەوە لەگەڵ پرسی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە تێکەڵکراوە.
هەوکات ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام فراکسیۆنە کوردیەکان بەتایبەت یەکێتی پارتی ئامادەنەبوون لە دانیشتەکەدا.
ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "نازانرێت لە دانیشتنی سبەینێش بڕگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە یان نیە. زۆرینەی ئەو لایانانەی کە ئێستا دژی پڕۆژە یاساکەن ئەو لایەنانەن کە لە حکومەتدان و هاوپەیمانیان هەیە و هاوپەیمانی یەکێتی و پارتین، پێوێستە ئەوان لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستیان هەبێت."
پەرلەمانتارەکە وتی هەریەک لە دەوڵەتی یاسا و محمد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندام پەرلەمانەکانی نزیک لە حەلبوسی داوایان کردووە کە پرسی دەنگدان لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دوابخرێت.
ئاریان تاوەگۆزی دەڵێت، " نابێت پرسی هەڵەبجە تێکەڵ بە هیچ ناوچەیەکی دیکە بکرێت، لەبەر ئەوەی بە ڕەسمی لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری لەعێراق ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە هەڵەبجە جینوساید کراوە. بریندارەکانی ئێستەش بەدەست چەکی کیمیاویەوە دەناڵێن. ئەگەر گرفتەکە ئەوەبێت کە عێراق لە 18 پارێزگاوە ببێت بە 19 ئەوا پێمان باشە زیاتریش بێت، بۆیە ناکرێت هەڵەبجە تێکەڵ بەهیچ بابەتێکی دیکە بکرێت."
بەپێ دواین ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە کە لە چوار مادە پێکهاتووە و دوو خوێنەوەی بۆکراوە، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە 13ی سێی 2023 بە بڕیاری 23131 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند کراوە و بە نوسراوی 12497 لە 14ی سێی 2023 ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13ی سێی 2014 پاڵپشت بە مادەکانی 141 و 115ی دەستوری عێراق و بە بەڕیاری ژمارە 568 لە 31ی دوازدەی 2023 بڕیاری پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجەی داوە.
دانیشتوانی هەڵەبجە ئێستا 135 هەزار کەسە و ڕووبەرەکەی 1559 کیبۆمەتر چوارگۆشەیە و لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە.