Accessibility links

لە کۆبونەوەی نێوان ئەردۆغان و ناتانیاهۆدا باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە کراوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی سێشەممە لە نیویۆرک لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا کۆبووەوە و ڕایگەیاند "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشتر دەڕوات."

دوای زیاتر لە 10 ساڵی گرژی و ئاڵۆزییەکان، پەیوەندییەکان بە سەردانەکانی ئەم دواییەی شاندی باڵای هەردوو وڵات باشتر بوون، لەوانەش سەردانەکانی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئەنقەرە لە ساڵی ڕابردوودا.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی سێشەممە، هەردوو سەرکردە بڕیاریاندا بەردەوام بن لە پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بواری بازرگانی و بابەتە ئابوورییەکان و وزەدا.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا باس لەوەش کراوە کە، بابەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیش لەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێکراون، لەوانەشدا هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە.

هەرچەندە سعودیە یەکێک نەبوو لەو وڵاتانەی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لە ساڵی 2020 بە دەستپێشخەری ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام قسە و باسەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی نزیک پەرەی سەندووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا،لە ڕۆژی سێشەممە، ئەردۆغان و نەتانیاهۆ هەروەها تاوتوێی "دواین پێشهاتەکانیان سەبارەت بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان" کردووە.

XS
SM
MD
LG