Accessibility links

ئایا ئاڵۆگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران سەرەتایەک دەبێت بۆ رێککەوتنێکی بەرفەراوانتری نێوانیان


سەرۆک کۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە لایەن ئەوروپاییەکان و ئەمەریکاییەکانەوە دەتوانێت ڕێگا بۆ "ڕێککەوتنێکی باش" خۆش بکات.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆتا ڕۆژی گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداری میدیاکانی ئەمەریکا و میدیا بیانییەکان، گوتی "ئەگەر ئەمریکاییەکان ئامادەبن بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان، ئەوە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ پێشکەوتن."

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، سەرۆکی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە درێژەدانی وتووێژەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن دەبێ بەڕاستی نیشان بدات کە خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزەکان.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە 20ی مانگی نۆ ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا قەتەرسەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە جیا لەگەڵ واشنتن و تاران کۆبووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشتریش بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردبووە کە قەتەر، وەک وڵاتێکی دەوڵەمەندی کەنداو کە تەماحی دیپلۆماسی و سیاسی زۆرە، بەنیازە فشار بخاتە سەر ئێران و ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر و گەیشتن بە "لێکتێگەیشتنێک".

هەندێ کەس پێیان وایە ڕێککەوتنی ئاڵۆگۆری زیندانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ ڕێککەوتنێکی فەراوانتری نێوان ئەو دوو وڵاتە. ئاسۆکانی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە تا چەند ڕوونە؟ ئایا هاوسەنگی هێزەکان لە ڕۆژئاوا و ئێران رێگە بە ڕێککەوتنێکی دیکەی ناوکی یان زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی پێشووی نێوان ئێران و زلهیزەکان دەدات؟

دکتور لەیلا مروەتی، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان و شارەزا لە کاروباری ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "لەوەتای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە سەردەمی دانۆڵد ترامپدا تاکو ئیستا، ئاڵۆگۆڕێکی بنەڕەتی لە پەیوەدنییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووەتە ئاراوە، لەوانەش شەڕی ئۆکرانیا کە هاوکێشە سیاسییەکانی لە جیهاندا تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕی" و دەشڵێت "یەکێک لەو پرسانە شەڕی ئۆکرانیا کاریگەری خستەسەری، پرسی زیندووکردنەوەی ڕیککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئێران بوو ، چوونکە پشتیوانی ئێران لە ڕووسیا و ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئەو وڵاتە لە دژی ئۆکرانیا، وایکرد وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هوشیارییەکی زۆرترەوە بەرامبەر بە ئێران هەنگاو هەڵگرن و ئەگەری زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی پێشووشی لاواز کرد."

بەڕێز مروەتی دەڵێت "ئەگەر رێککەوتنێکی ناوکی بێتە ئاراوە، پێدەچێت رێککەوتنێکی جیاوازتر بێت لەوەی پێشوو، ڕێککەوتنێک کە وەک ئەمەریکاییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا باسی دەکەن، رێککەوتنێکی بەهێزتر بێت کە زیاتر بتوانێت چالاکییە شەڕانگێزانەکانی ئێران سنووردار بکات."

حکومەتی بایدن کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی بوو، ماوەیەکی زۆرە دەستی لە هەوڵەکان لەو پێناوەدا هەڵگرتووە و چیدیکە لە ئەولەویەتی بەرنامەکانیدا نەماوە. هۆکاری ئەم پاشەکشەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

دکتور مروەتی دەڵێت جیا لە پرسە نێودەوڵەتییەکانی وەک شەڕی ئۆکراین، هۆکاری دیکەی ئەو پرسە ڕەخنە و ناکۆکی نێوان سیاسەتمەدارانی نێوخۆی ئەمەریکایە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و دەشڵێت جیا لە کۆمارییەکان، تەنانەت هەندێ لە دیموکراتەکانیش دژی ئەو پرسەن.

ئەو پسپۆڕەی کاروباری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "پرسی ناوخۆی ئێرانیش هۆکاری دیکەیە و دوای شۆڕشی ژینا و سەرکوتکردنی دەڕەندانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە لایەن حکومەتەوە، ئاراستەی سیاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕا."

بەرپرسانی ڕۆژئاوا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران گەیشتوەتە ئاستێک کە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا. ئەگەر مەترسی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لە لایەن ئێرانەوە هێندە زۆرە، کەواتە هۆکار چییە کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی، نە پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هەیە و نە بۆ دانوستاندیش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا؟

دکتور مروەتی دەڵێت "هۆکاری هەڵنەگرتنی هەنگاوی کرداری لەدژی ئێران لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و تا ڕادەیەکیش دیموکراتەکانی ئەمەریکا بە پێچەوانەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا، ڕوانگەیەکی ئابووریان هەیە بەرامبەر بە پرسەکان و پێیان وایە دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندییە ئابورییەکانەوە بەر بەچالاکییە خراپەکانی ئێران، لەوانەش چالاکی ناوکی بگرن."

ئەو دەشلیت "ئەو ڕوانگەیەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پێیان وایە لە رێگەی ئابوورییەوە دەتوانن بەر بە ئێران بگرن، ڕوانگەیەکی هەڵەیە، چوونکە بە پێی ئەوەی ئێران سرووشتێکی ئاسایشی هەیە، دەیەوێت وەک کوریای باکور چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت."

خاتوون لەیلا دەڵێت بەو پێیەی کە کۆمارییەکان ڕوانگەیەکی 'ئەمنییەت-تەوەر' بەسەر سیاسەتکردنیادا زاڵە، لە ڕووی ئەمنییەوە بەردەوام ئێران وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی خۆیان دەبینن و هەر بۆیەش ڕەنگە ئەگەر ئەوان لەسەر دەسەڵاتبان، هەنگاوی کرداری زیاتریان دژی ئێران هەڵگرتبا.

دانوستانە ناوکییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە بوژانەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە گەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام لەم دواییانەدا هەردوو وڵات لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور، گەیشتنە ڕێککەوتن و لەسەر بنەمای ئەوەش پێنج هاووڵاتی ئەمەریکا کە لە ئێران زیندانی کرابوون، ڕۆژی دووشەممە، 18ی مانگی نۆ لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی قەتەرەوە تارانیان بەجێهێشت.

XS
SM
MD
LG